"هەڵبژاردنی ژنانی کرماشان بەرخۆدان و خەباتە نەک نمایشی هەڵبژاردن"
هـ.گ.، چالاکوانی سیاسی و مەدەنی خەڵکی شاری کرماشانە، سەبارەت بە بایکۆتی هەڵبژاردن لایەن ژنانی کرماشانەوە دەڵێت: ئەو هەڵبژاردنە نمایشە.
گلارە گەیلانی
کرماشان- هـ.گ.، چالاکی سیاسی، مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی کرماشانە، لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا کە بۆ ئاژانسی نوژنهای ناردووە، دەڵێت: بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی دوازدەیەمی ئەنجومەنی ئیسلامیی ئێران دەکەم، کە ڕۆژی هەینی بەڕێوەدەچێت، ژنانی کرماشان درێژە بە ڕێبازی مینۆ مەجیدی و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی دەدەن و هەڵبژاردنیان خەبات و بەرخۆدانە، نەک هەڵبژاردنی نمایشی.
هـ.گ. لە پەیامەکەیدا دەڵێت: ئێمەی ژنانی کرماشان درێژە بە ڕێبازی مینۆ مەجیدی دەدەین و بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی نمایشی ڕژێم، نیشانی دەدەین کە خەبات و بەرخۆدان بەردەوامە و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی هێشتا زیندووە، ئێستاش خوێنی لاوان و ژنانی کرماشان و مینۆ مەجیدی لەسەر شەقامە، چۆن هەموو شتێک لەبیر بکەین و بەشداری هەڵبژاردنێکی نمایشی بکەین و شەرعیەت بدەین بەم دەسەڵاتە تۆتالیتارە کە ژن و منداڵ دەکوژێت؟.
لە درێژەی ئەم پەیامە ڤیدیۆییەدا ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکات سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی سیستمی نوێنەرایەتی پەرلەمانی و بەم شێوەیە ڕوونی دەکاتەوە: ئێمەی ژنان نەک هەر هیوایەکمان بەم پەرلەمانە گەندەڵ و فیداکارییە نییە، بەڵکو دژی بناغەی نوێنەرایەتی پەرلەمانین، ئێمە سیستمی دیموکراسی ڕاستەوخۆ و دروستکردنی نەتەوەیەکی دیموکراتیکمان دەوێت کە ژیانمان دابین بکات، نەک هەمان ئەو ژیانەی کە ئێستا بۆ گەلانی ستەملێکراو لە ئێراندا بووەتە مەحاڵ، بەڵکو ئەو ژیانە دابین بکات کە گەلانی تێکۆشەر و بێ ئومێد لە دروشمی جیهانی ژن، ژیان، ئازادی هاواریان بۆ دەکرد، بۆیە هەڵبژاردنی ژنانی کرماشان تەنها بەرخۆدان و خەباتە نەک هەڵبژاردنی نمایشیی.