شیرین حەسەن: تەنها گەلانی سوریا دەتوانن ئاڵۆزییەکانی وڵاتەکەیان چارەسەربکەن

ئەندامێکی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە هەرێمی عەفرین ڕایدەگەیەنێت، پەیمانی لۆزان چیتر بەرەو کۆتایی دەچێت و لەبەر ئەوەش هەموو دەوڵەتەکان دەیانەوێت پێگەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت.

شیرین عەلی

 

شەهبا – زیاتر لە ١٠ ساڵە شەڕ و ململانێی گران لە سوریادا بەڕێوەدەچێت، هەتا ئێستاش چارەسەری ئەو دۆخە نەکراوە و دەوڵەتانی ناوچەکە بەپێی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆیان لەپێشینە دادەنێن و تەمەنی ئاڵۆزییەکان درێژ دەکەنەوە، ئەمەش دەریدەخات کە هێزە نێودەوڵەتییەکان نایانەوێت کە چارەسەری بۆ ئاڵۆزییەکان بدۆزنەوە چونکە سود لەوە وەردەگرن لە شەڕ لە ناوچەکەدا هەبێت.

 

شیرین حەسەن، ئەندامی کۆردۆناسیۆنی کۆنگرە ستار لە هەرێمی عەفرین لەبارەی ئاڵۆزییەکانی دۆخی سوریا و کاریگەرییەکانی لەسەر گەلانی سوریا، بە ئاژانسی نوژنهای ڕاگەیاند: ئاڵۆزییەکانی سوریا گەیشتووەتە ئاستی چەقبەستوویی، چونکە هەموو دەوڵەتەکان بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانیان مامەڵە لەگەڵ گەلانی سوریا دەکەن، هەتا ئێستا هیچ چارەسەرییەکی گونجاو نەخراوەتەڕوو بۆ چارەسەرکردنی كێشەکانی سوریا، هەرچەندە چەندین کۆنگرەش بۆ چارەسەرکردنی قەیران سوریا ئەنجامدران، بەڵام لەئاست چاوەڕوانییدا نەبوون.

 

ئەو ئەندامەی کۆردۆناسیۆنی کۆنگرە ستار ئاماژەی بەوەشکرد تاکە پرۆژە کە بتوانێت کێشەکانی کۆمەڵگای خۆی و دەوروبەرەکەشی چارەسەربکات و یەکسانییەکی ڕاست لەنێوان پێکهاتەکاندا بەدیبهێنێت، پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتە، "لەکاتێکدا پەیمانی لۆزان بەرەو کۆتایی دەچێت، هەموو دەوڵەتەکان هەوڵدەدەن پێگەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قاییم بکەن، دەوڵەتی تورکیاش سەرقاڵبوونی جیهانی بە شەڕی ئۆکراین و ڕووسیاوە قۆستووەتەوە بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان".

 

شیرین حەسەن ئەوەشی دووپاتکردەوە، کە بڕیاری بەرخۆدانیانداوە لە کانتۆنی شەهبا "بۆ ئەوەی بە سەربەرزییەوە بگەڕێنەوە بۆ عەفرین و وتی: چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی سوریا پێویستی بە ڕزگارکردنی عەفرین هەیە، ئەگەر گەلانی سوریا ئاڵۆزییەکانی وڵاتەکەیان بەدەستی خۆیان چارەسەر نەکەن، هیچ کەسێک بۆیان چارەسەر ناکات.