"یەکگرتوویی گەل سەرکەوتنی بەرامبەر بە پلانەکانی شەڕ و فیتنە بەدەستهێناوە"

ئایشە حەسۆ، ئەندامی ئەنجومەنی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە لە حەلەب، هەڵسەنگاندنی بۆ پێشهاتە سیاسییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و وتی: لە سایەی سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک، یەکگرتوویی گەلان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەرکەوتوو بووە

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- ئایشە حەسۆ، ئەندامی ئەنجومەنی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە لە حەلەب هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی ئێستای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پێشهاتە سیاسییەکان، پلان و ڕێککەوتنەکان کرد و وتی: ئەو سیستەمەی لەسەر زەوی هەمیشەیی بێت و دەیەوێت ببێتە چارەسەرێک بۆ دۆخی ئێستا؛ سیستەمی خۆبەڕێوەبەرییە، کە چ لە ڕووی بەرگری لەخۆ و چ لە بنیادنانی سیستەمدا، ئەم پڕۆژەیە بە کردەوەیە. بۆیە لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا قبوڵ ناکرێت، سەرکەوتنی ئەو پرۆژەیە کە لەسەر بنەمای تەبایی و هێز و یەکڕیزی گەل دامەزراوە، ئەمەس بە دڵی زلهێزە هەژموونییەکان نییە، هەر لەبەر ئەوەشە کە ئیدارەی خۆسەر بە تایبەتی لەم دواییانەدا کەوتۆتە بەر هێرش، نەک تەنها هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، بەڵکو هەموو ئەو لایەنانەی کە لە سووریا حکوم دەکەن، هەنگاویان ناوە و دەستیان یەکخستووە دژی سیستەمی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی.

 

"یەکێتی گەلان لە دێرەزوور سەرکەوتنی بەدەستهێنا"

ئایشە حەسۆ دووپاتی کردەوە کە لە سایەی سیستمی دیموکراتیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، یەکڕیزی و پێکەوەیی پێکهاتە ناوچەییەکان لە دێرەزوور سەرکەوتوو بووە و وتی: ئەو ڕووداوانەی لە دێرەزوور ڕوویاندا، دیارترین نموونەی هەوڵدان بۆ دروستکردنی کێشە لە ڕێگەی پیلانگێڕییەوە بوون، بێگومان ئەم پیلانگێڕییە پوچەڵکرایەوە، ئەوەی کە پلانەکەشی پوچەڵکردەوە، ئەو سیستەمە دیموکراتیکەی ئیدارەی خۆسەر بوو کە لەم ناوچانەدا دامەزراوە، کار بە عەقڵێکی دیموکراتیک دەکات، لە لایەکی دیکەوە هێزە سەربازییەکان لەسەر بنەمای بەرگریکردن لە خۆیان کاردەکەن، بۆیە ئەبێ بڵێین لە ڕاستیدا یەکگرتوویی گەل لە دێرەزوور سەرکەوت.

 

"تورکیا بووەتە بەربەست لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا"

ئایشا حەسۆ ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا بە هێرشە بەردەوامەکانی بووەتە بەربەست لەبەردەم چارەسەرکردنی ململانێی سووریا و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت هێرشێکی دیکە بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێبکات، تورکیا پێشتر یان بە ڕێکەوتن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن یان لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆن و هێرشەوە زۆر ناوچەی داگیر کردووە، بۆیە ڕۆڵی دەوڵەتی تورکیا لە قەیرانی سووریادا زۆر نەرێنی بوو، لە ساڵی ٢٠١١ەوە دەوڵەتی تورک هەمیشە ڕۆڵێکی خراپی بینیوە، ڕێگاکانی چارەسەری گرتووە و بێگومان هەمووان دەزانن کە ئامانجەکانی بەدیهێنانی میساقی میللی دەوڵەتی عوسمانییە.

 

"هەموو ڕۆژێک تاوان لە خاکە داگیرکراوەکان ئەنجام دەدرێت"

ئایشە حەسۆ هەروەها سەبارەت بە ڕووداوەکانی ناوچە داگیرکراوەکان وتی: جیاوازی نییە لەگەڵ دۆخی ناوچە داگیرکراوەکان. تاوان و دڕندەیی و گۆڕانکاری دیمۆگرافی لە سەرانسەری خاکە داگیرکراوەکاندا ڕوودەدات. لە هەمان کاتدا هێرشی دڕندانە بۆ سەر زەوی و سروشت و ئاژەڵەکان دەکرێت. بێدەنگییەکی نێودەوڵەتی لەو ناوچانەدا هەیە بەرامبەر بەو داگیرکارییەی کە تورکیا ئەنجامی دەدات. هەندێک جار لەسەر ئەم بابەتە شتێک دەڵێن، بەڵام ئایا ئەمە بەسە؟ بە هۆی بێدەنگی لە دژی سیستەمی دەوڵەتی تورکیا، ئەم تاوان و کردەوانە ڕەوا بووە.

 

ئایشا حەسۆ ڕاشیگەیاند، سەرەڕای ئەو هێرشە دڕندانەیە بۆ سەر ژنانی پێشەنگ بەڵام بەردەوام دەبن لە خەبات و لە کۆتاییدا وتی: لە ڕێگەی فڕۆکەی سیخوڕی بێ سەرنشینەوە پێشەنگەکانی کۆمەڵگە دەکەنە ئامانج و لە پلەی یەکەمدا ژنان دەکەنە ئامانج، لە کوێ ژن هەیە، یەکسانی و دادپەروەری و دیموکراتیک گەشە دەکات، شۆڕشی ژنان ڕێگە دەدات ڕاستی سیستەمی هەژموون بێتە دەرەوە، بۆیە لە دەسەڵاتی ژن دەترسن، وەک چۆن ژنان تا ئێستا ڕاوەستاون و خەبات دەکەن و دەستکەوت و سیستەمەکەیان دەپارێزن، دەتوانن بەرەنگاری هێرشەکان ببنەوە.