"بەپێی بارودۆخی شەڕ ئامادەکاری هەیە"
سەمەر خەلیل، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی تل تەمر لە کانتۆنی حەسەکە، دوایین هاوپەیمانی و ڕێککەوتنەکانی نێوان هێزەکانی ناتۆ و دەوڵەتی تورکیای هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند، خەڵک بۆ هەموو جۆرە هێرشێک ئامادەن و بەپێی شەڕی گەلی شۆڕشگێر خۆیان ڕێکدەخەن .
سۆرگول شێخۆ
حەسەکە- دوای کۆبوونەوەی ناتۆ و ڕێککەوتنەکانی دژی گەلی کورد، ناڕەزایی لەسەر ئاستی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا و ژنانی چالاکوان لە هیندستانەوە سەریانهەڵدا. ئێستا دۆستەکانی گەلی کورد لە زیادبووندان و ڕۆژ بە ڕۆژ ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بە سیاسەتەکان نیشان دەدەن، چونکە نایانەوێت کۆمەڵکوژییەکی دیکە بەسەر کورددا بێت، خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ١٠ ساڵە لە شەڕدا دەژین، ئێستا شێواز و ڕێگەی پاراستنی خۆیان پەرەپێداوە و بەپێی شەڕی گەلی شۆڕشگێر خۆیان ڕێکدەخەن.
سەمەر خەلیل، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی تل تەمر لە کانتۆنی حەسەکە، ئامادەکارییەکانی کۆمەڵگەی لە ئەگەری هێرشی نوێی داگیرکەران و هاوپەیمانێتییەكانی دژی گەلی كورد هەڵسەنگاند و وتی: ئەو هاوپەیمانییانەی كە دژی گەلی كورد ئەنجام دەدرێن، نەك تەنها دەوڵەتی توركیا بەڵكو ناتۆ خۆی پاڵپشتی دەكات و دەوڵەتی تورکیاش هیچ نرخێک بۆ ناتۆ و دەوڵەتانی دیکە دانانێت، خواستی تورکیا ئەوەیە کە ناتۆ لە هاوکێشەکە دەربکات و بەتەنها بەرژەوەندییەکانی خۆی بەدیبهێنێت و بەو شێوەیە فشار بخاتە سەر وڵاتانی دیکە.
"ئامانجی دەوڵەتی تورکیا کوردە، بەڵام بیانوو بۆ سیاسەتەکانی دەهێنێتەوە"
سەمەر خەلیل، سەرنجی بۆ بیانووەکانی ئەردۆغان ڕاکێشا و بەمشێوەیە دوا، "ئەردۆغان بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی، خاکی سوریا داگیر دەکات، دەڵێت کە کورد مەترسی لەسەری دروستدەکات. بەڵام کاتێک سەیری ئەو سیاسەتانە دەکەین کە جێبەجێی دەکات، دەبینرێت کە کێشەی ئەو تەنها کورد نییە، بەڵکو دوژمنایەتی هەموو گەلان و ئایین و بیروباوەڕەکان دەکات، ئەمڕۆ تەنها کورد لەم خاکەدا ناژی، عەرەب و ئاشوری و سوریانی و زۆر گەلانی تریش هەن، پلانی داگیرکاری نوێ نییە، بەردەوامی سیاسەتەکانی عوسمانییە، دەیانەوێت ئەوەی ئەو کاتە نەیانتوانی بیکەن، ئێستا دەیانەوێت لە ڕێگەی داگیرکردن، دەستدرێژیکردن، ڕفاندن و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە، ئەو کلتور و مێژووە داگیربکەن."
لە درێژەی قسەکانیدا سەمەر خەلیل دەربارەی ئامادەکارییەکان بۆ شەڕ وتی: یەكەم و كۆتا شت ئەوەیە بە پاڵپشتی خەڵك دەتوانین پێكەوە دەسەڵاتی سەربازیمان بەهێز بكەین و پارێزوانی خاكی داپیر و باپیرانمان بین، لەلایەکی دیکەوە پێویستە گەلەکەمان پێداویستییە گرنگەکانی ژیان کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی ڕۆژێک کەوتینە ناو گەمارۆوە پێویست نەکات بچنە دەرەوە و بتوانن ژیانیان درێژە پێبدەن، لە بواری تەندروستیدا ئامادەکاری هەیە، جگە لەوەش هێزەکانی پاراستنی ژنان و کۆمەڵگە بەپێی ئەرکەکانیان مامەڵە دەکەن، خەڵک پەروەردە دەکەن، فێری بەکارهێنانی چەک و پاراستنی گەڕەک و ماڵەکانیان دەکەن.
"هێزە سەربازییەکان و خەڵک پێکەوە خاکی خۆیان دەپارێزن"
لە کۆتاییدا ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی تل تەمر وتی: "هێزە سەربازییەکان ئەو هێزەیە کە لەلایەن خەڵکەوە دروستکراون، هەرچییەک بێت دەبێت ئەو هێزە گەورە دەبێت و لەیەکتر دانابڕێن، چونکە ئەوان خاوەن ئەم خاکەن و پاراستنیش لەوان دەخوازرێت و ئەرکەکانیان سەرەڕای دژوارییەکان پێکدەهێنن، ئەو شەڕەی دەکرێت یەکەم و کۆتا نییە، پێویستە گەل بەپێی ئەوە خۆی ئامادە بکات.