فەرماندەی یەپەژە: پێویستە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاردانەوەیان هەبێت
ڤیان ئادار، فەرماندەی یەپەژە داوای لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بە هێرشەکان و ڕایگەیاند "ئامانج لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکە".
ڕوناهی نودا
حەسەکە- لە ١٩ی تشرینی دووەمدا دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی و چەکی قورس هێرشی کردە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە ئەنجامی هێرشەکاندا زیانی ماددی و مرۆیی لێکەوتەوە. لە شاری دێرک کۆمەڵکوژییەک ڕوویدا و لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا، هەروەها ژێرخانی ناوچەکە کراوەتە ئامانج قوتابخانە و ناوەندەکانی نەوت و غاز و نەخۆشخانەکان بۆردومان کراون، تا ئەمڕۆش هێرشەکان بەردەوامن.
"پڕۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک ئامانج دەکات"
ڤیان ئادار، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە، ڕایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ماوەی ١٠ ساڵە بەشێوەی جیاواز بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە، گروپ و چەتەکان هێرشیان کرد و لە وڵاتانی دەرەوە پشتیوانی زۆر کران، دیارترینیان خودی تورکیا بوو. ئێستاش تورکیا بە بیانووی جۆراوجۆر هەڕەشە لە ناوچەکە دەکات و هەوڵی داگیرکردنی خاکەکانمان دەدات، واقیعی پلانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بریتییە لە ملکەچکردنی تەواوی ناوچەکە و دەستوەردان لە هەموو شوێنێک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە. بۆیە بەردەوامە لە پلانی نکۆڵیکردن و لەناوبردن و قڕکردنی مرۆڤەکان لە ڕووی جەستەیی و کولتووری و هەموو بوارەکاندا. ئامانجی سەرەکیش جینۆسایدی گەلی کورد و پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و کولتووری گەلە.
"هێرشەکان بێ وەڵام نابن"
ڤیان ئادار ئاماژەی بەوەدا لە هێرشەکانی ١٩ی تشرینی دووەمدا ژمارەیەک هاوڵاتی لەم هێرشانەدا شەهید بوون، "ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دەیانویست ڕاستییەکان بە جیهان نیشان بدەن، لەو هێرشانەدا شەهید و بریندار بوون، هیچ شەڕڤانێک شەهید نەبوو، هەموو خەڵکی مەدەنی بوو گیانیان لەدەستدا، ئێمە هەرگیز بێ وەڵام نامێنینەوە و وەڵامی هێرشەکانی دژی گەلەکەمان دەدەینەوە.
"یەپەژە ترسێکی گەورەی خستۆتە دڵی دەوڵەتی تورکیا"
ڤیان ئادار ڕۆڵی یەپەژەی هەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوەدا کە یەپەژە بەهاکانی ژنان و خەڵک دەپارێزێت و پلانی نوێی لۆزان هەڵدەوەشێنێتەوە، وتیشی: بە تایبەتی ئەو شەڕەی کە دژی چەتەکانی داعش کردی، پێگەی بەهێزی ژنانی لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان مسۆگەر کرد، هەر بۆیە گوتمان شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕشی ژنانە، نەک هەر ژنانی ناو یەپەژە، ژنانی ناو ماڵ، ئەوانەی لە سیاسەت، دیپلۆماسی، ئەکادیمیا، لە هەموو ڕوویەکەوە بەرگرییان لە شۆڕشی ژنان دەکرد. ژنان لە هەموو بوارێکدا لە دژی عەقڵیەتی پیاوانی دەسەڵاتدار خەباتێکی گەورەیان کرد و دەتوانین بڵێین ئیرادە و ناسنامە و ئیرادەی خوداوەندەکان سەرکەوت.
"ئەوەی سەردەکەوێت ئیرادەیە"
فەرماندەی یەپەژە، ڤیان ئادار، سەرنجی بۆ هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاکێشا و وتی: "عەفرین، گرێسپی و سەرێکانی گوندێکن بەپێی دەوڵەتی تورکیا، ئەو هەزاران هێزی کۆکردەوە بۆ داگیرکردنیان، ڕەنگە تەکنیکی ئێمە وەک تەکنیکی ئەوان نەبێت، بەڵام ئیرادەی ئێمە لەم شەڕانەدا سەرکەوت، وەک چۆن یەپەژە لە دژی چەتەکانی داعش شەڕی کرد، دەتوانێ شەڕی دژی دەوڵەتیش بکات، یەپەژە ئامادەیە خەڵک بپارێزێت لە شەڕی گەلەکەیدا، چونکە ئەزموونێکی زۆری لە شەڕی داعشدا بەدەستهێناوە.
هەروەها وتیشی: دەوڵەتی تورک لە هەموو لایەکەوە هێرش دەکاتە سەر کورد، بۆیە ئێمە یەک دوژمنمان هەیە و ئەویش دەوڵەتی تورکیایە، پێویستە بە ئیرادەی گەل و هەموو ئەو ڕێکخراوانەی کە بۆ ئازادی خەبات دەکەن، لە هەموو لایەکی کوردستانەوە شەڕ بکەین. هێرشەکان دژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، پێویستە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاردانەوەیان هەبێت بەرامبەر بەو هێرشانە.