ژنانی دەنگدەر: پێویستە کاری سەرەکی پەرلەمان وەدەرنانی داگیرکەر بێت

لە خوێندنگیەکی شاری سلێمانی ٪٢١ دەنگدەرانی بنکەکە بەهۆی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆرەوە نەیانتوانیوە بەشداری دەنگدان بکەن، دەنگدەرێکی ژنیش دەڵێت: وەک جەژن خۆم ئامادە کردبوو، بەڵام چوار جار پەنجەمۆرەکەم نەیخوێندەوە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دوای پێنج جار هەڵوەشاندنەوە و دواخستنی، ڕۆژانی ١٨ و ٢٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، تیایدا ١٣٦ لیست و هەزار و ١٩١ کاندید کێبڕکێی بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمدا دوو میلۆن و ٦٨٣ هەزار و ١٨٢ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو، بە پێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنیش ڕێژەی دەنگدەران گەیشتە ٪٧٢ دەبێت، بە گوێرەی ئەو دەنگانەی جیاکراونەتەوە بەسەر بازنەکاندا، بازنەی هەولێر لە ٪٩٩ی دەنگەکان جیاکراونەتەوە، بازنەی سلێمانی لە ٪٩٧، بازنەی دهۆک لە ٪٩٤، بازنەی هەڵەبجەش لە ٪٩٨.٥ی دەنگەکانی هاوڵاتیان جیاکراونەتەوە، بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان لە بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان بۆ دروست دەبێت.

 

 لە خوێندنگەی (ڕەوشەن بەدرخان)ی کچان لە ٪٢١ ئەو هاوڵاتیانەی بۆ دەنگدان سەردانی بنکەکەیان کرد، بە هۆی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆرەکانیان بێبەش دەبوون لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکەیان.

 

ئەو ژنانەی کە دوێنێ چووبوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان باس لەوە دەکەن، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا، دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

 

"هاوشێوەی جەژن خۆم ئامادەی دەنگدان کرد، بەڵام بەهۆی هەڵەی کۆمسیۆنەوە نەمتوانی دەنگ بدەم"

بەهیە جەمیل، ژنێکی دەنگدەرە و باس لە بێبەشبوون لە مافی دەنگدانی دەکات، کە ئەگەرچی دەنگدان دڵخۆشی بۆ دەهێنێت، بەهیە لە ڕۆژی دەنگداندا هاوشێوەی جەژن خۆی ئامادە دەکات، زیاد لە چەند جارێک سەردانی بنکەی دەنگدان دەکات، بەڵام ناتوانێت دەنگ بدات، سەرەڕای ئەوەی تەواوی ڕێکارەکانی کارتی دەنگدانی ئەنجام داوە، بەڵام لە ڕۆژی دەنگداندا بەهۆکاری نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر نەیتوانی بەشداری دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکات، دەشڵێت: ڕۆژەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بەردەوام بانگەشەم بۆ حزبەکەم دەکرد، ڕۆژی دەنگدان لای من وەک جەژن وایە هاوشێوەی جەژن خۆمان ئامادە کردووە، بەڵام بەداخەوە لە ڕۆژی دەنگداندا چوار جار هاتووم بەڵام نەمتوانی دەنگ بدەم، ئێمە دەمانەوێت لە پێناو پەرلەمانێکی کارا و سەربەخۆ دەنگ بدەین.

 

ئەو دەنگدەرە لە درێژەی بابەتەکەدا جەخت لەسەر خولی شەشەمی پەرلەمان دەکات، ئامانجیان هەبوونی پەرلەمانێکی سەربەخۆ و چالاکە، وتیشی: دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان دەنگدانێکی یەکلاکەرەوە دەبێت، تەواوی کورد ئەرک و پەرپرسیاری دەنگدانیان لە ئەستۆدایە، پێویستە وڵاتانی داگیرکەر دەست نەکێشنە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەردەوامە لە هێرش و داگیرکاریەکانی، زێد و خاکی خۆمان لێ زەوت دەکەن، گەنج و ڕۆڵەی کورد لە سلێمانیدا شەهید دەکەن، بەبێ ئەوەی حکومەتی هەرێم ڕووبەڕوویان بێتەوە، دەشبێت پەرلەمانتاران و هاوڵاتیان یەک هەڵوێست و یەک دەنگ بن هاوشێوەی سەردەمانی شۆڕشی شاخ، لێرە شۆڕش لە شارەکاندا بەرپا بکەین.

 

ئەو دەنگدەرە لە کۆتاییدا پەیامی خۆی بۆ پەرلەمانتارانی خولی شەشەمی هەرێمی کوردستان نارد، وتی: ئەنجامدانی ئەو هێرش و داگیرکاریەکان تەواوی هاوڵاتیانی نیگەران کردووە، پێویستە پەرلەمانتاران لە خولی شەشەمی پەرلەماندا تەواوی هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتانی داگیرکەری هاوشێوەی تورکیا بێت، گەنج و ڕۆڵەی کورد خوێنیان لە پێناو خاکی کوردستاندا داوە، پێویستە نەهێڵن خوێنی شەهیدان بە هەدەر بڕوات، گەنجەکانمان ناوێرن ئازادانە دەنگ هەڵببڕن، کاتێک هەڵوێستمان بەرامبەر داگیرکاری تورکیا دەرببڕین، دەبێت بترسین بە درۆنەکانی تورکیا شەهید نەکرێین، پێویستە پەرلەمانتاران لە پەرلەمان دۆزی گەنجان و کورد بەرەو پێشەوە ببەن.

 

"دەبێت پەرلەمان کاری جدی لەسەر وەدەرنانی دەوڵەتی داگیرکەر لە خاکی هەرێمی کوردستاندا بکات" 

شۆخان ئیبراهیم، ژنێکی دەنگدەرە و ئاماژەی بەوەکرد، دەنگدەران چەندین ساڵە بە ئامانجی ئازادبوونی هاوڵاتیانی کورد لە دەستی داگیرکەرانی دراوسێ هەوڵ دەدەن، بە ئامانجی گۆڕانکاری لە خولی شەشەمی پەرلەمان هاوڵاتیان سەردانی سندوقەکانی دەنگدان دەکەن، دەشڵێت: ئێمەی ژنان بە ئامانجی بەدەستهێنانی مافەکانمان دەنگ دەدەین، دەمانەوێت ژنانی پەرلەمانتار بۆ مافەکانی ئێمەی ژنان دەنگ هەڵببرن، تا چیدیکە ژنان لە هەرێمی کوردستاندا لە ڕێگەی هەمووارکردنەوەی یاساکانەوە بەشخوراو نەبن، ئێمە وەک پشتیوانیەک لە ژنانی بەربژێر دەنگیان پێدەدەین، دەبێت ئەو بەربژێرانەش لە پەرلەماندا پشتیوانی لە ئێمەی ژنان بکەن.

 

لە کۆتاییدا وتیشی: ئێمەی کورد چەندین ساڵە لە ڕێگەی هێرش و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیاوە گەنجەکانمان شەهید دەکرێن، خاکمان بەردەوام لە داگیرکردندایە، ناهێڵن هاوڵاتیان بچنەوە سەر زێدی خۆیان، پێویستە کاری سەرەکی پەرلەمان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وەدەرنانی داگیرکەران بێت، دەمانەوێت لە پەرلەماندا کاری جدی لەسەر وەدەرنانی داگیرکەر لە خاکەکەماندا بکرێت.