"یەکڕیزی نەتەوەیی کورد دەبێتە مەترسی بۆ سەر دەوڵەتی تورکیا"

دەوڵەتی تورکیا بەردەوام هێرش دەکاتە سەر باشووری کوردستان بۆ کپکردن و لە ناوبردنی دەنگی کەسانی ئازادیخواز، چرۆ شوانیش دەڵێت: "خەباتی ژنان ترسی لای دوژمن دروست کردووە".

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- گەلی کورد هەمیشە لەلایەن نەیاران و دوژمنانییەوە ڕووبەڕووی هێرش و لەناوبردن بووەتەوە، بۆ ئەوەی دەنگی ئازاد و ڕاستینەی ژیان لە کەسایەتی تاکی کورددا لەناو ببەن، بۆیە لە ٧ی نیساندا هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و ئامانجی بەئامانجکردنی پێشەنگانی کورد بوو، هەروەها بەهۆی یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکان و کۆبوونەوە بۆ چارەسەری کێشەکانی کورد و پێشەنگایەتی بەرفراوانی ژنان لە بواری خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی خاکی کوردان ترس لای دەوڵەتی تورکیا و دوژمنانی کورد دروستبووە، تورکیاش بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانی ئەم هێرشانە دەکات.

 

"هێرشەکەی تورکیا دوای هەڵوێستێکی نەتەوەیی بوو لە باشووری کوردستانەوە"

چرۆ شوانی، ئەندامی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان، ئاماژەی بەوەکرد، تورکیا پێش ئەوەی هێرش بکاتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی گەشتەکانی ڕاگرتبوو و فشاریشی خستبووە سەر دەوڵەتانی تر کە گەشتە ئاسمانییەکانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بوەستێنن، دواتر خۆی هێرشی کرد، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەو ماوەیەدا هەڵوێستێکی نەتەوەیی هەبوو، ئەویش کۆبوونەوەی مەزڵوم کۆبانێ بوو لەگەڵ یەنەکە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش، لەکاتێكدا داعشیش هەر دەوڵەتە داگیرکارەکان دروستیان کردووە دژ بە گەلی کورد، هەر هەڵوێستێکی نەتەوەیی مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر تورکیا، چونکە هێز لە یەکبووندایە، لەکاتێکیشدا نزیک دەبێتەوە لە هەڵبژاردن و چاوەڕێی شکستێکی گەورەی لێدەکرێت، بۆیە دەوڵەتی تورکیا ویستی بەم هێرشانە شکستەکانی دابپۆشێت، هەروەها دۆزی نەوت و ڕادەستکردنی بە عێراق جارێکی تر لێدان بوو لە ئابووری تورکیا، بۆیە هەرچەندە ئەمریکا هۆشداری دابوو بە تورکیا کە هیچ هەڵوێستێکی نادروست ئەنجام نەدا، بەڵام تورکیا یەک ڕیزی کوردی پێ قبوڵ نەکرا.

 

"سیاسەتی ناحەکیمانەی بەشێک لە لایەنەکان وایکرد ئابووری سەربەخۆ لەدەست بدەین"

چرۆ شوانی ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە لە ئێستادا لایەنەکانی هەرێم کۆببنەوە و یەکبگرن، چونکە نزیک دەبینەوە لە کۆتایی هاتنی پەیمانی  ١٠٠ ساڵەی لۆزان، کە ئەمەش دەستکەوتێکی گەورە دەبێت بۆ کورد، کاتێک ئەو پەیماننامەیە بەسترا کورد لە پێگەیەکی لاوازدا بوو، بەڵام ئێستا کورد خاوەنی پرۆژە و هێزە و تا ئێستا ملکەچ نەبووە بۆ هیچ داگیرکەرێک و هەمیشە لە خەباتدایە لە پێناو ئازادی و پێکەوە بوون، بۆیە هێرشەکەی تورکیا بەزاندنی سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراقە، ئەوەی جێگەی دڵخۆشی بوو بە شێکی زۆری لایەنە سیاسییەکان ئیدانەی ئەم هێرشەیان کرد، جگە لە پەدەکە کە پاساوی بۆ هێرشەکە دەهێنایەوە، وە هەر ئەمەشی لێ چاوەڕی دەکرا، چونکە ئەو پشتی بە تورکیا بەستووە و پستی لە گەلەکەی خۆی کردووە.

 

وتیشی: کورد دەزانێت لە چی کاتێکدا بەرپەرچی هێرشەکانی دوژمن بداتەوە، هەر وەک چۆن هەموومان بە یەک دەنگ ڕژاینە سەر شەقام، حکومرانی بەشێک لە لایەنەکان وای لە کورد کرد، بە ناچاری دڵخۆش بێت بە ڕادەستکردنی نەوت بە عێراق لە کاتێکدا ئابووری سەربەخۆ دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ کورد، هەروەک چۆن لە ڕیفراندۆمەکەدا سێ یەکی کوردستانمان لەدەستدا، ئەگەر سیاسەتی لایەنەکان بەم شێوەیە بەردەوام بێت، قەوارەی هەرێمی کودستانیش لە مەترسیدا دەبێت.

 

"داگیرکەران هەمیشە چاویان بە بەهێزی خەڵکی سلێمانی هەڵنایەت"

چرۆ شوانی ڕوونی کردەوە، تورکیا یەکەم جاری نییە هێرش دەکاتە سەر کوردستان، بەڵکو بە بەرچاوی جیهانەوە بەردەوام بە چەکی قەدەغەکراویش هێرش دەکاتە سەر شۆڕشگێڕان، وە دەبینین جیهان و نەتەوە یەگرتووەکان بێدەنگن لە ئاست ئەم کارە نامرۆڤانەی تورکیا، ئەمەش پەیامێکە بۆ کورد کە پشت بەخۆی ببەستێت، بۆ ئەوەی کورد ئازاد و سەربەست بێت لە هەر چوار پارچەی کوردستان، دەبێت یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بین، بەڵام بەداخەوە هێزێکی سیاسی وابەستەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بووە، وە ئەم هێرشانە نامۆ نییە بەلای ئێمەوە، هێرشەکانی تورکیاش شەرمەزاری ئەو دەوڵە پیشان دەدات و نایەوێت هێزە سیاسییەکان یەک بگرن بۆ چارەسەری کێشەکان، داگیرکەر هەمیشە چاوی لەسەر سلێمانییە، چونکە زۆربەی خەڵکەکەی ئازادیخواز و ڕۆشنبیرن و بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی دوژمن بوونەتەوە و ملکەچی دوژمن نەبوون، تا ئێستاش هەر چالاکیەک دژ بە داگیرکاری هەبێت سەرچاوەکەی لە سلێمانییەوە سەرهەڵدەدات، هەر وەک ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: ئەگەر چوار شاری وەکو سلێمانی هەبێت دوژمن ناتوانێت سنوری خاکمان ببەزێنێت".

 

"دوژمن ترسی لە شۆڕشی ژنان هەیە"

چرۆ شوانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمەی کورد گەلێکی ئازادیخوازین و هەمیشە داوای مافی خۆمان دەکەین، دوژمنیش ئەمەی پێ قبوڵ ناکرێت، بۆیە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەمیشە ئاماژە بەوە دەکەن کە دەوڵەتیک نیە بە ناوی کوردەوە و هەرگیزیش ناهێڵین هەبێت، بۆیە هەمیشە ترسیان لە یەکڕیزی نەتەوەی کورد و شۆڕشی ژنان هەیە، هەر وەک ئەو شۆڕشەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی: سەریهەڵداوە، بۆیە هەر کاتێک شۆڕش لەسەر دەستی ژنان بەرپا دەبێت، ترسێک لای دوژمن پەیدا دەبێت، چونکە دەزانێت شۆڕشەکە سەرکەوتوو دەبێت، ژنان پێش ئەوەی دەست بدەنە هەر کارێک پێشبینی هەموو شتیک دەکەن و بە دڵسۆزانەش دەستپێدەکەن.

 

لە کۆتاییدا ئەندامەکەی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان وتی: ژنان بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە دێنە مەیدان بۆ درێژەدان بە خەباتی خۆیان، هەروەک ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت "شۆڕشی باشوور شۆڕشی ژنە" بە تایبەتی لە ئێستادا شۆڕشی ڕۆژهەڵات کاریگەری هەبووە لەسەر تەواوی جیهان و ئەم دروشمـەش ئەگەر بێتە ئاراوە مەترسییەکی گەورەی دەبێت لەسەر دوژمن، هەر بۆیە کاتێک ژنێکی پێشەنگ لە باشوور دەست بە خەبات دەکات، دوژمنان دەست دەکەن بە دروستکردنی قسە و دواجار شەهیدی دەکەن، بەڵام گەلانی ئازادیخواز ناکەونە داوی پلانە قێزەونەکانی ئەوانەوە.