"دەوڵەتی تورکیا شۆڕشی ژنان وەک مەترسییەک دەبینێت، بۆیە هێرش دەکات"

پەنجەوین عەلی، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی هاوپەیمانی دیموکراتیکی کۆنگرەی ستار،  گەلی هەرێم لەهەموو پێکهاتەکان هەڵوێستیان هەبووە کە پێکەوە سیستمی خۆبەڕێوەبەری مسۆگەر بکەن.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکە بەردەوامە و لەم دواییانەدا دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلەکانی گەل، لە ئەنجامی هێرشەکاندا شەهید و بریندار هەبوون، بێدەنگی جیهان لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بەردەوامە، تێکۆشانی گەلی ناوچەکەش لە دژی ئەو هێرشانە بەردەوامن.

 

پەنجەوین عەلی، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی هاوپەیمانی دیموکراتیکی کۆنگرەی ستار بۆچوونی خۆی دەربارەی دوایین هێرشەکان و بێدەنگی جیهانی و هەڵوێستی گەل دەربڕی.

 

"ڕۆڵی ژنانی پێشەنگ لەگەڵ شۆڕشدا سەریهەڵداوە"

لە سەرەتای قسەکانیدا، پەنجەوین عەلی باسی شۆڕشی ڕۆژئاوای بە پیشەنگایەتی ژنان کردو وتی: ١٢ ساڵ تێپەڕیوە بەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان. ئەم شۆڕشە بە شێوەیەکی سەرەکی لە وڵاتانی عەرەبییەوە دەستیپێکرد بە ناوی بەهاری گەلان، دۆسیەکەیان گەیشتە سووریا. لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەو سیستمە زاڵەی کە دەسەڵاتی خۆی لە سەرانسەری سووریا دامەزراندبوو، گەل توانیان شۆڕشەکەیان ئەنجام بدەن، لەم شۆڕشەدا پرۆسە هەستیارەکان تێپەڕین کە گۆڕانکاری گەورەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردووە. گەلی ناوچەکە بە هەموو پێکهاتەکان و بە پیشەنگایەتی ژنان شۆڕشیان کرد، ئەم شۆڕشە زۆر گرنگە، ڕۆڵی ژنانی پێشەنگ لەگەڵ شۆڕشدا دەرکەوت ئەو ژنەی کە خۆی ڕێکخستبوو توانی چەتەکانی داعش تێکبشکێنێت.

 

"دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر شۆڕشی ژنان"

پەنجەوین عەلی لەبارەی ڕۆڵی ژنان لە شۆڕش و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە دژی شۆڕشی ژنان وتی: لە سەرەتای شۆڕشەوە تا ئەمڕۆش، دەبینین هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامن، دەوڵەتی تورکیا بە تایبەتی شۆڕشی ژنان دەکاتە ئامانج، چونکە دەزانێت ئەو ژنەی کە خۆی ڕێکدەخات و خۆی بنیاد دەنێت کۆمەڵگەکەی خۆی بەڕێوە دەبات، کۆمەڵگە دامەزراوە، سیستمەکە لە بنیادناندایە، هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە ئێستا لە ژیانێکی هاوبەش و یەکسان دەژین، سیستمی خۆبەڕێوەبەری لەگەڵ شۆڕش دامەزرا و مۆری سەرەکی ئەم سیستمە ژنان بوون، ژنان ڕۆڵی خۆیان گێڕاوە لە سیستمی خۆبەڕێوەبردن، لیژنەکان، ئەنجومەنەکان و هەموو دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری هەروەها توانی خۆی لە بەشی سەربازی، سیاسی و دیپلۆماسیدا پەرەپێبدات، ئەمانە هەموو دەستکەوتەکانی ژنانن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە هۆشیاری نەتەوە-دەوڵەتدا ژنان دەبێت لە ماڵەوە بن، خزمەت بکەن چونکە دەزانن ئەوانەی پێشەنگایەتی کۆمەڵگە دەکەن ژنن. بۆیە دەوڵەتی تورکیا شۆڕشی ژنان وەک مەترسییەک دەبینێت و هێرش دەکاتە سەر شۆڕشی ژنان.

 

"لە هێرشەکەی ٥ی تشرینی یەکەمدا ژێرخانی کۆمەڵگە کرایە ئامانج"

پەنجەوین عەلی تیشکی خستە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ٥ی تشرینی یەکەم لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە ژێرخانی ناوچەکەی کردە ئامانج و وتی: دوای داگیرکردنی عەفرین، گرێ سپی و سەرێکانی، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە زیادیان کرد و دەیانویست بەردەوام بن. بە تایبەتی، دەوڵەتی تورکیا ناوچەکەمان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی گشتی دەبینێت، لە ٥ی تشرینی یەکەم، هێرشێکی دڕندانە لە سنوورەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدرا، بە تایبەتی لەو هێرشانەدا، وەک ساڵی ڕابردوو، ژێرخانی ناوچەکە کرایە ئامانج، گەیشتووین بە قۆناغێکی زۆر گرنگ لەگەڵ دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری، خۆبەڕێوەبەری بناغەی بنەڕەتی خۆی دامەزراندووە و توانی خزمەتی گەلەکەی بکات و توانی بە ئیرادەی گەل و باوەڕی گەل بەرەوپێش بچێت. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دەوڵەتی تورک لە مەترسی دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسیدا بێت، بۆ شکاندنی ئیرادەو باوەڕی گەل، بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێوان پێکهاتەکان، هێرشی دڕندانەیان لە دژی خۆبەڕێوەبەری ئەنجامدا، ئامانجی ئەوەیە گەل ناچار بکات کۆچ بکەن. ئامانجی سەرەکی داگیرکاری تورکیا چۆڵکردنی هەرێمەکەیە لە دانیشتووانە ڕەسەنەکان و جێگرتنەوەی بە کۆچبەری جیاواز.

 

"هێرشە ئاسمانییەکان لاوازیی دەوڵەتی تورک نیشان دەدەن"

پەنجەوین عەلی تیشکی خستە سەر هێرشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەون و وتی: دەوڵەتی تورک هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکە ڕانەگرتووە، بە تایبەتی، دوژمنایەتی دەوڵەتی تورک بەرامبەر گەلی کورد چەندین ساڵە بەردەوامە، هێرشی کردووەتە سەر گەلی کورد، سەردەمی جەنگی تایبەت، سەردەمێک کە لە ڕێگەی سیخوڕەکانەوە هێرشی دەکرد و پێشەنگەکانی کۆمەڵگەی دەکردە ئامانج، بەم دواییانە شێوازی هێرشەکانی گۆڕی و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلەکانی گەل، ئەم هێرشە جارێکی دیکە لاوازی دەوڵەتی تورکیا نیشان دەدات لەوەی کە چۆن لە قەیرانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆیدا ئەزموونی دەکات، هێرش دەکاتە سەر هاوڵاتیان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگە لە دەرەوەی وڵات.

 

"دەبێت دەوڵەتی تورک لەسەر ئەو تاوانانەی ئەنجامی دەدات دادگایی بکرێت"

پەنجەوین عەلی وتیشی: هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکێکی سەربەخۆیە کە هەمووان پێکەوە لەژێر چەتری دیموکراسی و یەکساندا بەڕێوەدەچن. ئەم سیستمە لە جیهاندا وەک نموونەیەک ناسراوە کە هەموو کەسێک دەیەوێت سیستمەکەمان بزانێت، ئەم هێرشانە بە بەرچاوی وڵاتانی نێودەولەتی و دامەزراوە یاساییەکان و ئەوانەی کە ئەرکیان دەنگدانە دژی ئەم هێرشانە ئەنجام دەدرێت، لە کاتێکدا کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچە داگیرکراوەکان، دەبێت بە بەڵگەنامە تۆمار بکرێن و دەوڵەتی تورک دادگایی بکرێت.

 

"لە دژی هێرشەکان یەکێتی گەلان دروست بووە"

پەنجەوین عەلی لە کۆتایی قسەکانیدا هەڵوێستی گەلی بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەم شێوەیە هەڵسەنگاند و وتی: گەلی ناوچەکە لە ماوەی ١٢ ساڵی شۆڕشدا کاریان کردووە و ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەبووە لەو سیستمەی کە دامەزراوە، مندالانی ٧ سال تا کەسانی ٧٠ ساڵ لە سیستمەکەماندا شوێنی خۆیان گرتووە. بە خەبات و بەرخۆدان و تێکۆشانی خۆیان هەڵوێستی خۆیان دەربڕی کە هیچ ژیانێکی دیکە لە دەرەوەی ئەوان لە ناوچەکەدا قبوڵ ناکرێت، خاکەکەی خۆیانە و بەردەوام دەبن لە ژیانیان، بەرهەڵستییەکی گەورە هەبوو بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، بەتایبەتی هەڵوێستی گەلی ناوچەکە کە هاوپەیمانییان لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان پێکهێنا و دژی هێرشەکان بوون..