ژنانی سیاسەتمەداری سوید: کوردان ئەوروپایان لە داعش پاراست دەبێت هێرش بۆ سەریان بوەستێنرێت
ژنانی سیاسەتمەداری سوید دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ناڕەزایەتییان نیشاندا و ئاماژەیان بەوەدا کوردان دژی داعش شەڕیان کرد، بەڵام ئێستا دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر کوردان و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێنە دەنگ.
ناوەندی هەواڵ
ژنانی سیاسەتمەداری سوید بۆ ئاژانسی فورات نیوز دوان و هەڵوێستی خۆیان دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا خستەڕوو، ئاماژەیان بەوەدا کە دەوڵەتی تورکیا بە بیانووی بوونی پەکەکە لە لیستی تیرۆر هێرش دەکاتە سەر کوردان و داوایانکرد کە شەڕەکانی ئەردۆغان بوەستێنرێت.
هانا ڤیکتۆریا مۆرک، ئەندامی پارتی چەپ و ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی ئوپسالا ئاماژەی بەوەداوە دەوڵەتی تورکیا پێچەوانەی یاساکان چەکی کیمیای بەکاردەهێنێت و کورد لە عێراق بۆردومان دەکات، "ئەمە پێشێلکارییە و لە دژی یاسا و مافەکانە، گەلی کورد لە دژی داعش دەجەنگێت. ئیدی نابێت تورکیا وڵاتانی دراوسێی داگیربکات و بیانکوژێت".
مالین بجۆرک، ئەندامی پارتی چەپ و ئەندامی ئەنجومەنی ئەوروپا دەڵێت ڕژێمی ئەردۆغان هێرشێکی ئیمپریالیستی بۆ سەر هەرێمی کوردان ئەنجامدەدات و ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە، بۆ چارەسەری پێویستە هەموو لایەنەکان بە پەکەکەشەوە لەسەر مێزێک چارەسەری بۆ کێشەکە بدۆزنەوە. دەبێت شەڕی ئەردۆغان و ترس و تۆقاندن بوەستێنرێت.
"کوردان ئەوروپایان لە داعش پاراست"
لەلایەکی دیکەوە ئیلۆنا سزاتماری واڵداو، پەرلەمانتاری پارتی چەپ داوای لە حکومەتی سوید کرد، بۆ وەستاندنی داگیرکارییەکانی تورکیا دەست بە جموجوڵ بکات و جیهان بێدەنگ نەبێت لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کوردان، هەروەها لۆرینا دیلگادۆ ڤاراس، پەرلەمانتاری پارتی چەپ تیشکی خستە سەر ئەندامێتیی تورکیا لە ناتۆ و ڕایگەیاند، وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ یاسا نێونەتەوەیەکان پێشێل دەکات. هێرش دەکاتە سەر چەندین ناوەندی کوردی و بە نایاسایی چووەتە ناو خاکی وڵاتێکی ترەوە. ئێمە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر گەلی کورد ئیدانە دەکەین. کاتێک داعش هێرشی کرد گەلی کورد لە بەردەمیاندا ڕاوەستا و بوونە لەمپەر و رێگر لە داعش و ئەوروپایان پاراست، ئێستاش پێویستی بە یەکگرتنی جیهان هەیە بۆ پاراستنی کوردان.
مارتا ئاگوێری، بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی پارتی چەپ باسی لەوەکرد کە دەوڵەتی تورکیا چەندین ساڵە هێرش دەکاتە سەر باشووری کوردستان و چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە، "پێویستە ئەو ڕاپۆرتانە لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی گەریلاکانی پەکەکە بە جدی وەربگیرێت. بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تاوانێکی جەنگییە و مانای پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانە".
جێسیکا کارل کۆڤیست، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی ئۆرێبرۆ لە سوید ڕایگەیاند، پلانی ئەردۆغان بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکی نەژادی و ئیتنیکییە و وتی: "ئێمە شاهیدی ئەوە بووین، کە ٢٠٠ هەزار کەس بەهۆی هێرش و شەڕی داگیرکاریی تورکیاوە هەڵهاتوون و ئاوارە بوون. ئێمە دەزانین ئەردۆغان پلانێکی پاکتاوی نەژادی و ئیتنیکیی هەیە و هەمیشە هێرش دەکاتە سەر کەمینەکان و هاوڵاتیان دەکوژرێن و ئامبولانس و نەخۆشخانەکانیش بۆردومان دەکرێن. هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشوور شەرمەزار دەکەم".