"کاتی دامەزراندنی کۆنفیدراڵیزمی ژنانە"

ژیان حسێن، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، سەدەی جینۆساید لە دژی سەدەی ئازادی ژنان دەستیپێکردووە، بۆیە کاتی دامەزراندنی کۆنفیدراڵیزمی ژنانە.

سۆرگول شێخۆ

 

قامیشلۆ- بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لەگەڵ شۆڕشی ژنانی ١٩ی تەمموز و شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" چوونەتە قۆناغی خەباتی هاوبەشەوە، ژیان حسێن، ئەندامی ئەنجومەنی هەماهەنگی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەسەر چۆنیەتی خەبات و بەڕێوەچوونی دانووستانەکان ئاماژەی بەوەدا، "سووریا یەکێکە لە دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی ژنانیش هاوتای هەموو ناوچەکانی دیکەیە".

 

"بە گەڕانەوە بۆ ئەو شوێنەی کە هێزی لەدەستدا، بەرەو یەکڕیزی سەدەی ژن"

ژیان حسێن تیشکی خستە سەر لێدوانەکانی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد سەبارەت بە ژنان، کە دەڵێت "سەدەی بیست و یەک سەدەی ئازادی ژنە" و وتی: لە ڕاستیدا لە کوردستان ژنان سیستمی خۆیان بنیادنا و پێشەنگایەتی شۆڕش و شەڕی سەربازییان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا کرد، توانیان لە بواری دیپلۆماسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری ... و هتددا جێپەنجەیان دیار بکەن، شۆڕشی ڕۆژئاوا مۆری لە مێژوو دا و کاریگەری کردە سەر ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، ئەگەر ئەمڕۆ هەوڵەکانی ژنان بۆ ڕێکخستن و پەیوەندیکردن لەگەڵ ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەبینین، بێگوومان ئەمانە دەستکەوتنی شۆڕشی ژنانە، تا ئەم سەدەیە ببێتە سەدەی ئازادی ژن، بۆ ئەوەش پێویستی بە هاودەنگی ژنان هەیە و هەنگاوی یەکەم بەرەو ئەم یەکێتییە، ئەوەیە کە ژنان بگەڕێنەوە و مێژووەکەیان بخوێننەوە و بزانن لە کوێ هێزیان لەدەستداوە، تا لەوێ بیدۆزنەوە.

 

خەبات و سەرهەڵدانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ژیان حسێن سەبارەت بە ڕاپەڕین و بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: لە عێراق، میسر، لوبنان، فەلەستین تا جەزائیر، لە هەموو شوێنێک قەیران و شەڕ و ململانێ و کوشتن و خوێنڕشتن هەیە و ئەوانەی زیانبەرکەوتوون، ژن و منداڵن، ئەگەر باس لە فەلەستین بکەین، سەرەڕای هێرش و خوێنڕشتن ژنان لە بەرخۆدان و خەباتی خۆیان نەوەستاون. دوای ٢٠ ساڵی گەشاوە، ئەفغانستان جارێکی دیکە بەهۆی تاڵیبانی تاریکپەرستەوە کەوتە دۆخێکی خراپەوە، ئەو جۆرە مەرجانە بەسەر ژناندا دەسەپێنن و هەوڵدەدەن ڕێگری لە خەباتیان بکەن، بەڵام ئەمجارە ژنان بەتەواوەتی تەسلیم نەبوون، ئێستا ژنان لە ناوەڕاستی سەرهەڵداندان و هەوڵدان بۆ گۆڕینی کۆمەڵگەدان، لە ئێران لەژێر ناوی دیسپلینی ئەخلاقیدا، ژینا ئەمینی کوژرا و شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" هەڵگیرسا، کە سەرەتا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دواتر بۆ جیهان بڵاوبووەوە.

 

"پێویستە ژنان پەیوەندی و دانوستانەکانیان بەهێزتر بکەن"

ژیان حسێن بڕیارەکانی لەسێدارەدانی ژنە چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی خستە بەر باس و وتی: زۆر ڕوونە کە دوژمنانی ژنان چەندە لە سەدەی بیست و یەک دەترسن، ئەگەر لەم سەدەیەدا بڕیاری لە سێدارەدانی ژنان بدرێت، نابێت هەموو ڕێکخراو و بزووتنەوەکانی ژنان ئەمە قبوڵ نەکەن. پێویستە ئەمە لەلایەن هەموو ژنانەوە ڕەت بکرێتەوە و دانوستان بەهێزتر بکرێت، بە هۆی ئەو ئەزموونەی کە ژنانی کوردستان و ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژیاون، جیاوازییان نییە لە یەکتر، پێویستە هێز وەرگرین و سوود لە بەرخۆدان و خەباتی یەکتر وەربگرین.

 

هەروەها وتیشی: لەوانەیە لە پەیوەندیکردن لەگەڵ یەکتردا ئاستەنگی هەبێت، چونکە سیستمە دەسەڵاتدارەکان نایانەوێت ژنان پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا ببەستن، یەکێتی ژنان سەرهەڵدانە لە دژی سیستمی دەسەڵات کە مافی ژنان پێشێل دەکەن و دژی ئاشتی و یەکسانی و دادپەروەرییە، بۆیە دەوڵەت ئەوەندە بەربەست دروست دەکات بۆ ئەوەی ژنان یەکتر نەبینن، وەک بەدیلێک پێویستە بتوانین زیاتر گوێ لە یەکتر بگرین لە ڕێگەی بەرنامەکانی ئینتەرنێتەوە، ئەوەی پێویستە بۆ پرۆسەکە، ژنانی کام وڵات پێویستیان بە پشتیوانی هەیە، بۆ ئەوەی بەڕاستی ئەم سەدەیە بکرێتە سەدەی ئازادی ژن و ببێتە بەدیلێک بۆ سیستەمی پیاوسالاری و دەسەڵات، ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری بەدی بهێنرێت، پێویستە پەیوەندییەکانی ژنان پتەوتر بکرێن و زەمینە بۆ کۆنفیدراڵیزمی ژنان ئاوا بکرێت.