شەهێن محەمەد: پێویستە هەڵوێستەکان دژی داگیرکاری ڕوون بن

بە پێی ئامارێکی سی پی تی، بەهۆی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی ٣٣ ساڵدا ٨٤٥ هاوڵاتی مەدەنی بە ئامانج گیراون، بەڵام لە ٪٩٣ی قوربانیان قەرەبوو نەکراونەتەوە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، لە ١ی کانوونی دووەمی ١٩٩١، بۆ ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ەوە، بەردەوام باشووری کوردستان بە ئامانج دەگیرێت، بە گوێرەی ئەو ئامارانەی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ خستیەڕوو، لە ماوەی ٣٣ ساڵی ڕابردوودا ٨٤٥ هاوڵاتی مەدەنی بە ئامانج گیراون، لە ناویاندا ٢٤٩ ژن و ٢٣٨ منداڵ کراونەتە ئامانج.

 

لە پارێزگای هەولێر ٢٨٣ هاوڵاتی، پارێزگای سلێمانی ٢١٦ هاوڵاتی، پارێزگای دهۆک ٣٠٦ هاوڵاتی و لە پارێزگای نەینەواش ٤٠ هاوڵاتی مەدەنی بە ئامانج گیراون، ئەنجامدان و بە ئامانج گرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی بە چەندین جۆری چەک ئەنجامدراوە، لە ڕیگەی فڕۆکە جەنگیەکانەوە ٣٣٣ هاوڵاتی، ١٤٢ هاوڵاتی لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کراونەتە ئامانج، ١١٥ هێرش لە ڕێگەی تۆپ بارانەوە کراوە، ٧١ حاڵەت بە چەکی سوک ئەنجامدراوە، ٥٢ هاوڵاتی بە چەکی سوک، سزای مەرگ ٣٠ هاوڵاتی، ٣١ هاوڵاتی بە مین کۆتایی بە ژیانیان هاتووە، ١٨ هاوڵاتی بە چەکی کیمیایی، ٢ هێرشی هەلی کۆپتەر، ٢ ڕفاندن و ١ حاڵەتی پارچەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کۆتایی بە ژیانی هاوڵاتیانی باشووری کوردستان هێناوە، ئەوانەی برینداربوون بە ڕێژەی ٪٩٣ بە هیچ شێوەیەک قەرەبوویان بۆ نەکراوەتەوە، ئەو بریندارانەی چارەسەریان بۆ ئەنجام دراوە و پێویستیان بە چارەسەری دیکەیە ٪٣٧ پێکدەهێنن، هەروەها ٪٤٦ی هاوڵاتی کە شەهید کراون، بەڵام بە شەهید نەناسێنراون.

 

"دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە هێرشەکانەوە ناوەستێت زیان بە ژینگەی باشووری کوردستان دەگەیەنێت"

شەهێن محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە هەرێمی سلێمانی، باس لەوەدەکات، بە درێژای ٣٣ ساڵە دراوسێکانی باشووری کوردستان بە هۆکاری جۆراوجۆر هێرش دەکەنە سەر هاوڵاتیان، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ڕێگەی هێرشەی چەکداری و دەوڵەتی ئێران لە ڕێگەی کپکردن و زیندانی کردنی دەنگی ئازادەوە هێرشەکانیان بۆ سەر باشووری کوردستان چڕ کردووەتەوە، دەڵێت: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە هێرشەکانەوە ناوەستێت زیان بە ژینگەی باشووری کوردستانیش دەگەیەنێت، لەگەڵ ئەنجامدانی داگیرکارییەکان و سووتاندنی دار و درەختەکان لەگەڵ قایمکردنی جێ پێی خۆیدا دەستدەکات بە هەڵکەندنی بیرە نەوتییەکان، هەروەها بەشێک لە هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئاکامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا شەهید و بریندار دەبن، بەشێکی زۆر لە بریندارانی دەستی تورکیا لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە قەرەبوو نەکراونەتەوە.

 

ئەو ئەندامەی تەڤگەر ئازادی، ئاماژەی بەوەکرد، پیلانگێڕی نێودەوڵەتی جیهانی بۆ هێرش و داگیرکارییەکانی باشووری کوردستان هەیە، داگیرکاران بەردەوام لە هەوڵی نەگەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد دان، ئەنجامدانی هێرشەکان بە هاوکاری وڵاتانی جیهان و ڕێکەوتنی ئەندامانی ناتۆیە، بێ هەڵوێستی حکومەتی عێراق لە سنورەکانی عێراقدا و ناسەقامگیری عێراق و باشووری کوردستانیشی لێ کەوتووەتەوە، عێراق بە بڕیاردانی داخستنی سێ پارتی سیاسیی ڕوونی دەکاتەوە دەستتێوەردانی دەوڵەتانی داگیرکەر بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە باشووری کوردستان و عێراقدا ڕەنگی داوەتەوە، وتیشی: دەسەڵاتدارانی عێراق هاوخیانەتن لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و حزبەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها دەست تێوەردانی دەرەکی تورکیا و ئێران ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە دەست تێوەردانی مەزهەبەکانی عێراق، بە ئاڕاستەکردنی بارودۆخی عێراق بۆ بەرژەوەندی پێگە و دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا، بڕیاردانی داخستنی سێ پارتی سیاسی لەلایەن عێراقەوە پێمان نیشان دەدات بڕیاردانی عێراق لە دەستی دەووڵەتانی داگیرکەردا ماوەتەوە.

 

"دەزگای هەواڵگری لە هەرێمی کوردستاندا هەیە"

شەهێن محەمەد، ئاماژەی بەوەشکرد، پاش هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، بێ هەڵوێستی دەوڵەتی عێراق و پشتیوانی کردنی هێزی داگیرکەر لە خاکی عێراقدا، ئاماژەیە بۆ بەدەستەوەدانی خاکی باشووری کوردستان و عێراق، دەڵێت: هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی ئاسمانی و زەمینییەوە ماوەی چەندین مانگە بەڕێوە دەچێت، تێکۆشانی ئازادی چەندین جار لەژێر ناوی جیاوازدا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە هێرش دەکرێتە سەریان بەڵام خۆشبەختانە ڕووبەڕووی هێرشەکانی داگیرکەر دەبنەوە، داگیرکارییەکانیان کاریگەری لەسەر ناوچەکانی هەریمی کوردستان و دەڤەری بادینان و شیلادزێ هەیە، پاش هەبوونی بنکە و بارەگاکانایان لە ڕێگەی هەڵکەندنی بیرە نەوتەکانەوە هەوڵی بەدەستهێنانی سامانی سروشتی ناوچە کوردنشینەکان دەدەن، دەوڵەتانی داگیرکەری تورکیا و ئێران لە ڕێگەی هەبوونی دەزگا هەواڵگرییەکانیانەوە لە باشووری کوردستان زانیاری لەسەر شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازان کۆدەکەنەوە، لە ڕێگەی چاو سوورکردنەوە لە ئازادیخوازان دەیانەوێت دەنگی ئازاد کپ بکەنەوە، هەبوونی دەوڵەتانی زلهێز لە پشت داگیرکەرانەوە، بووەتە هۆکاری دروستبوونی دۆخی ئاڵۆز لە باشووری کوردستان و عێراقدا. 

 

هەروەها وتی: بەهۆی هاتنی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە بە هاوکاری پەدەکە، زیاتر لە ١٨٨ گوند لە باشووری کوردستاندا چۆڵ کراوە، فشارەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ چۆڵکردنی ناوچە کوردنشینەکان زەنگێکی مەترسیدارە، هێرش و داگیرکارییەکان کاریگەری بۆ سەر ئابووری باشووری کوردستانیش دەبێت، هەبوونی بەرهەمە خۆماڵیەکان لە هەرێمی کوردستاندا کەم دەکاتەوە، هێرشەکان زیانی زۆری گەیاندووە بە بەروبوومە کشتوکاڵیەکانی جوتیاران، ژینگەی ناوچەکان تێکدەدەن و زیان بە ژینگەی کوردستان دەگەیەنن، هەروەها کەسانی ئازادیخواز دەکەنە ئامانج و شەهیدیان دەکەن، لە ساڵی ١٩٩١ بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لە ئاکامی چەندین هێرش و داگیرکاری هاوڵاتیانی مەدەنی شەهید دەکرێن، منداڵان و ژنان زیانیان بەردەکەوێت، زیاتر لە ٢٠٠ منداڵ لە هێرشەکاندا کراونەتە ئامانج، گەنجان و منداڵان لە ئاکامی هێرشەکان بریندار دەبن و بەشێکی زۆریان کەمئەندام دەبن.

 

"قەرەبووی برینداران و کەسوکاریان ناکرێتەوە"

شەهێن محەمەد، ئاماژەی بەوەشدا، بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی دڵگرانی و ناڕەزایی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، "لە هەرێمی کوردستاندا شتێک نەماوە بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئاکامی هەبوونی ئەو هەژموونەی لە باشووردا دەگوزەرێت، بووەتە هۆی نەبوونی پەرلەمانێکی کارا لە هەرێمی کوردستاندا، هەموو ئەم دیاردانە لە باشووردا پێمان دەڵێن حکومەتێکی کارا نییە، بەڵکو حکومی دوو بنەماڵەی باشووری کوردستانەم حکومڕانی کردنی لایەنە دەسەڵاتدارەکانی باشووری کوردستان وڵاتی خۆیان لەسەر سینییەکی زێڕین پێشکەش بە داگیرکاران دەکەن، دەوڵەتی تورکیا لە ژێر ناوی کەرتی تایبەتدا چەندین خوێندنگەی بە زمانی تورکی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا کردووەتەوە، ئامانجی دەوڵەتی داگیرکار لەناوبردنی کولتوور و زمانی کوردییە لە خاکی خۆماندا، چارەسەرکردنی بارودۆخی باشووری کوردستان لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ڕێگری لێ دەکرێت.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا، لە کاتی شەهید کردن و بریندار کردنی هاوڵاتییان لە ئاکامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، بەشێکیان کە سەر بە لایەنی دەسەڵاتن بە بە شەهیدی سەنگەر دەناسێندرێن، بەڵام هاوڵاتیانی ئازادیخواز لە کاتی شەهید بوون و بریندار بوونیاندا بە شەهید تۆمار ناکرێن، بۆ بێبەشکردنیان لە بڕە پارەیەکی دیاریکراو وەک قەرەبووکردنەوەیەک بەرامبەر ئەو زیانەی بەریان دەکەوێت، وتی: پێویستە هاوڵاتیانی زیان بەرکەوتووی داگیرکارییەکان قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام بەشێک لە دەسەڵاتداران و بەرپرسان بۆ چاوی ڕاگەیاندنەکان سەردانی خانەوادەی شەهیدان و زیان بەرکەوتووان دەکەن، نمونەی خێزانێک لە سەیرانگای کونەماسی بە درۆنی دەوڵەتی تورکیا لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا دەکرێنە ئامانج، تیایدا خێزانێکی ٨ کەسی بە سەختی بریندار دەبن، سەرەڕای بەڵێنی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەڵام هیچ قەرەبوویەک و هەوڵدان بۆ وەرگرتنی چارەسەریان بۆ ئەنجام نەدرا، هەروەها گەشتیارانی بیانی زیاتر لە ٣١ هاوڵاتی بیانی شەهید کراون، بەڵام قەرەبووی خانەوادەکانیان نەکراوەتەوە و بە شەهیدیش تۆماریان نەکردوون، پێویستە هاوڵاتیانی باشووری کوردستان بێ هەڵوێست نەبن لە هێرش و داگیرکارییەکان، لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەرەوە هێرش دەکرێتە سەر خاک و ژینگە و هەر تاکێکی کۆمەڵگە، پێویستە هاوڵاتیان یەک هەڵوێست بن و هەڵوێستیان بە ڕوونی بخەنەڕوو.