"ڕژێمی ئێران ماوەی ٤٥ ساڵە بە ئایدۆلۆژیای داعش ژن دەچەوسێنێتەوە"
پەروین ئازاد چالاکوان باسی لەوە کرد، کە ڕژێمی ئێران ٤٥ ساڵە بە ئایدۆلۆژیای داعش ستەم لە ژنان دەکات و داوای لە هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد تێکۆشان بکەن.
ناوەندی هەواڵ
وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەژار، ڕۆژی ١ی ئابی ٢٠٢٣، لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و پروپاگەندەی "ئەندامێتی ڕێکخراوەکە"یان لە دۆسیەکەیاندا زیاد کرد، وریشە مورادی لە دانیشتنی دووەمی دادگای ١٥ی ئینقلابی ڕۆژی ٤ی ئاب بۆ ئیدانەکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی ئامادە نەبوو و لە نامەیەکدا بۆ ڕای گشتی بەرگری لە خۆی ڕاگەیاند.
دادگا ڕێگەی بە پارێزەرانی وریشە مورادی نەدا بەرگری لێبکەن و کۆتایی بە دانیشتنەکەی هێنا، وریشە مورادی کە بەرگری لە خۆی کرد، باسی لە خەباتی خۆی کرد و وتی: من دادگایەک ناناسم بڕیارێکی دادپەروەرانە نەدات بە وتنی "داعش سەربڕین و کۆماری ئیسلامی بەرەو لەسێدارەدان دەڕوات" سەرنجی بۆ پڕۆسەی بەردەوام ڕاکێشا.
"دۆسیەی داعش لە ئێران هاتە ئاراوە"
پەروین ئازاد چالاکوانی مافی ژنان و منداڵان ڕایگەیاند، ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە ٤٠ ساڵە لە دژی کردەوەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران خەبات دەکەن، ناوبراو ڕایگەیاند کە پاراستنی وریشە مورادی زۆر مانای هەیە و وتی: ماوەی زیاتر لە ٤٥ ساڵە دەسەڵاتدارانی ئێران فشار دەخەنە سەر ژنان، گرتن و لەسێدارەدانی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیادی کردووە، وریشە مورادی لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەرگری خۆی نووسیوە ئەگەر بەدواداچوون بۆ ئەم بەرگرییە بکەین، تێدەگەین کە کوردبوون، ئەندامبوون لە ئایینێک، لەلایەن دەسەڵاتەوە وەک تاوان سەیر دەکرێت، هەروەها وریشە مورادی سەرنج بۆ ئازارە هاوبەشەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئەفغانستان کە تاڵیبان حوکمڕانی دەکات، لە ئێران و وڵاتانی دیکە کە ئایدۆلۆژیای داعش حوکم دەکات ڕادەکێشێت.
"پێویستە ژنان هۆشیار بن"
پەروین ئازاد ئاگاداری کردەوە کە ڕێژیمی ئێران زیاتر لە ٤٥ ساڵە بە ئایدۆلۆژیای داعش سیاسەتی ستەمکارانە لە دژی ژنان و منداڵان و زیندانیان بەڕێوە دەبات و وتی: وریشە مورادی لە بەرگریکردندا تیشکی خستە سەر درێژەدان بە خەبات دژی دیکتاتۆرییەت و خاوەنی مافی یەکسان و یەکگرتوویی و پێکەوەبوون بۆ ئەوەی هۆشیاریمان هەبێت، پێویستە شیکاری بۆ پاراستنی وریشە مورادی بکەین، ژنان دەبێت هۆشیاری بەدەست بهێنین، چونکە نیوەی کۆمەڵگە لە ژن پێکدێت و ئەگەر ئەو ژنانە هۆشیاریان هەبێت، ئاشتی و سەقامگیری و دۆستایەتی بنیاد دەنێن وەک ژن ئەگەر نەخوێندەوار بین لە بوارە ئابووری، سیاسی، ڕۆشنبیری، هونەری، کۆمەڵایەتیدا بەشداری ناکەین و ڕۆڵی خۆمان لە کۆمەڵگەدا نابینین، ئەگەر ژنان پەرە بە بوونی خۆیان نەدەن، ژیانیان تەنیا لە کاری ماڵەوە و چاودێری منداڵدا سنووردار دەبێت.
"ماوەی ٤٥ ساڵە ئەو سیاسەتە جێبەجێدەکرێت"
پەروین ئازاد لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئامانجی ژنانی زیندانیکراو و داواکارییەکانیان وەک یەکن چالاکوان پەخشان عەزیزی کە حوکمی لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، باس لەوە دەکات کە لە کۆمەڵگەیەکی وەک ئێراندا هەڵاواردنی ڕەگەزی هەیە، مرۆڤەکان بە زمانی دایکی خۆیان قسە ناکەن، کولتووری خۆیان ناژین پەخشان عەزیزی ڕوونی دەکاتەوە کە هەموو ئەم فشارانە شوناسەکان لەناو دەبەن و ئەو ناسنامانەش بە شوناسە جیاوازەکان لە قاڵب دراون، ٤٥ ساڵە ئەم سیاسەتە جێبەجێ دەکرێت، ژنان لەسەر شەقامەکان دەگیرێن، زەلیل دەکرێن، لێدەدرێن و لە زیندانەکاندا ئەشکەنجە دەدرێن ناچار دەکرێن دانپێدانانی بێ بنەما بکەن، دەستدرێژییان دەکرێتە سەر.
"بە یەکڕیزی و هاوکاری دەبێت کۆتایی بە سیاسەتەکانی دژ بە ژنان بهێنین"
پەروین ئازاد ئاماژەی بەوەشکرد، وریشە مورادی لە بەرگریکردندا باسی لە فشارەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری کردووە کە ساڵانێکە ئەم کارە دەکات و درێژەی بە قسەکانیدا داوە و دەڵێت: هەمیشە دەڵێین شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" شۆڕشی ژنانە، لە عێراق و ئەفغانستان و بە گشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژنان ئازار دەچێژن و فشاریان لەسەرە، وەک وریشە مورادی دەڵێت 'ئازارەکانمان هاوبەشن بۆیە وەک هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە لە ڕێگەی یەکڕیزی و هاوکارییەوە کۆتایی بەو سیاسەتانەی حکومەت کە دوژمنایەتی ژنان دەکەن بهێنین' بۆ نموونە لە هەندێک ناوچەی میسر و سۆماڵ و ئێراندا منداڵی مێینە خەتەنە دەکرێت ئەمە تاوانە ئەگەر بتوانین کولتوورێک لە کۆمەڵگەدا بنیادبنێین و هۆشیاری ژنان بەرز بکەینەوە، ئەم کارەساتانە ڕوویان نەدەدا.
پەروین ئازاد ئاماژەی بەوەشکردووه که یاساکانی پیاوان دژی ژنانن، وتی: ئه گەر ژنان هۆشیار بکرێنەوە دەتوانن ئه و یاسا و کولتوورانه بگۆڕن، بە گۆڕینی ئەم کلتوور و یاسایانە ژنان دەتوانن ئازادی بەدەست بهێنن توندوتیژی بوونی نامێنێت.