وتەبێژی پەیەدە: دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر ئیرادەی ژن و گەل شکستی هێناوە
سەما بەکتاش، وتەبێژی پەیەدە و هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان، باسی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کرد و وتی: لە ئێستادا بە پرۆسەیەکی سەختدا تێدەپەڕین، بەڵام بە هێز و ئیرادەمان دەتوانین بەرەنگاری هێرشەکان ببینەوە.
ڕوناهی نودا
قامیشلۆ- لە ١٢ی کانوونی دووەم، دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر تەواوی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا نزیکەی ٨٠ ژێرخان و دامەزراوەی خزمەتگوزاری لە ناوچەکە کراوەتە ئامانج، ٧ هاوڵاتی بریندار بوون، کە ژنێک و ٢ منداڵیشیان تێدایە، لە بەرامبەردا بەرخۆدانی گەل لە دژی هێرشەکان بەردەوامە و گەل چالاکیی ناڕەزایەتی لە دژی هێرشەکان ئەنجام دەدەن.
"لە هێرشەکاندا ژێرخان و هاوڵاتیان دەکرێنە ئامانج"
سەما بەکتاش، وتەبێژی پارتی یەکێتی دیموکرات یک-پەیەدە و هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان باسی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئامانجەکانی کرد و وتی: یەکەمجار نییە کە دەوڵەتی تورکیا هێرش بکاتە سەر ناوچەکە، لە ماوەی ساڵێکدا نزیکەی ٤ جار بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لە ئەنجامدا ناوچە خزمەتگوزارییەکان و هاوڵاتیان دەکاتە ئامانج، ئێمە دەزانین ئەم هێرشە مانای چییە، ئەمڕۆ گەلی کورد و گەلی ناوچەکە یەکەم کەسن کە دژی پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورک و سیاسەتی سەدەی ٢١ دەوەستنەوە.
سەما بەکتاش ئاماژەی بەوەدا، سیستمی دیموکراتیکی ناوچەکە لەلایەن گەلەوە پاڵپشتی دەکرێت و ئازادیخوازانیش خەباتێکی ناوازە بەڕێوە دەبەن، هەر بۆیە دەوڵەتی تورک هێرش دەکات، وتیشی: دەوڵەتی تورکیا پشتڕاستی دەکاتەوە کە بەرامبەر ژنان و گەلی ئازادیخواز شکست دەهێنێت، ئێمە دەزانین کاتێک دەوڵەتانی ئێستا دەیانەوێت بەرژەوەندییەکانیان بەدیبهێنن، نایانەوێت وا دەرکەون کە پێشێلکاری ڕوودەدات، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین پێشێلکاری لەبەردەم چاوی هەمووان ڕوودەدات، کاتێک دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکات، زۆر باش دەزانێت کە تاوانێک ئەنجام دەدات، چونکە گەلی مەدەنی و ژێرخانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج.
"سیاسەتی ئەردۆغان شکستی هێناوە"
سەما بەکتاش ئاماژەی بەوەدا کە هەموو پلانەکانی ئەردۆغان دژ بە گەلی کورد شکستی هێناوە و دەڵێت: بەرخۆدانێکی گەورە لە دژی هێرشەکان هەیە، دەوڵەتی تورک لە سەرەتای شۆڕشەوە تا ئێستا هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانمان و دەیەوێت سیستمکەمان لەناو ببات، بەڵام ئەوە ڕووی نەدا و ڕووبەڕووی بەرخۆدانی گەورە بووەوە، ئەمڕۆ ئەم گەلە لەسەر پێی خۆی مایەوە، هەر بۆیە دەوڵەتی تورک ئەوەندە ڕق و کینە بەرامبەر بە ناوچەکە نیشان دەدات، ئەمڕۆ لە هەموو جیهاندا خەباتی ژنان و گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دانپێدانراوە، لە هەموو کیشوەرەکانی جیهان هەنگاوی پشتیوانی لە گەلی کورد هەیە و هەموو ئەمانە گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە ئەردۆغان ڕق و کینەی خۆی بەرامبەریان نیشان دەدات، بەمەش ئەو سیاسەتەی ئەردۆغان ویستی جێبەجێی بکات شکستی هێنا، بۆیە هێرش دەکات و دەیەوێت خاکەکانمان چۆڵ بکات، شەڕڤانانمان لەبەردەم سەختترین هەلومەرجدان کە دەوڵەتی تورک قورسترین چەک لە دژی ئەوان بەکاردەهێنێت و ئیرادەی شەڕڤانانی ئێمە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی شکاند، بۆیە چیتر بەرەنگاری بەرخۆدانی شەڕڤانان نابێتەوە و هێرشدەکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەو بیانوانە هاوڵاتیان دەکاتە ئامانج.
"دەوڵەتی تورکیا ویستی لە ڕێگەی چەتەکانەوە ئامانجەکانی خۆی بگات"
سەما بەکتاش باسی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کرد بۆ سەر زیندانی چەتەکانی داعش لە ١٦ی مانگدا و وتی: لە سەرەتای شۆڕشدا دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی شەڕی بە وەکالەتەوە ئەو چەتانەی بەکارهێنا و پشتگیریی کردن، ئەم ڕاستییە بەڵگەی لەسەرە و لەبەردەم چاوی هەموواندایە، بە ڕوونی دەرکەوت کە دەوڵەتی تورکیا گروپی چەتەکانی دەنێرێتە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دوای ئەوەی چەتەکان لەو ناوچانە شکستیان هێنا، دەستبەجێ دەوڵەتی تورک دەستوەردانی لە ناوچەکەدا کرد، وەک بینیمان چۆن هێرشیان کردە سەر عەفرین و سەرێکانی و داگیریان کرد، ٢ ساڵ لەمەوبەر ئەو شەڕەی لە حەسەکە ڕوویدا جارێکی تر دەستی دەوڵەتی تورکیا بوو، چونکە هەمیشە دەیەوێت گروپی چەتەکان بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت و پشتیوانی ئەو گروپە چەتانە لە ئێستاوە ڕوونە، ئەمڕۆ ئەم چەتانە لە زیندانەکاندان، زۆرجار دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر زیندانەکانی چەتەکان بۆ ئەوەی جارێکی تر داعش زیندوو بکاتەوە و ئاسایشی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە. تا ئێستا ڕق و کینەی شکستی بەکرێگیراوانی داعش لە دڵی دەوڵەتی تورکیادا ماوەتەوە.
"بە یەکگرتوویی ژنان، هێرشەکان تێکدەشکێن"
سەما بەکتاش سڵاوی لە بەرخۆدانی گەل کرد و وتی: دەوڵەتی تورکیا چەندین شێوازی شەڕی بەکارهێناوە، گەل زیانێکی زۆری بەرکەوت، بەڵام توانی دەستکەوتەکانی خۆی بپارێزێت، تا هێرشەکان زیاتر بن هەڵوێست و بەرخۆدان و خەباتی گەل زیاتر دەبێت، ئەمڕۆ ڕێوڕەسمی شەهیدان بەڕێوەدەچێت و هەزاران کەس بەشداری دەکەن و هەڵوێستی خۆیان نیشان دەدەن، ئەمەش بە پێشەنگایەتی ژنان دەکرێت، ئێمە چەندین هەنگاوی گەورەی سەرکەوتوو دەنێین، بۆیە پێویستە لەم کاتەدا ئاستی خەبات و بەرخۆدان و دیپلۆماسی و سیاسەت و ڕێکخستن بەرز بکرێتەوە، لە هەمان کاتدا وەک گەلی ناوچەکە دەبێت هاودەنگیمان لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانمان زیاتر بکەین، چونکە ئەم دەستکەوتانە بە یەکڕیزیی ئەو گەلانە بەدەست هاتوون، لە ئێستادا بە پرۆسەیەکی سەختدا تێدەپەڕین، بەڵام بە هێز و ئیرادەمان دەتوانین بەرەنگاری هێرشەکان ببینەوە، ئێمە ئەزموونی شەڕی چەتەکانی وەک داعشمان هەیە، ئەمڕۆ ئەزموونی ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیامان هەیە و ئەوەی گەرنگە پاراستنی دەستکەوتەکانە، چونکە بۆ هەموو ژنان و گەلانە، ئەمڕۆ دەیان ڕێکخراوی ژنان هاوکاری کۆنگرەی ستار و ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەن، دەتوانین بڵێین بە یەکڕیزی خەباتی ژنان بەرامبەر هێرش و شەڕەکانی ئێستا، وەک چۆن دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" یەکگرتوو بوو، یەکگرتوویی خەباتی ژنان دەتوانێت لە دژی سیستم و هێرشەکان بوەستێتەوە.