"کورد لە هەر کوێیەک چادرێکی هەبێت تورکیا بە مەترسی دەیبینێت"

پارچەبوونی لایەنە سیاسییەکان هەرێمی کوردستان و عێراق ڕووبەڕووی پێشێلکاری سەروەری خاکەکەی لەلایەن تورکیاوە دەکاتەوە، تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیش دەڵێت: هەوڵی تورکیا لەناوبردنی سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستانە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- عێراق وەک پێگەیەکی جوگرافی سیاسیی گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای پەیماننامەی سەد ساڵەی لۆزان، کە پارچەکردنی خاکی کوردستانی تیادا سەپێندرا، کەوتە ناو بارودۆخێکی سیاسی توندی ململانێ ئامێز و بەهۆی سەربەخۆیی باشووری کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵیش لە عێراقدا، بەردەوام چاوی داگیرکاری و وڵاتانی زلهێزی لەسەرە، لە ئێستاشدا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆردوومانەکانی بەشێوەیەکی بەردەوام لەسەر عێراق و سووریا درێژە پێدەدات و لەشکرکێشییەکانی بە ڕێگەی سەربازی و سیاسی برەو پێدەدات.

 

لە ساڵی ٢٠٢٤دا شکستە یەک لەدوا یەکەکانی دەوڵەتی تورکیا لە بواری سەربازی لەو ناوچانەی هەوڵی داگیرکردنی دەدات، مزگێنی بەدەستخستنی چاکی دژە فڕین لەلایەن گەریلاوە، سەرنەکەوتنی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانیدا، تورکیای ڕاکێشاوەتە ناو گەمەیەکی سیاسی نوێوە، ئەویش گفتوگۆیەتی لەگەڵ عێراق، تا بتوانێت لە ڕێگەی عێراقەوە سەروەری خاکەکەی بشکێنێت و بتوانێت هێرش بکاتە سەر بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد، لە چیاکانی کوردستان و بنکە و بارەگاکانی خۆی تیادا بکاتەوە.

 

تارا حسێن، هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، باس لەوە دەکات، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی ئاڵۆزییەکان و لێڵیەکانی دەوڵەتی تورکیاوە چارەنووسیان نادیارە، دەشڵێت: دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئێستدا ناسەقامگیرە، لەناو شیعە، سوننە و کوردەکاندا پارچەبوون هەیە کە سێ تەوەری گرنگی پێکهێنانی دەسەڵاتی عێراقن، ئەمەش وایکردووە عێراق بە دۆخێکی پێشێلکاری زیاتری سەروەرییەکەیدا بڕوات و تورکیا لەشكرکێشی بۆ بکات.

 

"بە پلانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ڕیفراندۆم لە ٪ ٥١ خاکی هەرێمی کوردستانمان لەدەستدا"

تارا حسێن، ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان تا ئێستا خاوەنی دەستکەوت و پیگەیەکی خۆی بووە لە ناوچەکەدا کە تورکیای داگیرکەر ئەم ڕاستیەی پێ پەسەند ناکرێت، بەردەوام بە بیانووی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان و عێراق ، وتیشی: بە پلانی دەوڵەتی تورکیا و کەسایەتی ئەردۆغان، بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٪٥١ خاکی کوردستانمان لە دەستدا، هەروەها لە ئێستادا پلانی دیکە هەیە بۆ لەدەستدانی بەشەکانی دیکەی کوردستان، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، کوردێکی ئازاد لە هەرکوێیەتی دنیا چادرێکی هەبێت، بە مەترسی بۆ سەر دەوڵەتەکەی دەیبینێت، تورکیا هەوڵ دەدات لەڕێگەی داردەستەکانی و بەشێک لە سوننەکان و تورکمانەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکەوە گورزی خۆی بدات لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ڕووی ئابووری و سیاسیی و دبلۆماسیی و دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی کەرکوک و ئەمریکا و ئۆکراینا شکستی پی هێندرا.

 

ئاماژەی بەوەشدا، تورکیا لە ئێستادا چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ عێراقدا جیاوازە، ئامانجییەتی بەشێک لە سوننەکان و تورکمانەکانی عێراق کاریان بۆ بکات، بەڵام پارچە پارچە بوون، هەوڵیدا لە هەرێمی کوردستاندا پەدەکە کاری بۆ بکات، بەڵام هەرێمی کوردستان خۆی لەناو گێژاوی سیاسی و ئابووریدایە، بۆیە تورکیا لە ئێستادا ڕاستەوخۆ پەیوەندی و گفتوگۆ دەکات، هەروەها عێراق دەزانێت هەوڵەکانی تورکیا بۆ لەناوبردنی سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستانە، بۆیە ناخوازێت بە تەنها بەشداری ئەم شەڕە بکات و هەوڵ دەدات یەکێتی نیشتمانی کوردستان-یەنەکە بخاتە شەڕەکەوە، چونکە دەوڵەتی تورکیا بە پشتیوانی ناتۆ و بە چاوداخستنی زلهێزەکان لە ئۆپەڕاسیۆنەکانیدا و پاڵپشتی پەدەکە نەیتوانی سەرکەوتوو بێت.
 

"بەرژەوەندی هاوبەش وایکردووە عێراق چاو دابخات لە بەرامبەر داگیرکاریەکاندا"

نەبونی هەڵوێستیکی ڕادیکاڵانە لەلایەن عێراقەوە بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا دەگەرێتەوە بۆ چەند خاڵێک، لەو بارەیەوە هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادی، باسی لەوەکرد، هەبوونی بەرژەوەندی عێراق لەگەڵ تورکیادا بە مەبەستی ئاو و ووزە، کە عێراق ناتوانێت بەرامبەر خراپەکاریەکانی تورکیادا بە هەڵوێست بێت، چاوداخستن و بێ هەڵوێست بوونی عێراق و هەڵکردنی گڵۆپی سەوز، دەبێتە نیشاندانی بێدەنگی بەرامبەر داگیرکاریەکان، وتیشی: چاوداخستن لە ئۆپەراسیۆنەکان بۆ عێراق نوێ نییە، چەندین داگیرکاری ڕوویداوە ئێمە هەڵوێستیکی ڕادیکاڵانەی عێراقمان نەبینیوە، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە چەکی کیمیایی و چەندین چەکی دیکە لە خاکی عێراقدا بەکارهاتووە کە زیانی جەستەی و ژینگەی بۆ سەر مرڤەکان هەبووە، ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندی هاوبەشە، کە وایکردووە عێراق چاو دابخات لە بەرامبەر داگیرکارییەکان.

 

لە درێژەی قسەکانیدا تارا حسێن باسی لەوەکرد، گەلی کورد ئیرادەیەکی بەهێزی نیشانی داگیرکار داوە، لە دوای پیلانگێری نێودەوڵەتی دەستگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، هیوا و ئاواتی داگیرکاران ئەوەیە ئەم پێشەنگایەتیە کۆتایی بێت و کپ بکرێت و بێدەنگ بکرێت، بەڵام بزووتنەوەی ئازادی گەلی کورد پشانی دا کە پشتی خۆی بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا نابەستێت و پشت بە ئیرادەی گەلەکەی دەبەستێت، وتیشی: گەیشتنی دەستی گەریلاکانی کوردستان بە چەکی دژە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئەوەندەی دیکە هێز و وزەی بەخشییە گەلی کورد، هەروەها دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا ترسی گەورەی لێیان هەیە، بۆیە هانا دەبات بۆ هەموو دەوڵەتانی دیکە، بەدڵنیایەوە ئەو ئیرادەیە ئەمڕۆ توانیویەتی دەستی بگات بەم چەکە لە سبەینێدا دەستی دەگات بە زۆر چەکی پێشکەوتووتر و سیستی دیکەی خۆبەڕێوەبەری.

 

"ئەمرۆ ڕۆژی ئەو هێزانەیە کە لە بەرەی گەل و نیشتماندان"

تارا حسێن، هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادی، لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، گەل و لایەنە سیاسیەکان لە چوار پارچەی کوردستان، بە تایبەت باشووری کوردستان لە قۆناغێک دان کە ئەو دەستکەوتانەی هەیەتی، یان لە دەستی دەدات، یان دەستکەوتی زیاتر بەدەستدەهێنێت. بەڵام لەبەر بە هێزی ئەجێندای داگیرکاران، لاوازی گرنگیپێدانی نەتەوایەتی، هەروەها بەڕێوەبردنی شەڕی تایبەت لە ناوچەکاندا گرنگی بە بابەتەکان نەدراوە، ئێستا ئێمە لە بەردەم لەدەستدانی ئەو قەوارەیە داین کە بەرهەمی هەزاران شەهیدە، هەروەها لە بەردەم بە دەستهێنانی ئامانجەکەمانداین، پێویستە هەموو لایەنە سیاسیەکان خۆیان بخەنە لاپەڕە پڕشنگدارەکانی مێژووەوە، ئەگەر پشتیوانی یەکتر بین و داکۆکی لە مافەکانمان بکەین، بە دڵنیایەوە داهاتوو داهاتووی ئێمەیە و سەرکەوتن زۆر نزیکە، بەڵام هەریەک ببینە داردەستی وڵاتێک لە داهاتوودا ئەوەی هەشمانە لەدەستی دەدەین، ئەو هێزانەی پاڵپشتی نەتەوە و گەلیان بۆ گرنگە پێویستە یەکگرتوو بن و ئەمرۆ ڕۆژی ئەو هێزانەیە کە لە بەرەی گەل و نیشتماندان.