"لە هەرێمی  کوردستان ژنانی پێشەنگ تیرۆر دەکرێن"

لە شاری کەرکوک سیاسەتمەدار فریال سلێمان خالید لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کرایە ئامانج و تیرۆر کرا، دایکی شەهیدێکی ١٧ی شوباتیش دەڵێت: داگیرکاران و دوژمنان هەمیشە ترسیان هەیە لە ژنانی چالاکوانان و ژنانی پێشەنگ لە کۆمەڵگەدا.

شنیار بایز

 

سلێمانی- دەسەڵاتی سیاسی و هێزە داگیرکارەکان هەمیشە ئازادی لە ژنانی چالاکوانان و  سیاسەتمەدار زەوت دەکەن و ئەو ژنانەی تێکۆشان لە پێناو خاک و ژناندا دەکەن دەبنە جێی ئامانج.

 

لە هەرێمی کوردستاندا کە بەردەوام هێرش و تیرۆرکردن بۆ سەر ژنانی ئازادیخواز هەیە و بووەتە جێگەی تەراتێنی هێزە داگیرکارەکان، بە تیرۆرکردنی ژنانی پێشەنگ دەیانەوێت دەنگی ژنی ئازاد کپ بکەن، ڕێگە بگرن لەوەی هۆشیاری بگاتە ژنان، چونکە دەزانن ژنی ئازاد دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد.

 

لە ١٨ی کانوونی دووەمدا لە گەڕەکی سەرچناری شاری کەرکوک فریال سلێمان خالید، سیاسەتمەداری خەڵکی شاری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە بۆ چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان هاتبووە باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کرایە ئامانج و تیرۆر کرا.

 

"با چیتر ژنان نەبنە قوربانی دەستی ململانێی حزبەکان"

ڕێزان عەسکەر، دایکی  شەهید گەرمیان، کە لە ١٧ی شوبات بە دەستی پەدەکە شەهید کرا، دەربارەی کوشتنی ژنان لە چوار پارچەی کوردستان باسی لەوەکرد، کوشتنی ژنان لە کوردستاندا بەردەوامە چونکە دەستێکی خیانەتکار لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا بوونی هەیە، زیاترینیش ئەو ژنانەی وەک ژنێکی پێشەنگ لە کۆمەڵگەدا هەن دەکەنە ئامانج و هەوڵی کپکردنی دەنگیان دەدەن، هەرێمی کوردستانیش بێ بەش نییە لە بوونی ئەم حاڵەتانە تیایدا.

 

ڕێزان عسکەر بە پێویستی دەزانێت حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاردەی ژن کوشتن لە هەرێمی کوردستان نەهێڵێت، چیتر ڕێگە نەدات ژنانی چالاکوان و پێشەنگ لەم هەرێمەدا بکرێنە ئامانج، وتی: دەبینین لە ئێستادا چالاکوانان و داکۆکیکاران لە مافەکانی ژنان دەکرێنە ئامانج و دەنگیان کپ دەکرێت، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم ڕێگە نەدات دەستی تیرۆری دوژمنان بێتە ناو هەرێم و ژنان تیرۆر بکات، بۆ ئەمەش پێویستە یاسای تایبەت دابڕێژێت.

 

"دوژمنان ترسیان هەیە لە ژنانی پێشەنگ و بوێر"

ڕێزان عەسکەر، ڕوونیکردەوە داگیرکاران و دوژمنان هەمیشە ترسیان هەیە لە ژنانی چالاکوانان و ژنانی پێشەنگ لە کۆمەڵگەدا، بۆیە بەردەوام هەوڵی تیرۆرکردنیان دەدەن و دەیانەوێت بە کپکردنی دەنگی ژنانی ئازاد کۆمەڵگە بێدەنگ بکەن، وتیشی: ڕێکخراوەکانی ژنانی پێویستە هەڵوێستیان هەبێت لەسەر تیرۆرکردنی ژنانی بوێر و چالاکوانان، نەک بێدەنگی هەڵبژێرن. چونکە ژنانن کە دەتوانن پاڵپشتی یەکەمی ژن بن.

 

وەکو ژنێک و دایکی شەهیدێک داوا لە ژنانی ئازادیخواز دەکات هیچ لایەن و شوێنێک نەتوانن بەربەستیان بۆ دروست بکەن و ڕێیان لێ بگرن، بەڵکو بەردەوام بن لە داکۆکیکردن لە مافی خۆیان و ژنانی دیکەی ئازادیخواز و چیتر ڕێگە نەکەن دەستی داگیرکەر تیرۆریان بکات.