"فەلسەفەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەرلەنوێ کۆمەڵگە بونیاد دەنێتەوە"

١٥ی شوباتی ١٩٩٩ کە پیلانگێڕی سەر ڕێبەری گەلی کورد ئەنجامدا، بە گەورەترین پیلانگێڕی دادەنرێت لە مێژوودا، چالاکوانێکیش دەڵێت: هەرچەند پیلانگێڕی و گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوام بێت، ئەوەندە سوور دەبین لەسەر شوێنکەوتنی هزرەکەی.

شنیار بایز

 

سلێمانی- پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ دژی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ٢٥ ساڵە بەردەوامە و لە کەسایەتی ئەو ڕێبەرەدا گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز لە ژێر هەڕەشەی گۆشەگیری و زەوت کردندان، ٢٥ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەو پیلانگێڕیە مێژووییەدا بەڵام تا ئێستا هزری ئەو ڕێبەرە زیندووە لەناو هاوڕێبازانیدا، چونکە ئەو هزرەی بانگەشەی بۆ دەکرد لە بەرژەوەندی مرۆڤایەتی بوو لە تەواوی جیهاندا، ژن لەناو فەلسەفەکانیدا لە ئاستی بەرزدا دەبیندرێت، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" یەکێکە لەو دروشمانەی لە جیهاندا دەوترێتەوە، کە خاوەندارییەکەی بۆ ڕێبەری گەلان دەگەڕێتەوە.

 

"هزری ڕێبەر ئۆجالان لە هزری هەر تاکێکی ئازادیخوازدایە"

ویژدان نورەدین، مامۆستا و چالاکوان، دەربارەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات ئاماژەی بەوەکرد، پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی بەو ئامانجە کرا کە لە هزر و فەلسەفەکانی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بدرێت، چونکە دژی ئەو دەسەڵاتانە بوو کە دەیانویست حوکمی جیهان بکەن، دژی ئامانجی فاشیزم بوو لە جیهان بە گشتی و تورکیا بەتایبەت، وتیشی: بە ئێستاشەوە ئەو ڕێبەرە بە جەستە لە زیندانە، بەڵام بە هزر و بیر و باوەڕی لە هزری هەموو تاکێکی ئازادیخوازدایە.

 

ویژدان نورەدین ڕوونیکردەوە، تیۆر و فەلسەفەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەرلەنوێ کۆمەڵگە بونیاد دەنێتەوە لە ڕووی مرۆڤ دۆستایەتی، ئاشتەوایی، ژینگە دۆستایەتی، ئەمەش دژ بە هزری دەسەڵاتی سەرمایەدارییە کە دەیەوێت جیهان لەژێر مۆڵگەی خۆیدا کۆبکاتەوە، چونکە دەزانن بۆچوونەکانی هەموو چەمکەکانی ژیانی گرتووەتەوە، بەتایبەتی پرسی ژن کە جێی خۆی لە فەلسەفەکانیدا گرتووە.

 

"بوونی کۆمەڵگەیەکی ئازاد بەستراوە بە ژنێکی ئازادەوە"

ویژدان نورەدین باسی لەوەکرد، دەستپێکی کۆمەڵگە لە ژنەوەیە، خێزان لە ژنێکی بەهرەمەند و ئازادیخوازەوە دەبێتە خێزانێکی تەندروست، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، وتی: تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگە ئازاد نابێت، ئازادیش مەبەست لێی دۆزینەوەی خودی ژن خۆیەتی، ئەرک و مافی بزانێت نەک ئەو ئازادیەی ژن بکات بە کاڵا و دواجار بیکاتە قوربانی کۆمەڵگە و سیستم.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ویژدان نورەدین ڕوونیکردەوە، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" یەکێکە لە جوانترین دروشمەکان کە بەرهەمهێنەری هزری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە، یەکێکە لەو دروشمانەی ژنان لە تەواوی جیهان نرخی خۆیانی تیادا دەبیننەوە، توانراوە چەندین جار لە ڕێپێوان و پێگە زانستییەکاندا دووبارە بکرێتەوە، وتی: بەهۆی سیستمی سەرمایەدارییەوە مرۆڤەکان لە قاڵبدراون و پێویستیانە لەم چوارچێوەیە بیانهێننە دەرەوە، ڕۆحی مرۆڤ بوون بکرێتەوە بە بەرماندا و ژنان بتوانین دەنگەکانمان بڵند بکەین و بەرامبەر هەموو زوڵم و ستەمەکانی دژ بە ژنان بوەستینەوە.

 

"دەوڵەتانی فاشیزم پێویستە بزانن دەنگی ئازاد هەرگیز بێدەنگ ناکرێت"

ویژدان نورەدین باسی لەوەکرد، یەکێک لە بەها گرنگەکانی لایەنگرانی هزری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەو چالاکیانەیە کە شوێنکەوتووانی بۆ شەهیدان و زیندانیکراوان دەیکەن، بەردەوام لە ڕێگەی دروشمەکانیانەوە بە دەوڵەتە فاشیزمەکان دەڵێن ئێمە مرۆڤی ئازادیخوازین و ڕێچکەی مرۆڤە ئازادیخوازەکانمان گرتووە، وتیشی: لە تەواوی جیهاندا ڕێپێوان و چالاکی بۆ ئازادکردنی ڕێبەر ئۆجالان دەکرێت، ئەو کەسانەش کەسانی سیاسی نین، بەڵکو بەشی زۆریان لە گرنگی هزری ئەو ڕێبەرە بۆ مرۆڤایەتی داوای ئازادکردنی دەکەن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو مامۆستایە وتی: وڵاتانی دیکە وەک مرۆڤ تەماشای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن نەک وەک کەسێکی سیاسی، دەزانن هزرەکانی چەند بەسودە بۆ بوونی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، بۆیە داکۆکی لێدەکەن، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مێژووی ژنی نوێکردەوە، لە هەر چینێک ژنی ئازادی بونیادنا، ژنی لەو بەرگە داماڵی کە دەڵێن ژن بەرهەمهێنە و بەخێوکەرە، ژن کاڵایەکە بەڵکو بەرگێکی ژنانەی بە ژن بەخشی کە ژن داهێنەرە، پەروەردەکارە و دروستکەرە.

 

لە کۆتاییدا، ویژدان نورەدین پەیامێکی دا و وتی: بەڵێن بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەدەین نەوەکانمان لەسەر هەمان هزر پەروەردە بکەین، بۆ ئەوەی تاکێکی بەهێز بەرامبەر بە دەسەڵاتێکی ستەمکار دروست بکەین.