ڕازاو گوڵی: کوێرانە پاڵپشتی حزبەکانی باشووری کوردستان مەکەن

چالاکوانێکی کۆمەڵگەی مەدەنی دەربارەی هێرشەکانی دوڵەتی تورکیا داوا دەکات چیتر حکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکان بێدەنگ نەبن، چونکە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە دەرەنجامی خراپ و لەدەستدانی دەستکەوتەکانی لێدەکەوێتەوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لەگەڵ هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر خاکی باشووری کوردستان لە ١٧ی نیسانەوە هاوڵاتیان و خەڵکی باشووری کوردستان و لە نێویاندا ژنان و کەسانی ڕۆشنبیر و هونەرمەندان دەربارەی هێرشەکان هاتنە دەنگ و پێیانوایە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان خۆی بە خاوەنی خاکی کوردستان نازانێت، بۆیە بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

 

ڕازاو گوڵی، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دەربارەی داگیرکارییەکان ڕوونیکردەوە کە بە درێژایی مێژوو کورد ڕووبەڕووی هێرش و داگیرکارییەکان بووەتەوە، چەندین شۆڕشی بەرپا کردووە بەڵام نەمانتوانییوە لەگەڵ بوونی ئەو ژمارە زۆرەی کورد ببینە خاوەنی وڵات و خاکی خۆمان، بەڵکو بەهۆی ئەو هێرش و داگیرکاریانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو دواوە دەچین.

 

"ئەم داگیرکارییانەش نامۆ نین و کورد بەردەوام هێرشی دەکرێتە سەر، ئەویش لە پای ئەو سیاسەتەی کە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست و هەرێمی کوردستان بەڕێوەیدەبات، ئەو ملکەچییانەی دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر دەوڵەتانی داگیرکەر و بێدەنگی و بێهەڵوێستی ئەوانە بووەتە هۆی زیادبوونی هێرشە داگیرکارییەکان، بەپێی دەستور هەرێمی کوردستان بەشێکە لە حکومەتی عێراقی، بۆیە ئەم داگیرکاریانەی هەن بەر لەوەی داگیرکاری بێت بۆ هەرێمی کوردستان داگیرکارییە بۆسەر خاکی عێراق و حکومەتی عێراقی، بەڵام دەسەڵاتداران بێ ئیرادە بوون بەوەی کە ئەو داگیرکارییە و هێرشانەیان پێ قبوڵە."

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان بووەتە لایەنی جێبەجێکاری سیاسەتی دەسەڵاتە زلهێزەکان

ڕازاو گوڵی ئاماژەی بەوەدا کە بەردەوام سیاسەتی جۆراوجۆر لەلایەن دەوڵەتانی زلهێزەوە لەسەر حکومەت و لایەنە جیاوازەکان جێبەجێدەکرێت، هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەوان، بەڵام ئەوەی کەوتووەتە ژێر کاریگەری ئەو دەوڵەتە زلهێزانە کام لایەنە و چۆنە ئەوە جێگای باسە، "هەموو لایەنەکان بە بڕوای من بەشدارن لە هاوکاریکردنی دەوڵەتانی داگیرکەر و کەس لەم سیاسەتە بێبەری نییە، بەڵام هەندێکیان بۆ بوونی بەرژەوەندی خۆیان، خۆیانی لێ بەدوور دەگرن".

 

"ژنان لە هەموو دۆخ و سەردەمێکدا بە ڕووی داگیرکاران وەستاونەتەوە"

وتیشی: هەمیشە ژنان لە بەرامبەر داگیرکاراندا وەستاونەتەوە، هەر لە مێژووەوە ژنان لە باشووری کوردستان لەناو زیندان و شاخدا بە ڕووی ڕژێمی بەعسدا وەستاونەتەوە، لە ئێستاشدا چەندین کۆمەڵەی جیاواز لە ژنانی شۆڕشگێڕ و شەڕڤانان بە ڕووی داگیرکاراندا دەوەستنەوە و ڕۆڵی سەرەکیان هەیە لە وەستاندنەوە بە ڕووی دوژمنان، "ئەو بێدەنگییەی ئێستا بەدیدەکرێت تەنها ژنان نین بەڵکو بەشێکی هاوڵاتیان لە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکاندا بێدەنگن، ئەم بێدەنگیەش نیشانەی بێ ئومێد بوونە، چونکە هاوڵاتیان چاوەڕێیان لەو حکومەت و دەسەڵاتە نەدەکرد کە بەو شێوەیە ڕێگە خۆشبکات بۆ داگیرکاران و بێدەنگ بێت لە بەرامبەر هێرشی داگیرکاراندا".

 

"بەردەوامبوونی سیاسەتی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەناوچوونی هەرێمی کوردستانی بەدوادا دێت"

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو چالاکوانە جەختی لەوەکردەوە کە بەردەوامبوونی دەسەڵاتداران لەسەر بەڕێوەبردنی ئەم سیاسەتە بەرەو نەمانی هەرێم دەڕوات، ئەگەر ئەمڕۆ لە ڕێی سیاسەتکردن و بەرژەوەندییەکانەوە هێواش هێواش هەوڵی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان بدەن لە پاشەڕۆژدا لە ڕووی هێزەوە هەوڵی لەناوبردنی دەدەن.

 

هەروەها وتیشی: بۆیە بێدەنگبوونی حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان داهاتوویەکی باشی بەدوادا نایەت، گەل خودی خۆی هۆشیارە و ئاگادارە لەوە مێژوو بەرەو دووبارەبوونەوە دەڕوات بەڵام پێویستە هەمووان درک بەوە بکەن سەرەڕای بوونی ئەم دۆخە هێشتا ئومێد هەیە، ئومێد بە کەسانێکی پاک و نەتەوەپەرست کە داگیرکاری قبوڵ ناکەن و بەردەوام لە بەرەکانی جەنگدان دژی داگیرکاران.

 

لە کۆتایشدا دەڵێت: پێویستە پشتگیری ئەو لایەنانە بکرێت کە لە بەرەی گەلن و گەل بۆ خۆشی  لەبەری حەق بێت و بزانێت کێن ئەوانەی لە خەمی خاکی کوردستاندان، واز لەو پشتگیریانە بهێنن کە بە چاوێکی کوێرانەوە پاڵپشتی حزبێک دەکەن کە تەنها بە ڕووکەش خۆیان بە داکۆکیکاری مافی کورد دەزانن.