"هێرشەکانی ئێران و تورکیا مەترسییە بۆ ئاسایشی هاوڵاتیان"

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێران بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامی هەیە و چالاکوانێکیش دەڵێت: دەوڵەتانی ناوچەکە هەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندی سیاسی، ئابووری و بارزگانی خۆیان بەکاردەهێنن.

سلێمانی

 

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ڕژێمی ئێران بۆ سەر سەروەری خاکی عێراق و بە تایبەت هەرێم-باشووری کوردستان بەردەوامی هەیە، بە پێی زانیارییەکان کە لە یاداشتنی ١١٠ ڕۆژنامەنووس، پارێزەران، نوێنەرانی سەندیکا و ڕێکخراوەکان و چالاکوانی مەدەنی و سیاسیدا هاتووە و دوێنێ ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ٢١٥ بنکەی سەربازیی سوپای ئێران و دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کراونەتەوە و لە ساڵی ١٩٩٠وە تا ئێستا زیاتر لە ٨٥٠ هاوڵاتیی مەدەنی شەهید و بریندار بوون.

 

هاوژین حەمە ڕەشید، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەنووس، دەربارەی هێرشەکانی ڕژێمی ئێران و دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو هێرشانە لە ساڵی ١٩٩٠ەوە بەردەوامە و بووەتە هۆی مەترسی لەسەر ئاسایشی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، وتیشی: تەنها بە سەرکۆنە کردنی هاوڵاتیان و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و عێراق هێرشەکان ناوەستێت، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە خاکی عێراق و حکومەتی عێراقیش تا ئێستا هەڵوێستی جددی بەرامبەر هێرشەکان نەنواندووە.

 

"دەوڵەتانی ناوچەکە هەرێمی کوردستانیان کردووەتە گۆڕەپانی بەرژەوەندییەکانیان"

ئەو چاکوانە باسی لەوەکرد، کە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران لە سەردەمی عوسمانی و قاجاری و سەفەوییەکانەوە بەردەوام دژایەتی گەلی کوردیان کردووە و تا ئێستاش چەندەها شێوازیان لە سەرکوت و کۆمەڵکوژی بەکارهێناوە تا ئەو ئەزموونەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە لەناو ببەن، وتیشی: لە ئێستادا حزبە کوردییەکانیش بەکاردەهێنن بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان تا ڕووبەڕووی دۆزی گەلی کورد ببنەوە بە هەر شێوە و پاساوێک بێت، ئەمەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانیش پێشێلکردنی سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە، دەوڵەتانی ناوچەکە ئێرەیان کردووەتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و بازرگانییەکانی خۆیان.

 

لە درێژەی قسەکانیدا هاوژین حەمە ڕەشید باسی لەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا بەدرێژایی چەندین کیلۆمەتر هاتووە سنووری خاکی هەرێمی کوردستانەوە، بە هەمان شێوەش ڕژێمی ئێران بنکە و بارەگاکانی هێناوە خاکی هەرێمی کوردستانەوە، "ڕۆژانە جاش و ئیتلاعات و میتی تورکی لەناو هەرێمدا بە درۆن ڕۆڵیان هەیە لە دەستنیشانکردن و بە ئامانجکردنی خەڵکدا، لە کاتێکدا هیچ بیانوویەک نییە کە ڕێگە بەو دوو دەوڵەتە بدرێت کە هاوڵاتی مەدەنی هەرێمی کوردستان بە ئامانج بگرێت".

 

لە کۆتاییدا ئەو چالاکوانە جەختی کردەوە کە دەبێت گەلی کورد و حزب و لایەنە سیاسییەکانی چوار پارچەی کوردستان یەکگرتوو بن، بە تایبەت ئەوانەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانیان بەدەستە، دەبێت یەک بن، وتیشی: نابێت هاوتای ساڵانی ١٩٩٠ و دوای شەڕی ناوخۆ کە دوو بەرەیی لە نێوان سلێمانی و هەولێردا بوو هەبن، چونکە کاریگەرییان لەسەر ڕێگەدان بە دەوڵەتی تورکیا و ئێران هەیە کە هێرش بکەنە سەر هەرێمی کوردستان بە شێوەی ئێستا ئەنجام دەدرێت، بۆیە دەبێت حزب و لایەنەکانی چوار پارچە یەکگرتوو بن.