پەیمان عیزەدین: بەرژەوەندی ئابوری حزبەکانی باشوور ڕێگەی بۆ داگیرکاران خۆشکردووە

ئازادیخوازان و چالاکوانانی سیاسی دژی بە داگیرکارانی کورد و خاکی کوردستان لە باشووری کوردستان دەکەونە بەر هەڕەشەی تیرۆر، چالاکوانێکیش لەبارەی بێدەنگی دەسەڵات لە ئاست داگیرکاری و تیرۆرەکانەوە دەڵێت: بەرژەوەندی ئابوری حزبەکان بێدەنگی کردوون.

شنیار بایز

 

سلێمانی- داگیرکاری سیاسی، ئابوری، کولتووری و زمان و بۆردومانەکان تا دەگاتە تیرۆرکردنی کەسانی سیاسی و ئازادیخواز لەسەر باشووری کوردستان لە بەردەوامیدایە و هۆکاری سەرەکیش بێدەنگی حکومەت و دەسەڵاتێکە، کە بەرژەوەندی خۆی و دەسەڵاتەکەی خستووەتە پێش پرسی نەتەوەی کورد و نیشتیمان، کلتوور و زمان، بۆیە گڵپۆی سەوزی بۆ داگیرکاران خۆشکردووە.

 

لە ساڵێکدا تیرۆری کەسانی ئازادیخواز و تێکۆشەر لە باشووری کوردستان لەلایەن میتی تورک و بە هاوکاری سیخوڕی و ناوخۆیی گەیشتووەتە ٦ کەس، ئامانجیشیان لەو تیرۆرانە بێدەنگکردنی دەنگی ئازادە، بەتایبەت ژنان، کۆتا تیرۆر لە شاری سلێمانی ناگیهان ئاکارسەل، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بوو، کە بە فەرمی کونسوڵی تورکیا لە هەولێر دانی بەوەدانا کە ئەوان کردە تیرۆرییەکەیان ئەنجامداوە، ئەمەش دەنگدانەوەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا.

 

"دەسەڵاتدارانی باشوور دەستیان لە بۆردومانەکاندا هەیە"

پەیمان عیزەدین، پارێزەر و چالاکوان، دەربارەی بێدەنگی حکومەت بەرامبەر بۆردومان و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێران و تیرۆرکردنی کەسانی سیاسی ئاماژەی بەوەدا، بابەتی بۆردومانکردنی سنورەکانی هەرێمی کوردستان تازە نییە و ماوەی چەندین ساڵە ئەو ناوچە سنورییانە بۆردومان دەکرێت، سەرجەم دەسەڵاتدارانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان نکۆڵی ناکەن لەوەی بۆردومانەکان بێ ئاگاداری حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان نەبووە، دوواین بۆردومانی ڕژێمی ئێران بۆسەر ناوچەکانی "برادۆست، زڕگوێز و کۆیە"، پشتڕاستی ئەوەی کردەوە، بەوەی سەۆک وەزیرانی ئێران چەند ڕۆژێک پێش بۆردومانەکان حکومەت و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانیان ئاگادار کردبووەوە.

 

هەرچەندە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی ئێران لەلایەن حکومەتی هەرێمە ڕێگەپێدانیان بۆکراوە و لە خاکی باشوور جێگیر بوون، بەڵام کاتێک ئێران هەڕەشەی بۆردومانکردنیان دەکات دەسەڵاتداران ئاگادارە، لەکاتێکدا لە ڕووی یاسایشەوە پاراستنیان دەکەوێتە سەرشانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

 

"بەزاندنی سنور لەلایەن داگیرکارانەوە بەزاندنی یاسایە"

لە ڕووی یاساییەوە بەزاندنی سنوری خاکی وڵاتێک لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە ڕێگەپێدراو نییە، بەڵام بەرامبەر سنور بەزاندنەکانی دەوڵەتی تورکیا حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و بێ هەڵوێستن، دەیسەلمێنێت ئەم دوو دەسەڵاتە هاوڕان لەگەڵ جوڵانەوەکانی داگیرکەران، ئەو چالاکوانەش دەڵێت: هەرێمی کوردستان دابەش بووە بەسەر تورکیا و ئێراندا، دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم هەریەکەیان و بوونەتە ژێردەستەی لایەنێکیان".

 

لە درێژەی قسەکانیدا پەیمان عیزەدین ئاماژەی بەوەدا، "بێگومان حکومەتی هەرێم بەرژەوەندی لەگەڵ داگیرکەراندا هەیە، بۆیە ڕێگە بە داگیرکارییەکانیان دەدەن، سەرەکیترین بەرژەوەندیش بەرژەوەندییەکی ئابورییە، جێگەی پرسیارە سی ساڵە حکومەتی هەرێم حکومرانی دەکات و خاوەندی پەرلەمان و یاسای خۆیەتی، بەڵام کاریگەری نییە، ئەمەش دەیسەلمێنێت حکومەتی هەرێم بازرگانی دەکات لەگەڵ ئێران و تورکیادا".

 

"هەرێمی کوردستان نەبووەتە پاڵپشتی هاوڵاتی و هاوزمانەکانی"

پەیمان عیزەدین باس لەوەدەکات کە باشووری کوردستان سەرەڕای بوونی دەسەڵاتێکی کوردی سەربەخۆ و کورد کە پێویستە لە خەمی کورددا بێت خزمەت بە ئازادیخوازان و کەسانی سیاسی بکات، بەڵام نەبووەتە پاڵپشتی هاوزمانەکانی و دەڵێت: ئەو دەسەڵاتە سەربەخۆیە نەک بۆ کەسانی سیاسی و ئازادیخواز لە هەر پارچەیەکی دیکەی کوردستانەوە کە ڕوودەکەنە باشوور نەبووەتە پاڵپشت، بەڵکو بۆ هاوڵاتیانی باشوور خۆشی پاڵپش نییە، ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان کە ناتوانێت گیانی ئۆپۆزسیۆنە سیاسییەکانی خۆی و کەسانی ئازادیخواز بپارێزێت، ئەوپەڕی شکستهێنانی حکومڕانییەتی، چونکە نەیتوانییەوە مافی مرۆڤ بپارێزێت.

 

"ناوبانگی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان پەڵەیەکی ڕەشە"

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو چالاکوانە باسی لەوەکرد، دەسەڵات و حکومڕانی هەرێم پەڵەی ڕەشی زۆری پێوەیە، وەک "کپکردنی دەنگی ئازاد، سانسۆرکردنی کاری ڕۆژنامەنووسی، گەندەڵی و کوشتنی ژنان تا دەگاتە کوشتنی ئازادیخوازان و کەسانی سیاسی"، پێشووتر هەوڵی دەدا کارەکانیان پەردەپۆش بکەن بەڵام ئێستا بە ئاشکرا کارەکانیان دەکەن، بۆیە چەندین ڕاپۆرتی نێودەوڵەتی لەسەر نەپاراستنی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا نووسراوە، "هەرێمی کوردستان بێباکە لە پەڵە ڕەشەکانی و هەوڵی باشکردنی نادات. چونکە بەرژەوەندییە ئابورییەکانیان بۆ گرنگترە"

 

لە کۆتایدا تاکە چارەسەر بۆ باشووری کوردستانی بە گەڕاندنەوەی ئیرادە بۆ گەل لە قەڵەمدا و وتی: تاک لە هەرێمی کوردستان ئەو هەستەی لەدەستداوە کە چەند بەتوانایە و چۆن دەتوانن کاریگەری لەسەر دەسەڵات دروستبکەن و بە ڕوویاندا بوەستنەوە بۆیە گەڕانەوەی ئیرادە هەنگاوێکی گرنگە".