"ئەو هێزەی دژی دەسەڵاتداری بەعس شەڕی دەکرد ئەمڕۆ خۆی سەرکوتکارە"

بەهۆی بوونی دەسەڵاتێکی نادیموکراتیک، باشووری کوردستان نەبووەتە جێگای ئازادیخوازان، بە پێچەوانەوە هەمیشە هەوڵی بێدەنگکردن و دەستگیرکردنی ئازادیخوازان دەدرێت بەتایبەت ئەو کەسانەی لەسەر دۆزی کورد دێنە دەنگ و وەستاندنەوە بە ڕووی داگیرکاران ئامانجیانە.

شنیار بایز

 

ناوەندی هەواڵ- هەرچەندە لە دەستوور و یاسای عێراقیدا مافی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادبوون لە بیروباوەڕدا نووسراوەتەوە، بەڵام لە خودی جێبەجێکردندا مافەکان بەرجەستە ناکرێن، ئەو کەسانەی ئازادی رادەربڕین لە بوونی خۆیاندا پەیڕەو دەکەن، ڕووبەڕووی بێدەنگکردن دەبنەوە و دەسەڵات ئازادییەکان بەرتەسک دەکاتەوە، ئەم دۆخەش لەسەر ئەو کەسانەی لەپێناو نیشتمان و تایبەت دۆزی کورد دێنە دەنگ و لە خەمی خاک دان و دژی داگیرکاران و نۆکەران دەنگ هەڵدەبڕن، دەکرێتە ئامانج و بێدەنگ و دەستگیر دەکرێن، هەندێک کاتیش دەگاتە ئاستی بێدەنگ کردن.

 

ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بەرتەسک کراوەتەوە لە پۆستێکی ناو سۆشیاڵ میدیادا، ئەوەش لەژێر چاودێری دەزگا ئەمنییەکان دایە، یاخود خۆپیشاندانی هێمنانە کە ئەگەر بە ویستی دەسەڵات نەڕوات بەڕێوە و بابەتەکە هەزم نەکەن ڕێگریان لێدەکرێت، کەواتە خودی مافی ئازادی ڕادەربڕین نەک جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو هەوڵی ئاستەنگ کردنیشی دەدرێت.

 

"ئەو هێزەی چەندین ساڵ دژی حزبی بەعسی و دەسەڵاتی تۆتالیتار خەباتیان دەکرد ئێستا هەمان سیاسەت بەکاردەهێننەوە"

فایزە فواد، چالاکوانی مەدەنی، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها ئاماژەی بەوەدا ئازادی ڕادەربڕین یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکان کەلە جاڕی گەردوونی مافی مرۆڤدا و لە ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتیەکان باسکراوە، یەکێکە لە بنەماکانی دیموکراسیەت، عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ کۆمەڵێک بانگەشەی کرد کە ئەوەی لە ڕابردوودا لە ژێر سیستمی دەسەڵاتێکی تۆتالیتاریدا بووە، بەڵام پێویستە سیتمی فرە حزبی هەبێت لە نێویاندا ئۆپۆزسیۆن، خودی ئۆپۆزسیۆن بوون دەربڕینی ناڕەزایەتییە بەرامبەر ئەو هەوڵوێستانەی دژ بە مافی مرۆڤ دەکرێت.

 

"دەسەڵاتدارانی عێراق بەداخەوە هەر ڕەخنەیەک بگیرێت یاخود باسی گەندەڵیەک بکرێت دەیخەنە قاڵبێکەوە کە دژی دەستوور و شەریعەت بێت، ئەو هێزەی کە چەندین ساڵ دژی حزبی بەعسی و دەسەڵاتی تۆتالیتار خەباتیان دەکرد لە شاخدا و کەسانی ئازادیخواز بوون، ئێستا هەمان سیاسەت بەکاردەهێننەوە و خۆیان بوونەتە هۆکار بۆ بێدەنگکردنی ئازادیخوازان و پێشێلی مافی مرۆڤ دەکەن".

 

ئەو حزبانەی لە باشووردان بوونەتە ئامرازی بەڕێوەبردنی پیلانی دوژمن

فایزە فواد باسی لەوەکرد، لە ئێستادا نەک تەنها هەوڵی بێدەنگکردنی ئازادیخوازان دەدرێت بەڵکو چەندین ئازادیخواز هەن تەنها لەبەر وروژاندنی بابەتێکی هەستیار ناسنامەی لێسەندراوەتەوە، "بە بیانووی ئەوەی هەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە و لە ژێر دەسەڵاتی چەند دەوڵەتێکی هەرێمیدایە، وەک عێراق و تورکیا، بۆیە سیاسەتی ئەو دەوڵەتانە هاتووەتە ناو هەموو کایەکانی ژیانەوە، یەکێک لەوانە کایەی پەروەردەیە، کە لە بنەڕەتەوە پەکیان خستووە بۆ ئەوەی ئەو خوێندکارانەی دەچنە زانکۆ کەسانی بە ئەزموونیان لێدەرنەچێت و لەناو زانکۆوە شۆڕشێک نەگێڕن، ئەمەش بە هاوکاری حزبەکانی باشوور دەکرێت".

 

فایزە فواد وتیشی: "ماوەیەک لەمەوبەر دەنگە ئازادەکان تیرۆر دەکران، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەنگدانەوەی خراپی بە دوای خۆیدا هێنا سیاسەتی نوێیان بەکارهێنا و لە ئێستادا لە ڕێگەی ئەکاونتە تایبەتییەکانی سۆشیاڵ میدیا چاودێری کەسانی ئازادیخواز دەکەن و هەوڵدەدەن لەو ڕێگەیەوە تایبەتمەندی کەسی نەمێنێت، ئەمەش تەنها بە ئامانجی بێدەنگ کردنی دەنگی کەسانی ئازادیخوازە".

 

هەرێمی کوردستان خاوەنی دەسەڵاتێکی ئازادیخواز نییە وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکەن

ئەو چالاکوانە ڕوونیکردەوە، لە ساڵی ١٩٩١وە ئەو ئازادییەی باس دەکرێت فەراهەم نەبووە، ئەو ئازادییەی بانگەشەیان بۆ دەکرد خستیانە قاڵبی شەڕی براکوژییەوە، کە خودی شەڕی براکوژی لە هەرێمی کوردستان گەورەترین وەڵام بوو بۆ نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین، چونکە حزبە جیاوازەکان دەیانەویست زۆنی خۆیان زاڵبکەن بەسەر زۆنەکەی دیکەدا.

 

لە مانگی حوزەیراندا زیاتر لە ٢٥٠ کەسایەتی کەمپەینێکیان لەبارەی مەترسییەکانی سەر ئازادی ڕادەربڕین ڕاگەیاند و لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوەدا، "لەم چەند مانگەی ڕابردوودا، دیاردەی پێشێلکاری بەرامبەر ئازادیی رادەربڕین، بەجۆرێک لە مەودا و گوڕ و تیندا زیادیکردووە کە  نیگەرانیی لەسەر پاشەڕۆژی وڵات و مافەکانی هاووڵاتییان، بە نێر و مێیانەوە، هێندەی تر  بەرفراوان کردووە".

 

"پێویستە کەسانی ئازادیخواز یەکگرتووانە داوای مافەکانی خۆیان بکەن"

فایزە فواد، بەشدارێکی کەمپەینەکە، پێی باشە هەمیشە کەمپەین بکەن بۆ پشتگیریکردن لە ئازادیخوازان، هەروەها خۆپیشاندانی هێمنانە ئەنجام بدەن وەک هەوڵێستێک دژی هەر کارێکی نابەجێ کە بیانەوێت ئازادی ڕادەربڕین قۆرخ بکەن و پشتیوانی لەیەک بکەن، "ئەگەر کۆمەڵگە کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو بێت، بێگومان دەتوانن مافەکانیان بەدەستبهێنن".

 

"کۆمەڵگەی باشووری کوردستان بەرەو کۆمەڵگەیەکی قبوڵ نەکراو دەچێت"

فایزە فواد، چالاکوانی مەدەنی ئاماژەی بەوەشدا دەسەڵاتداران پێویستە ماوەی جارێک دیبەیت لەگەڵ کەسانی ناو کۆمەڵگەدا ئەنجام بدەن، تێبگەن لە کێشەکانی کۆمەڵگە و ئەو کێشانەی تەنگی بە هاوڵاتیان هەڵچنیوە، بە تایبەت کەسانی بڕیار بەدەست بۆ ئەوەی کێشەکان بەرەو کەمبوونەوە بچێت، هەر وەزارەتێک ئەگەر دوو کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی چارەسەر بکات، کە خاوەن ١٢ وەزارەتین بێگومان کێشەکان بەرەو چارەسەر دەڕۆن.

 

"بێگومان ئەگەر دەسەڵاتداران گوێ بە کێشەکانی ناو کۆمەڵگە بدەن، بەم ڕۆژگارە ژن ناکوژرێت بە بیانووی شەرەف، یاخود خوێندکارێک ناتوانێت بە ئاسانی هێرش بکاتە سەر مامۆستاکانی، وە ئەگەر دەسەڵاتداران بە دەم کێشەی هەرێمەکەیانەوە نەیەن شیرازەی کۆمەڵگە بەرەو تێکچوون دەچێت".

 

لە کۆتایدا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بێن بەدەم داوای ئازادیخوازانەوە و هەوڵی سەرکوتکردنیان نەدەن، چونکە کەسانێکن لەپێناو نەتەوەکەیان هەوڵدەدەن و ئامانجیانە خاکی کوردستان بپارێزن و ڕێگری لە داگیرکاران بگرن.