"ئازادکردنی ڕێبەر ئۆجالان ئاشتی دێنێتە ئاراوە"

زیندانیکردن و گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کە دوای پیلانگێڕی نیودەوڵەتی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ دەستیپێکرد، بەدەرە لە هەموو یاساکان و ڕووناک مەجیدیش دەڵێت: بە ئازادکردنی ڕێبەر ئۆجالان ئاشتی بەرپا دەبێت.

سلێمانی

 

ئازادی مافی هەموو مرۆڤێکە ئەگەر تاوانێکیشی کردبێت، لە یاسای هیوادا هاتووە ئەگەر کەسێک بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ زیندانی بکرێت و تەمەنی لە ٧٠ ساڵ زیاتر بێت، مافی ئازادکردنی هەیە بە بێ هیچ لێپرسینەوەیەک، بەڵام ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ٢٤ ساڵە زیندانیکراوە لە دورگەی ئیمرالی بە بێ بوونی هیچ تاوانێک، هەموو هەوڵەکانیشی بۆ ئاشتی و ئازادی و نەهێشتنی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتداری و سیستمی سەرمایەداری بووە، ڕووناک مەجید، ئەندامی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان باسی لەوە کرد، کە ڕێبەر ئۆجالان بە هەموو شێوەیەک مافی ئازدابوونی هەیە.

 

"پلانگێڕیەکان دژی گەلی کورد دەکرێت لە کەسایەتی ڕێبەری کور، عەبدوڵا ئۆجالان"

دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەری کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان و لە چوارچێوەی زنجیرە چالاکییەکانی ١٥ی شوباتدا، چالاکی مانگرتنی دوو ڕۆژە ڕاگەیەندرا، لەو بارەیەوە، ڕووناک مەجید وتی: لە سلێمانیەوە تا دورگەی ئیمرالی سڵاو دەنێرم بۆ ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، ئێمە نزیک دەبینەوە لە ١٥ی شوبات، پلانگێڕی نێودەوڵەتی کە لەسەر ڕێبەر ئۆجالان ئەنجامدرا، داگیرکەران لە کەسایەتی ڕێبەر ئۆجالاندا پلانگێڕیان دژی گەلی کورد بە گشتی کرد، ئێمەش وەکو ژنان لە مانگی شوباتدا بە زنجیرەیەک چالاکی دەستمان پێکردووە و مانگرتنی دوو ڕۆژەمان ڕاگەیاند دژی ئەو گۆشەگیرییانەی لەسەر ڕێبەرەکەمان هەیە، بەردەوام دەبین لەسەر چالاکی و ١٥ی شوباتیش ڕێپێوانی جەماوەری ئەنجامدەدەین بۆ ئەوەی ئازادی جەستەیی ڕێبەرەکەمان ببینین، چونکە ئازادکردنی ئەو ئازادکردنی گەلی کوردە.

 

"عەبدوڵا ئۆجالان هێڵی سێیەمی بەکارهێنا کە بەرخۆدانە"

ڕووناک مەجید ئەوەشی خستەڕوو، ڕاستە دەوڵەتی تورکیا بەشدار بوو لە پلانگێڕییەکەدا، بەڵام ئەمە پلانگێڕیەکی نێودەوڵەتی بوو و تەنانەت دەوڵەتە زلهێزەکانیش بەشداربوون لەو پلانگێڕیە بۆ زیندانیکردنی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، زیندانیکردنی ئەو تەنها زیندانیکردنی کەسایەتیەک نییە، بەڵکو زیندانیکردنی فکرێکە، هەر وەک ڕێبەر ئۆجالان خۆی دەڵێت زیندانیکردنی بۆ ئەوە بووە یان خۆی بدات بەدەستەوە یان خۆی بکوژێت، بەڵام ئەو هێڵی سێیەمی بەکارهێنا ئەویش "بەرخۆدانە"، دەشڵێت بەرخۆدان ژیانە و خۆبەدەستەودان مردنە.

 

"دەوڵەتە زلهێزەکان ئازادکردنی ڕێبەر ئۆجالانیان پێ قبوڵ ناکرێت"

ڕووناک مەجید دۆخی گۆشەگیری و زیندان بۆ ڕێبەر ئۆجالان دەخاتەڕوو، "گۆشەگیرییەکان لەسەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە، بەڵام لە ئێستادا چڕتر بووەتەوە، ئەو سزایەی بەسەریدا سەپێنراوە ماوەی ٢٣ مانگە هیچ هەواڵێکی نییە و تەنانەت ڕێکخراوی سی پی تی وەڵامی ڕاست بە گەل و بە پارێزەرەکانی ناداتەوە، هەرچەندە یاسای هیوا هەیە بۆ هەموو مرۆڤێک کە دەڵێت ئەگەر کەسێک ٢٠ ساڵ زیندانی بکرێت و تەمەنی لە ٧٠ ساڵ زیاتر بێت، دەبێت ئازاد بکرێت بەبێ لێپرسینەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ڕێبەی کورد ئازاد نەکراوە و لە زیندانی ئیمرالیە، کە ئێمە دەزانین ئەو زیندانە هەموو جۆرە ئەشکەنجەدانێکی تێدایە بەتایبەتی ئەشکەنجە دروونیەکان، جگە لەوەی لە ڕووی تەندروستییەوە شوێنێکی خراپە، چونکە دورگەیەکی شێدارە".

 

وتیشی: هەرچەندە یاسای هیوا یاسایەکی نیودەوڵەتییە، بەڵام خۆیان پەیڕەوی ناکەن چی بگات بەوەی باسی مافی مرۆڤ بکەن، ئەوانە دوورن لە یاساکانی مافی مرۆڤەوە و ئەو یاسایەی سەپێنراوە بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا، یاسایەکی جیاوازە و سزاکانی لەسەر توندتر دەکەنەوە، چونکە دەزانن بە ئازادکردنی ڕێبەر ئۆجالان ئاشتی و سەقامگیری دێتە ئاراوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بۆیە سیستەمە سەرمایەدارەکان ئەوەیان پێ باش نییە، لەبەر ئەوەی نازانن چۆن چەکەکانیان بەکاربهێنن و لە ڕووی ئابوریەوە قازانج بکەن.