شلێر جەمیل: لە گرنگترین کارەکانم بۆ پەرلەمانی داهاتوو گرنگیدانە بە ژنان و گەنجان

شلێر جەمیل، کاندیدی لیستی ١٢٩ لە شاری هەڵەبجە باس لە کار و پڕۆژەکانی بۆ پەرلەمانی داهاتوو دەکات و دەڵێت: کاندیدی ژمارە ٦م، لە گرنگترین کارەکانم بۆ پەرلەمانی داهاتوو، گرنگیدانە بە ژنان و گەنجان.

هەڵەبجە

 

لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ی هەرێمی کوردستاندا سیستمی كۆتای ژنان بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی ١٩٩٢ی هەمواركراو ئاماژە بە دیاریكردنی ڕێژەیەك بۆ ژنان دەكات، كە لە ٣٠٪ كەمتر نەبێت، هەروەها بەشداریی ژنان بە درێژایی پێنج خولی پەرلەمان، بەم شێوەیە بووە؛

 

-لە خولی یەكەمی پەرلەماندا شەش ژن ‌و ٩٩ پیاو پەرلەمانتار بوون. 

-خولی دووەم ٢٧ ژن ‌و ٨٤ پیاو پەرلەمانتار بوون.
-خولی سێیەم ٣٩ ژن ‌و ٧٢ پیاو پەرلەمانتار بوون.
 -خولی چوارەم ٣٤ ژن ‌و ٧٧ پیاو پەرلەمانتار بوون.
 -خولی پێنجەم ٣٤ ژن ‌و ٧٧ پیاو پەرلەمانتاربوون.

 

بڕیارە لە ١٨ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دەنگدانی تایبەت و دوای دوو ڕۆژ، واتە لە ٢٠ـی تشرینی یەکەمدا هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، کە ١٣٦ لیست و هەزار و ١٩١ کاندید ململانێی بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسی پەرلەمان دەکەن، هەروەها دوو ملیۆن و ٨٩٣ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

 

لە هەزار و ١٩١ کاندید، ٨٢٣ کاندیدیان پیاوە و تەنها ٣٦٨ کاندیدیان ژنن، کە بە پێی بازنەکان بەم شێوەیەیە؛

هەولێر، ١١٨ ژن (٢٩.٩%)

سلێمانی، ١٦٢ ژن (٣١.٠٤%)

دهۆک، ٦٦ ژن (٢٩.٢%)

هەڵەبجە، ٢٢ ژن (٤٠.٧%) .

 

شلێر جەمیل یەکەم موختاری ژنە لە هەڵەبجە

شلێر جەمیل، کاندیدی ژمارە ٦ لە لیستی ١٢٩ لە بازنەی هەڵەبجە، یەکەم ژنە لە شاری هەڵەبجە کە لە دوای کۆچی دوای باوکی ڕێچکە دەشكێنێت و دەبێتە موختاری یەکێک لە گەڕەکەکانی شارەکە، لەو بارەیەوە دەڵێت: چوار ساڵە بە خۆبەخشانە بە بێ جیاوازی ئەو کارارنەی کە باوکم نەیتوانی تەواوی بکات، تەواوی دەکەن، ئەگەر متمانەی هاوڵاتیان بەدەستبهێنم ئەوا خزمەت بە کۆمەڵگە دەکەم و گەنجان و ژنان لە پێشینەی کارەکانم دەبێت، ئەویش ڕێکخستەوەی کارەکانی بازرگانی هەڵەبجە و ڕەخساندنی هەلی کار لە پارێزگاکە.

 

ژنانی هەڵەبجە لە بواری بەڕێوەبردندا سەرکەوتوون و هەوڵ دەدەن بیگەیەننە شارەکانی دیکەش

شلێر جەمیل باس لە سەرکەوتووی ژنانی هەڵەبجە دەکات و دەڵێت: ژنانی هەڵەبجە لە سەرجەم سێکتەرەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی پێشەنگ بوون، قایمقام و بەڕێوەبەرەی گشتی شارەوانیەکان و مافی مرۆڤ و گەشتوگوزار ژنن و یەک سێکتەر مابوو، کە موختاری گەڕەک بوو، ئەو ڕێچکەیەشمان شکاند و لە دوای من چەندین کچی تر لە شارەکەماندا بوون بە موختار، ژنانی هەڵەبجە بەردەوام وزەی زۆریان هەیە و هەوڵ دەدەین کارێکی باش بۆ ژنان بکەین.

 

شلێر جەمیل باس لەوەش دەکات، "کار لەسەر یاساکانی توندوتیژی ژنان دەکەین و ئەو چالاکیانەی ژنانی هەڵەبجە هەیانە هەوڵ دەدەن دەبیگوازنەوە بۆ لای ژنانی شارەکانی تر و کارێک بکەین، ژنان وزە و هێز و دەستڕەنگینی خۆیان بەکار بهێنن و بتوانن کۆمەڵگەیەکی بەهێز بەرهەم بهێنن".

 

جێی ئاماژەیە، لە سنوری بازنەی هەڵەبجە ٥٤ کاندید لە لایەنە سیاسیەکان بەربژێرن بۆ پەرلەمانی کوردستان و ٢٢یان ژنن و تەنها یەک ژن سەرۆکی لیستە لەسەر لیستی بزوتنەوەی ئیسلامی.