"هاوردەکردنی نەریت و ئەقڵیەتی لێدان لە ژنان دەستی داگیرکاری لەپشتە"
چرۆ شوانی، ئەندامی ئەنجومەنی تەڤگەری ئازادی دەڵێت: داگیرکەران لە ڕێگەی بە کاڵاکردن و ناهۆشیارکردن و تیرۆرکردنی ژنان و زیادکردنی ئەقڵیەتی نێرسالاری هەوڵی داگیرکارکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- داگیرکارییەکانی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر هەرێمی کوردستان کاریگەری و لێکەوتەی خراپی بۆ سەر ژنانی باشووری کوردستان و عێراق هەیە. بە درێژای مێژوو هەر لە سەرەتای مێژوو و شەڕی هۆزەکانەوە ژنان دەبنە بەرکەوتەی سەرەکی داگیرکاریەکان، داگیرکاری ناوچەکان دەبێتە داگیرکاری ژنان و هێرشکردنە سەر ژنان لە ڕێگەی دەستدرێژیکردن یان شەهیدکردنی ڕۆڵەکانیان یان بێ هاوژینکردنیان، ئێستا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە درێژەی پێدەدرێت و چڕ بووەتەوە، باشووری کوردستان ڕووبەڕووی شێوازی جیاوازی داگیرکاری بووەتەوە، دەوڵەتی تورکیا بە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی دراماکان، قۆرخکردنی بازاڕ، بە بازاڕکردنی ژنان، دەستبەسەرداگرتنی میدیاکان و ڕێکلامەکانەوە هەوڵی داگیرکاری لەسەر ژنان دەدات و بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەنجامی دەدات.
"لەگەڵ دروستبوونی ژنانی بە ئیرادە و بە توانا کپیان دەکەن و سەرکوتیان دەکەن"
چرۆ شوانی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، باس لە کاریگەری داگیرکاری لەسەر ژنان دەکات، کە بەهۆی داگیرکارییەوە، ژنانی بە ئیرادە و خاوەن هەڵوێست دەکرێنە ئامانج و تیرۆر دەکرێن، "لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگەکەمان ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەڕێوە دەچێت، هەموو کات شەرەف دەکەنە قاڵبێک و بۆخۆیانی دادەنێن، بەڵام ئەگەر ڕاستی شەرەف ئاماژە پێبکەین، شەرەف داگیرکردنی خاکەکەمانە، لە داگیرکردنی خاکدا نەک تەنها ژنان هەموو کۆمەڵگە دەبنە قوربانی و لەگەڵ داگیرکردنی خاکدا هەمووان دەچنە ژێر داگیرکاری و دەبێتە هۆی مەترسی بۆ هەموو تاکێک، داگیرکاری تورکیا لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکان و ترس و تۆقاندنەکانەوە کار دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ژنانی باشووری کوردستان.
هەروەها وتیشی: هێنانە ناوەوەی هەر دیاردەیەک و نەریتێک و ئەقڵیەتێک بۆ باشووری کوردستان و لێدان بێت لە ژنان، بێگومان لە پشتییەوە دەستێکی داگیرکاری هەیە، هەروەها لە مێژووی ژنانی کورد لە باشووری کوردستان لە ڕووی ئیداری و سەربازی و کۆمەڵایەتیەوە ژنانێکی ناودار و زۆر لێهاتوومان هەبووە، بەڵام لە ئێستادا لەگەڵ دروستبوونی ژنانی بە ئیرادە و بە توانا کپیان دەکەن و سەرکوتیان پێدەکەن، داگیرکەران دەزانن کۆمەڵگەیەکی هۆشیار بە ژنانێکی هۆشیار دروست دەبێت، بۆیە بەردەوامن لە لێدانی ژنانی سەرکەوتوو، دەوڵەتان لە ڕێگەی بە کاڵاکردن و ناهۆشیارکردن و تیرۆرکردنی ژنان و زیادکردنی ئەقڵیەتی نێرسالاری هەوڵی داگیرکارییەکان دەدەن.
ویستە ژنان بەرپرسیارێتی بەرامبەر داگیرکاریان هەڵبگرن"
چرۆ شوانی، ئاماژەی بەوەکرد، داگیرکردنی باشووری کوردستان ناگەڕێتەوە بۆ هەبوونی چەک لەلایەن دەوڵەتە زلهێزەکانەوە، بەڵکو داگیرکاریەکان دەگەڕێتەوە بۆ ناهۆشیاری کۆمەڵگە کە دەبێتە بەهێزترین چەک داگیرکاران لە دژی کورد بەکاری بهێنێت، هەبوونی هۆشیاری دەبێتە هۆی سەرکەوتن و ڕووبەڕووبونەوەی داگیرکاریەکان، هەروەها دەڵێت: ئەوەی لە ئێستادا ڕووبەڕووی داگیرکاریەکان و ئەو هێرشانە دەبێتەوە، ئەقڵێکی هۆشیار و ئیرادەیەکی هۆشیارە، بۆیە داگیرکەران لە هەموو سەردانییەکانیاندا لە هەوڵدان بۆ نەمانی ئەو ئەقڵیەتە و هێرشکردنە سەر ئیرادە و بەرخۆدانی هاوڵاتیان، بەڵام خۆشبەختانە هاوڵاتیان ڕووبەڕووی ئەو داگیرکاریە دەبنەوە و دەبینین فکرێک هەیە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو داگیرکاریانە لە هەرێمی کوردستاندا بە تایبەت لە ناویاندا ژنان دەتوانن ڕووبەڕووی ئەو داگیرکاریانە ببنەوە.
هەروەها وتیشی: پێویستە ژنان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن بەرامبەر ئەو داگیرکاریانەی ڕووبەڕووی وڵاتەکەمان و ئەقڵیەتی ئازادی دەبێتەوە، کارکردنی ئێمەی ژنان پێکەوە و ئاشنابوونی ژنان بە ئازادبوونی حەقیقی، نەک ئەو ئازادیەی ئەمڕۆ لەژێر هەژموونی مۆدێرنی سەرمایەداری دایە، هەروەها وەک چارەسەریەک بۆ ئەو دۆخەی ژنانی باشووری کوردستانی تێکەوتووە و بەرامبەر ئەو ئەقڵیەتیەی دەیەوێت ژنان ژێردەستە بکات و ببنە پلە دوو، ئازادییە، هەروەک ڕێبەر ئۆجالان، دەڵێت "سەدەیی ٢١ سەدەی ژنانە"، دەبێت ئێمەی ژنان بە کردار هەوڵ بۆ هەبوونی ئەم پرسە بدەین، هەروەها ژنانی کورد بوونەتە پێشەنگ لە بەرەوپێشچوونی ئازادی بۆ هۆشیاربوونەوە و بە ئیرادە بوون، وەک لە ڕۆژئاوای کوردستان کە بەرامبەر هێزێکی تیرۆرستی وەستانەوە و سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە، هەروەها شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کە فەلسەفەیەکی ژنان بوو تواناکانیان تێیدا بەرجەستە کرد، ئازادی ژنان بە ئازادی خاکەوە بەستراوە نەک بە ئازادیەک لە چوارچێوەی بەکاڵاکردنی ژناندا بێت.
"سەرەتای هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانی سێهەم لە جەنگەکانی ئۆکراینا و غەززەیە"
چرۆ شوانی ئاماژەی بەوەشدا، ژنانی ئازادیخواز هۆکارن بۆ بڵاوکردنەوەی فکری ئازاد لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە کە ناتوانن بوەستێندرێن، هەروەها کۆمەڵگە تا ڕادەیەک هۆشیارن بەوەی ژنان پێشەنگایەتی کۆمەڵگە دەکەن، دەشڵێت: ژنان بە گڕوتینێکی زۆرەوە پێشوازی لە بۆنە و یادەکاندا دەکەن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕەنجی چەند ساڵەی ژنان لە باشووری کوردستاندا و هەبوونی چەندین چالاکی و بابەتی فکری، سەرەتایی هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانی سێهەم لە جەنگەکانی ئۆکراینا و حەماسەوە سەرهەڵدەدات و بەردەوام ژنان دەبنە قوربانی سەرەکی
لە کۆتایدا بۆ هۆشیارکردنەوە ژنان چرۆ شوانی وتی: سەرەڕای خراپی بارودۆخی ژنان لە باشووری کوردستان بەڵام دەبینین ژنانی بە ئیرادە و بە هەڵوێستمان هەیە، بۆیە داواکارین لە ژنان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن، کاتی نیشاندانی بەرپرسیارێتیمانە، ژنان لە هەر کارێکدا پێشەنگایەتی بکەن سەرکەوتن بەدەستدەهێنن، پێویستە ژنان بەربەستەکان بشکێنن و لە هەر بیروبۆچوون و ئایدیایەکدا بن، پێویستی سەرەکی یەک ڕێباز و یەکگرتووییە.