"باردودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان پێویستی بە بەشداری ژنان هەیە"
بەشێک لە ئەندامانی هاوپەیمانی ژنانی کوردستان داوا دەکەن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ٪٥٠ی کورسییەکان بۆ ژنان بێت و بەهار عەلیش دەڵێت: دۆخی سیاسی هەرێم وایکرد داواکارییەکی وا لە پەرلەمان بکەین.
شیرین ساڵح
سلێمانی- بارودۆخی سیاسی و ناکۆکی هێزە سیاسییەکان لە باشووری کوردستان وای کردووە پێویستی بە بەشداری کردنی ژنان لە سیاسەتدا هەبێت، لەو بارەیەوە هاوپەیمانی ژنانی کوردستان لە ٢ی ئایاردا یاداشتنامەیەکیان پێشکەشی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، کە لە مانگی تشرینی دووەم ئەنجام دەدرێت، ٪٥٠ کورسییەکان بۆ ژنان بێت، بۆ ئەوەی بتوانن گۆڕانکارییەک لە سیاسەتدا ئەنجام بدەن.
"توانای ژنان بۆ سیاسەت وایکرد داوا بکەین ٪٥٠ی کورسییەکانی پەرلەمان بۆ ژنان بن"
بەهار عەلی، سەرۆکی ڕێکخراوی ئێمە و ئەندامی هاوپەیمانی ژنانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ئەزمونی ئێستای کوردستان و توانای ژنان و بەشداری ژمارەیەکی زۆری ژنان لە هەموو بوارەکان سیاسی، فەرهەنگی، ئابوری و چەندین بواری تردا، پێمان دەڵێن پێویستە سوود لەو ئەزموونە زۆرەی ژنان وەربگرین، پێویستە ژنان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا بووونیان هەبێت و پەرلەمانی کوردستانیش یەکێکە لەو ناوەندانەی بڕیارە سەرەکییەکانی تێدا دەردەکرێت، بۆیە ئێمەش ئەو داواکارییەمان بردە لای سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە لە ٪٥٠ی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ژنان بێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، کە لە مانگی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدرێت و ژنانیش مافی خۆیانە بە ڕێژەیەکی باش بەشداری بکەن لە پۆستە سیاسییەکاندا.
"تێکۆشانێکی زۆری دەوێت تا ژنان بڕیاردەری یەکەم بن"
بەهار عەلی ئەوەشی خستەڕوو، داواکارییەکەمان لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە پیشوازییەکی باشی لێکرا و باوەڕی بە بەشداری ژنان هەیە لە کایە سیاسییەکاندا، بەڵام قبوڵکردنی داواکارییەکە دەکەوێتە سەر ڕازیبوونی هەموو پارتە سیاسییەکانی پەرلەمان، وە پێویستە ئێمە و هەموو لانەکان پاڵپشتی ئەو داواکارییە بکەین و باوەڕ بەو پڕۆژە یاساییە بکەین.
وتیشی: ژمارەیەکی زۆری ژنان لە پارتە سیاسییەکاندا بەشدارن و بەشدارییان لە ناوەندی بڕیاردانی حیزبە سیاسییەکانیش لە ٪١٠ دەستپێدەکات تا ٪٤٠، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم بەشداریکردنەی ژنان بە شێوەیەکی ڕاستیە یان بە پێی حیزبە سیاسییەکان دەجوڵێنەوە، چونکە ئەقڵیەتی پیاوسالاری هێشتا زاڵە لە باشووری کوردستان، نەهێشتنی ئەم ئەقڵیەتەش کات و تێکۆشانێکی زۆری ئەوێ تا ژنان لە هێڵی پێشەوەیی بڕیارەکان بن.
"حکومڕانی ٣٢ ساڵی ڕابردوو دەریدەخات ئیتر پێویستە ژنان زیاتر بێنە ناو سیاسەتەوە"
بەهار عەلی ڕوونی کردەوە، زهنیەتی بەڕێوبردنی سیاسەت لە هەرێمی کوردستاندا چەقی بەستووە و خۆی بینیوەتەوە لە ناو گروپێکی بچوکدا، کە بڕیارەکان لەو گروپەوە دەردەچێت و دواتر دەگات بە پیاوان و ئینجا بە ژنان، بەڵام ئەمانە نابنە ڕێگر لە بەردەم بەشداری ژنان لە سیاسەتدا، چونکە ژنی زۆر بەتوانامان هەیە و خەباتیان کردووە، ئەو داواکارییەی ئێستا کردومانە کە ٪٥٠ کورسییەکانی پەرلەمان بدرێت بە ژنان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بارودۆخە سیاسییە و ئەو ناکۆکییەی لە نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، ئەمانە پێمان دەڵێن کە ئیتر پێویستمان بە بەشداری ژنانیش هەیە بۆ سیاسەت، چونکە ٣٢ ساڵی ڕابردوو ئەوەمان پێ دەڵێت. کە دیدگای بەشێکی زۆری ژنان جیاوازە لە پیاوان.
"بەشداری ژنان لە سیاسەتدا گۆڕانکاری گەورە دروستدەکات"
بەهار عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، فکری فێمینیستی ڕەنگیداوەتەوە لەناو ژناندا بۆ بەڕێوەبرد و سیاسەت و هەموو بوارەکانی ژیان و ئەو خواست و بەڕێوەبردنەی لەناو ژناندا هەیە گۆڕانکاری دروستدەکات، ساڵ بە ساڵ ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان لە هەموو بوارەکان و سیاسەتدا زیاد دەکات، کاتی ئەوەیە ژنانیش وەکو پیاوان ئیدارەی ئەم هەرێمە بکەن، ئێمە پێویستمان بە تاقیکردنەوەی ئەزمونەکانی ژنانە لە بواری ئیداری و سەرکردایەتیدا، چونکە ئێستا بارودۆخەکە لەبارترە بۆ بەشداری ژنان و بە باشی خەباتی خۆیان کردووە کەمترین تێوەگلانیان هەبووە لە گەندەڵیدا، هەر وەکو سەرۆکی پەرلەمان وەک ژنێک توانی لە قورسترین کاتدا ئیدارەی پەرلەمان بکات.