"دەوڵەتی تورک بە هێرشەکانی هەوڵدەدات خەڵکی سڤیل لە خاکی خۆیان دەربکات"

نورا ئەلحەمید هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردن دەڵێت:" ترساندنی مرۆڤەکان سیاسەتی دەوڵەتی تورکە کە لەسەر گوندەکانی سنوری مەنبەج هەیە، لەو سیاسەتەدا بە بۆمبارانکردن و تۆپبارانکردن ماڵی خەڵکی سڤیل بە ئامانج دەگرێت و دەیەوێت خەڵک لە ماڵی خۆیان دەربکەن و بە ئاسانی داگیرکاریی بکات".

 

سبیلیا ئیبراهیم

مەنبەج- لە ساڵی ٢٠١٦ لەکاتی ڕزگارکردنی شاری مەنبەج-باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەدەستی چەتەکانی داعش، هەرێمەکە بوە شاهیدی ڕەوشی پارێزراویی و ئارامیی، بەڵام دەوڵەتی تورک بۆ تێکدانی ئەو ئارامیە هەڕەشەو هێرشەکانی بەردەوامە و گوندەکانی سنوری مەنبەج زۆرکات دەکەونە بەر هێرشەکان.

 

"دەوڵەتی تورک ماڵی خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج"

نورا ئەلحەمید هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی بەڕێوەبەرایەتی سڤیل و دیموکراتیکی مەنبەج بۆ ژنها وتی:" لە کاتی ڕزگارکردنی شاری مەنبەجەوە و خۆڕێکخستنەوەی گەل، دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانی بە بەردەوامیی شارەکە بە ئامانج دەگرن، هەروەها لە دوایین هێرشدا گوندەکانی سەر سنور بە ئامانج دەگرێت، کە مالی خەڵکی سڤیلن و خەڵکێکی زۆر بریندار دەبن و گیان لەدەست دەدەن".

 

بێدەنگی دەوڵەتان

دەربارەی بێدەنگی دەوڵەتان، نورا ڕایگەیاند، ئەوان هەڵوێستێکی دیار نیشان نادەن تا ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک ڕابگرن. 

 

"تا بەرخۆدان و تێکۆشان هەبێ، دەوڵەوتی تورک سەرناکەوێت"

نورا ئەلحەمید هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردن پەیامێکی بۆ تەواوی خەڵکی مەنبەج نارد بە تایبەت بۆ دانیشتوانی گوندەکانی سەرسنور، دەڵێت:" هەتا بەرخۆدان و تێکۆشان هەبێ دەبێتە وەڵامێک بۆ هێرشەکانی تورک و کاتێک دەبینێت نیشتەجێی هەرێمەکە ماڵی خۆیان جێناهێڵن و ناڕۆن ئەوا پلانەکەی تێک دەچێت".

 ژنێک بە ناوی رەبا بەکرۆ نیشتەجێی مەنبەج ئاماژەی بەوەکرد، کەس شەڕ و وێرانکردنی وڵاتی خۆی ناوێت، دەیانەوێت هێرشەکان لەسەر هەرێمەکەیان ڕەتبکەنەوە، رەبا بانگ لە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەکات کە بەهەر شیوەیەک بێت دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە.

 

"هێرشی دەوڵەتی تورک نامرۆڤانەیە"

ژنێکی تر بە ناوی ئایشە داود هێرشی دەوڵەتی تورک لەسەر دانیشتوانی مەنبەج  بە تایبەت ژنان و منداڵان بە کارێکی نامرۆڤانە دەزانێت و دەڵێت:" ئەگەر ژنان خاکی خۆیان نەپارێزن، ئەوا دەبنە قوربانیی هێرشەکان، پێویستە بە زویی هێرشی دەوڵەتی تورک لەسەر هەرێمەکە کە لەدەستی داعش ڕزگارکراوە، ڕابگیرێت".