ژنانی فەلەستینی پەیامی پشتیوانییان بۆ ژنانی ڕۆژهەڵات و ئێران نارد

فێمینیستە فەلەستینییەکان ڕایانگەیاند کە شۆڕشی ژنانی ئێران گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ژیانیاندا دروست دەکات و درێژەدان بە شۆڕش تا ئەمڕۆ بەڵگەیەکی ڕوونی هێز و هەڵوێست و ئیرادەی ئەوانە.

نەغەم کەرەج

 

غەززە- سەرهەڵدانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە کوژرا، بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەدا ژنانی فەلەستینی پشتیوانی خۆیان بۆ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خستەڕوو و ڕاگەیاند، ژنان لە دژی توندوتیژی و سەپاندنی ڕژێمی ئێران بەسەر ژناندا بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" تێکۆشان دەکەن.

 

"شۆڕش هێزی بە ژنان بەخشی"

نەسرین ئەبو عەمرە، بەرپرسی یەکێتی ژنانی فەلەستین، ئاماژەی بەوەدا ڕاپەڕینی ژنان لە ئێران شۆڕشێکی پرەنسیپ و مافەکانە و وتی: ژنان بە گشتی بەشێکی جەوهەری کۆمەڵگە و بنەماڵەن، هەمووان دەزانن کە ژنانی ئێران پێش شۆڕش مافی بەشداریکردنیان لە سیاسەت و کۆمەڵگەدا نەبووە، شۆڕش هێزێکی ڕوون و ئاشکرای بە ژنان بەخشی بۆ وەستانەوە و بەدەستهێنانی مافەکانیان، وەک بەرزکردنەوەی تەمەنی هاوسەرگیری و مافی چارەی خۆنووسین و بەشداریکردنیان لە بڕیارداندا، شۆڕش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەستدرێژی جەستەیی و دەروونی ژنان سەریهەڵدا، نەک تەنها وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە حیجابی زۆرەملێ، بەردەوامیی شۆڕش تا ئەمڕۆش وەک ئەوەی لە کەناڵ و ماڵپەڕەکانەوە دەبینرێت لەپێناو مافە پێشێلکراو و دەستبەسەرداگیراوەکانیان بەردەوامە.

 

"دەستە ئازادەکانتان دەگرین"

سوهێر خزر، چالاکوانی فێمینیست لە بارەی توندوتیژی سێکسی دژ بە ژنان لە ئێران شەرمەزار دەکەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێویستە ڕێز لە ئازادییە گشتییەکان بگیرێت و ئازادی و یەکسانی ژن لە نێوان ژن و پیاودا بهێنرێتە دی، بە ژنانی ئێران دەڵێم ئێمە دەستە ئازادەکانتان دەگرین تا بتوانن بگەنە دادپەروەری و یەکسانی، کوشتنی ژینا ئەمنیی کورد پێشێلکارییەکی ڕێکخراوەیی و ئەخلاقییە، چونکە وەک گەورەترین کوشتن سەیر دەکرێت. کە لەسەر بنەمای دادپەروەری پاوانخوازانە دژی ژنان دامەزراوە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم کە دادپەروەر بن لە لێکۆڵینەوە لە کوشتنی ژنان لە ئێران و پەیڕەوی لە ڕێکارەکانی دادپەروەری یاسایی بکەن و سزای توند بۆ ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە دەربکەن.

 

پشتیوانی لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەن

ئەریج ئەلعەشقەر، بەرپرسی یەکێتی چالاکی ژنان، ڕایگەیاند کە ئەوان لە بواری پاراستنی پرسی ژنان کار دەکەن و وتی: ئێمە هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ شۆڕشی ئێران لە چوارچێوەی دژایەتی ژنان لەگەڵ ڕژێم و داخوازی ئەوان بۆ خۆیان دەردەبڕین، پێویستە مافی ڕەوا و ئازادی بیروباوەڕ بە شێوەیەک کە لەگەڵ خۆیان بگونجێت و مافی خۆیانە ئەو لایەنە سیاسیانەی کە دەیانەوێت بگرنەبەر، ئێمە پشتیوانی لە ژنانی ئێران دەکەین لە شۆڕشەکەیان کە زیاتر لە دوو مانگەبەردەوامە و پێشێلکاری و پراکتیزە سیستماتیکییەکانی دژیان شەرمەزار دەکەین.

 

"بەردەوامی شۆڕش بەڵگەی ئیرادەی ژنانە"

مونا ئەبو شەعبان، سەرۆکی یەکێتی گشتی ژنانی فەلەستینی وتی: ژنان مافی ژیانیان لە ژینگەیەکی ئارام و دوور لە توندوتیژی، نادادپەروەری و هەڵاواردن هەیە، هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ ئەو ژنانەی کە لە ئێران چەوسێنراون دەردەبڕین، هیوادارین شۆڕش سەلامەتی و دڵنیایان بۆ بهێنێت، نادادپەروەری و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان کۆتایی پێبێت و مافەکانیان بدرێت و بەشدارییان لە کایە گشتییەکان زیاتر بکرێت. داوای دابینکردنی ژیانێکی شایستە لەسەر بنەمای سەلامەتی و ئاسایش بۆ ژنان و گۆڕینی یاساکان دەکەم، ئەم شۆڕشە گۆڕانێکی ڕیشەیی لە ژیانی ئەو ژنانەدا دێنێتە ئاراوە کە ساڵانێکە بە هۆی دابونەریتی کۆمەڵگە و چەوساندنەوەی دەسەڵاتەوە تووشی توندوتیژی بوون، درێژەی شۆڕش تا ئەمڕۆ بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ هێز و ئیرادەی ژنان بۆ گۆڕینی یاساکان.