بیرمەندێک پەردەی تاریکی لەسەر کۆمەڵگە لادا
٤ی نیسان، ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانە، ئۆجالان بەو تێکۆشانەی هەر لە تەمەنێکی منداڵەوە دەستی دایە، توانی گۆڕانکاری گەورە لە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بکات، ژنانیش باس لە گرنگی فکر و فەلسەفەکەی دەکەن لەسەر ژیانی ژنان.
تەوار پێنجوێنی
سلێمانی- ٤ی نیسان، ٧٣یەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، لە دایکبوونی بیرمەندێکە کە بە فکر و فەلسەفەکانی پەردەی تاریکی لەسەر کۆمەڵگە لادا و بووە چەخماخەی زیندووبوونەوەی گەلێک لە لێواری توانەوە و نەماندا، ڕێبەرێک بوو ژنان لە سایەیدا ناسنامە و ڕاستینەی خۆیان دۆزییەوە و ژینگە ڕێڕەوە سروشتییەکەی بەرنەدا و بنەماکانی ئازادی، پێکەوەژیانی گەلان و دیموکراتی و ئاشتەوایی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هێشتەوە.
عەبدوڵا ئۆجالان، بە ناوی عەبدوڵا عومەر عەبدوڵا لە ٤ی نیسانی ١٩٤٩ لە گوندی ئامارای سەر بە شارۆچکەی خەلفەتی پارێزگای ئورفای باکوری کوردستان لەدایکبووە، ئۆجالان دایکی کاریگەری زۆری لەسەر دادەنێت، بەوەی چەندە ژنێکی بە جەرگ و خاوەن ئیرادە بووە و هەمیشە پاڵپشتی ئۆجالان بووە تا هیچ کاتێک لە مافەکانی خۆی پاشگەز نەبێتەوە، هەروەها بەشوودانی کچێکی هاوڕێی، کە منداڵ بوون و لەبەر دەرگا یارییان کردووە، لە شەو و ڕۆژێکدا دەبێتە خاڵێکی ناکۆکی لە زهنی ئۆجالاندا و لەگەڵ گەورەبوونیدا ئەو ناکۆکییە تەشەنە دەکات کە چۆن کچێک بەرامبەر بڕێک خۆراک و داخوازییەکی نێرسالارانە دەتوانرێت لە ژیانی خۆی داببڕێندرێت.
"تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت"
ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان سەرەڕای دەستبردن بۆ دۆزی کورد لە سەردەمێکدا کە دەوڵەتی تورکیا سیاسەتی لەناوبردنی لە ترۆپکدا و لە پارچەیەکی کوردستان (باکوری کوردستان)دا کە تا لێواری لەناوچوون کورد لەناوبرابوو، پرس و ڕاستینەی ژنیشی جوڵاند.
ئەو باس لەوەدەکات کە کۆمەڵگە لەسەر دەستی دایک-ژن ئاوابووە، دایک-ژن منداڵی هێناوەتە بوون، چاندنی دۆزیوەتەوە، پەروەردەی کۆمەڵگەی کردووە و داهێنەری ژیانە، بەڵام دەسەڵاتداری پێ بە پێی زەمەنەکان لە ژنی داوە و تا ڕۆژی ئەمڕۆ کە سیستمی سەرمایەداری پایەیەکی لەسەر ڕۆحی ژن خۆی دەژیەنێت، ڕاستینەی ژنیان حەشارداوە و ژنان بە کاڵا دەکرێن و کۆمەڵکوژی ژنان بەڕێوەدەچێت، پێشی وایە بۆ دەرچوون لەو دۆخەی ئێستای کۆمەڵگەکانی ژنان پێویستی بە ئازادی ژن هەیە و دەڵێت "تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت".
ژنان بە ئاشنابوونیان بە بیردۆزی تێکۆشان و ئازادی ژنانی ڕێبەر ئۆجالان، توانییان خۆیان لە کۆت و بەندەکان ڕزگار بکەن، گەورەترین تێکۆشان دژی سیستم، ئەقڵیەتی پیاوسالاری و داعش بەڕێوەببەن و لە جیهاندا وەک نمونەییترین ژن ناوبانگ دەربکەن، لە باکوری کوردستان تێکۆشانێکی بێ وچان، لە ڕۆژئاوای کوردستان پێشەنگایەتی شۆڕش، ژنانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەسەر هەمان فکر خۆیان بە ڕێکخستن کردووە و دژی نادادی، کۆمەڵکوژی، بە کاڵاکردنی ژن و هەموو ئەقڵیەتێکی تێکشکاندنی هێز و ئیرادەی ژن خەبات دەکەن.
ڕووناک مەجید، ئەندامی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بە لەدایکبوونی بیر، ئایدۆلۆژیا و سیاسەتێکی نوێ بەناودەکات، وتیشی ڕێبەر ئۆجالان هێزی خۆی لە دایکی و دۆزی کورد لە باکوری کوردستانەوە وەرگرتووە، "کاتێک ژن بندەست بێت، کۆمەڵگە هەمووی بندەستە، بۆیە دەستیکرد بە دۆزینەوەی ڕێگەی بەشداری ژنان لەناو ڕێکخستن و تێکۆشان لەپێناو گەلەکەیدا، بۆیە بۆ سەربەخۆبوونی ژنان لە دەربڕینی ڕاکانیشیدا لە بواری سیاسیدا هەوڵیدا ژنان بە پراکتیکی بەشداربن، چونکە ئەگەر ژن بەشداری سیاسەت بێت و بەڕێوەبردن بکات ئاشتی دێتە بوون بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە جێی ململانێ و ناکۆکییە".
ئەو ئەندامەی تەڤگەری ئازادی دەشڵێت پاراستی جەوهەری ژنان، کە ژن خۆی و کۆمەڵگەکەی لە بواری سیاسی و سەربازیشدا بپارێزێت بنەماکەی لە ڕێبەر ئۆجالانەوە بوو، "ئەم پاراستنە جەوهەرییە وایکرد کە ژنانی ئێزدی لە شەنگال و ژن لەناو ستاتۆی ڕۆژئاوای کوردستاندا بتوانن بەشداربن لە هەموو جومگەکانی سیاسەت و سەربازی و بەڕێوەبردندا و بە ئەقڵیەتی خۆیان خەبات بکەن".
یەکێک لە بنەماکانی فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، پاراستنی ژینگەیە و مانەوەیەکی وەکو سروشتی خۆی، کانی کەرەمپوور، ئەندامی حزبی کۆمۆنیستی ئێران، لەو بارەیەوە دەڵێت کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ژینگە و سروشت بە دایکی ئێمە دەزانێت، "بۆیە پاراستنی ژینگە خاڵێکی گرنگە بەلایەوە، هەموو ساڵێک لە ساڵیادی لەدایکبوونیدا دار دەچێندرێت بەو واتایەی کە ئێمە ژیان دەپارێزین و پارێزگاری لە ژینگە دەکەین و ژیانیان پێدەبەخشین".
ئەو ئەندامەی حزبی کۆمۆنیستی ئێران ئاماژەی بەوەدا کە ٢٣ ساڵە دەوڵەتی تورکیا ڕێبەری کوردانی دەستگیرکردووە و هێرش دەکاتەوە سەر کوردان، دەشڵێت: "ئەگەر هەموو کوردێک پێکەوە داوای ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان بکەن و دەکرێت پاشەکشە بە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بکە، هیوادارم ڕۆژێک ئازاد ببێت و وەکو کۆمەڵەی کۆمۆنیستی پێمان ڕەوا نییە هیچ کەسێک لە ئازادی بێبەش ببێت".
ت.پ