دیلان غەفور: باشترین چارەسەر چاکسازییە لە هەرێمدا

زیاتر لە ١٠ جارە شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات، بەڵام هیچ ڕێکەوتنێک نەکراوە، ئەندام پەرلەمانێکیش دەڵێت ئەگەر ڕێکەوتن نەکرێت، باشترە هەرێمی کوردستان چاکسازی بنەڕەتی بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

شاندی هەرێمی کوردستان ١٠ی ئەم مانگە جارێکی دیکە چوونەوە بەغدا، تا لەگەڵ ئەندام پەرلەمانانی بەغدا گفتوگۆ بکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ  دەستکەوتێک بەدەست نەهاتووە، سەرباری ئەوەش هەر جارێک داواکارییەکانی بەغدا جێبەجێنەکرابێت، بۆ جاری داهاتوو داواکارییەکان زیاتر کراوە.

هەرچەندە پڕۆژە یاسایی بودجەی ساڵی ٢٠٢١ لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەند کراوە و نێردراوەتە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام لایەنە شیعەکانی پەرلەمانی عێراق داوای سەرجەم دۆسیەی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان دەکەن، لەبەرامبەریشدا سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان ڕایگەیاند ئامادە نین سەرجەم دۆسیەی نەوت ڕادەست بکەن.

 

هەر دوێنێ پاش کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕادەستکردنی سەرجەم دۆسیەی نەوت نا دەستوورییە، ئامادەنین ڕادەستی بکەن.

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا گفتوگۆیان کردووە، تا ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتەکان ڕادەستی بەغدا بکەن.

 

دیلان غەفور: سێکتەرەکانی عێراق ناشەفافە

دەبارەی ئەم بابەتە، دیلان غەفور ئەندام پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی لە لێدوانێکدا بۆ ژنها، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە داواکاری سەرجەم دۆسیەی نەوت لە لایەن عێراقەوە نا دەستووریە، لە کاتێکدا لە عێراقدا نەک تەنها دۆسیەی نەوت بەڵکو کۆی سێکتەرەکان ناشەفافە و گەندەڵی تێدایە.

بەپێی وتەکانی ئەو پەرلەمانتارە، هێشتاش ئەگەرێک بۆ ڕێکەوتن هەیە، لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنیشدا، دەڵێت "ئەگەریش ڕێکەوتن نەبوو، ئەوا باشترین چارەسەر چاکسازی ڕیشەییە لە هەرێمی کوردستاندا، هەروەها دابەشکردنی مووچەیەک مانگانەیە لە کاتی خۆیدا".

 

هەبوونی ژن لە شاندەکاندا کاریگەری زیاتری دەبوو

دیلان غەفور نەبوونی ژنی لە شاندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی وەک کەموکورتی لێکدایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بوونی ژنی بە هۆکارێک بۆ ڕێکەوتن دەزانی، وتی "چەندین ژنی شارەزا و بە توانا لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەگەر لە شاندەکاندا ژن هەبووایە ئەوا شاندەکان کاریگەری زیاتریان دەبوو".

 

سەرباری سەردانە بەردەوامەکان بەڵام هێشتا هیچ ئەنجامێک بەدەست نەهاتووە، بە پێی لێدوانی پەرلەمانتارانی کورد لە عێراق و چاودێرانی سیاسی، کە لە گفتوگۆی "پلاتفۆڕمی کوردستان بۆ پرسە نیشتیمانییەکان"باسی لێوە کرا، ئاماژەیان بەوەدا چەند لایەنێک هەن کە بەرژەوەندییان لەوەدایە کە هەرێمی کوردستان و بەغدا ڕێکنەکەون.

 

ت.پ