دۆخی ژن لە زیندانییەکانی پەدەکەدا، لە زاری زیندانییەکەوە ...٢

جوانا، ژنێکی چالاکوانی گەنجی ٢٥ ساڵە، ٧١ ڕۆژ لە زیندانییەکانی پەدەکەدا ماوەتەوە، لەم بەشەی دیمانەکەدا دۆخی ژنان لەناو زیندان دەگێڕێتەوە کە چۆن هەوڵ دەدرێت ئیرادەیان بشکێندرێت و ژنێکی کۆیلە بەرهەمبهێنن.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- جوانا باسی چۆنیەتی دەستگیرکردنی خۆی و دوو ژنی هاوەڵی کرد لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە لە کاتی گەڕانەوەیان لە ساڵیادی هێرشی داعش بۆ شەنگال لە ٥ی ئابدا، کاتێک دەگوازرێتەوە بۆ زیندانی چاکسازی ژنانی هەولێر، چاوی بە نزیکەی ٣٥٠ ژن دەکەوێت تەمەنیان لە نێوان ١٤-٧٠ ساڵدا بووە، کەلە زیندانێکدا بەند کراون، دەڵێت "بەشێکی ئەو ژنانە بە ماددەی 'ماددەی هۆشبەر' دەستگیرکرابوون، بەڵام خۆیان باسیان دەکرد کە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر کەسانی بەرپرسن".

 

لە زینداندا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و پەرلەمانتاران سەردان دەکەن و لە دۆخی زیندانییەکان دەپرسنەوە، بەڵام بە هیچ جۆرێک ناهێڵن چاویان بە زیندانییەکان بکەوێت، نە بادا قسەیەک بکەن و خراپی مامەڵەی ئاسایش و سەرپەرشتیارەکانیان باس بکەن، جوانا دەڵێت داوام کردووە کە کەسێک ببینم، پەرلەمانتارێکیان بۆهێنام، "پەرلەمانتارێکی حزبە ئیسلامییەکانیان بۆ هێنام، بێ ئەوەی گوێ لەمن بگرێت، کتێبێکی ئاینیی پێدام و وتی تاعات بکە و ناوی خودا و پێغەمبەر بهێنە، سەربەست دەبیت، لەکاتێکدا ئەمە هیچ پەیوەندی بە کەیسەکەی منەوە نەبوو".

 

جوانا بە پەرلەمانتارەکە دەڵێت، من مافی خۆمم دەوێت، من چالاکوانم و مۆڵەتم هەیە لە هەولێردا کاربکەم، بۆچی ناتوانم، پەرلەمانتارەکە لە وەڵامدا پێی دەڵێت، "چالاکوان مافی هەیە لە هەولێردا کاربکات، بەڵام نەک ئێوە".

 

"لە زینداندا دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر ژنان"

ئەو چالاکوانە باس لە ئەشکەنجەکان دەکات کە دەکرێتە سەر ژنان تا ددان بە تۆمەتەکاندا بنێن، دەڵێت: ئەشکەنجەکان سەرەتا لێدان بوو بە دار، دواتر کارەبایان لێدەدایت، سێیەمیان دەستدرێژی سێکسی بوو، لە کاتی ئەشکەنجە دەیانکردیتە ژوورێکەوە، کامێرەی تێدابوو دەیانوت دەبێت جلەکانت دابکەیت کامێرەکانیش پیاو نایبینێت، بەڵام من وەک چالاکوان بەدواداچوونم کرد، لە دەرەوە پیاو سەیری کامێرەکان دەکات، هەموو ئەمەشیان دەکرد تا کەسایەتی ئەو ژنەی پێبشکێنن و ددان بەو شتانە بنێت کە ئەوان دەیانوت.

 

بەهۆی ئەشکەنجەوە جوانا لە هۆش خۆی چووە، بەڵام هیچ چارەسەرێکیان نەکردووە و کە زیندانیەکانی دیکە داوایان کردووە چارەسەری پزیشكی بکەن، پێیان راگەیاندوون لە هۆش خۆچوونەکەی هی پێشترە و نوێ نییە، جوانا دەگێڕێتەوە کە ڕێگەیەک بۆ سیخوڕی هێنانی ژنی دیکەیە بۆ زیندانەکە بە ناوی چالاکوانە، تا قسە لە زاری زیندانییەکان بگرێت و بیباتە دەرەوە، "سێ کەسیان بە ناوی چالاکوانەوە هێنا تا قسەیان لەگەڵ بکە، بۆ من بە ئازار بوو ژنێک لەژێر دەسەڵاتی ئاسایشدا کاربکات و سیخوڕی بکات، ئەو گوشاری لە من دەکرد تا قسەم بکەم و دواتر بیبات بۆ ئاسایشەکان".

 

جوانا چەند تۆمەتێکیان بۆ کەیسەکەی زیادکردووە کە ماددەی ٢٩٨ی تەزویر، ماددەی ٤٠٦ی کوشتن و ماددەی هۆشبەریش بووە، تەنانەت لەناو زینداندا "هیرۆین"یشیان کردووەتە سەر جێگەی خەوەکەی تا تێوەبگلێنن، دواتر بەڕێوەبەری ژوورەکەیان وتوویەتی ئەوە شەکر بووە، "ئەمەش دەریدەخات کە خۆیان لە پشت بازرگانی ماددەی هۆشبەرەوە".

 

جوانا عەبدولباقی وەک ژنێک و چالاکوانێک ئاماژەی بەوەدا هەموو ئەو گوشار، ئەشکەنجە و دەستدرێژیانەی لە زیندانی پەدەکەدا دەکرێت بۆ شکاندنی مرۆڤ و شکۆیەتی، دەیانەوێت ئیرادەی ژن بشکێنن، بیکەنە کۆیلە و کەسی ژێردەستەی خۆیان، دەشڵێت: "داوا دەکەم چەندە لێدان و ئەشکەنجە هەبێت، ئەو ژنانەی دەچنە زیندان ئیرادەیان بەهێز بێت، لەسەر پێی خۆیان بوەستن، چونکە ئەو زیندانانە بۆ لەدەستدانی ئیرادە و فکر و هزری ئەو ژنانەیە، منیش وەک چالاکوانێک بەردەوام دەبم لە کارکردنم لەپێناو ژنان و لە هەر جێیەک ژنێک پێویستی بە من بێت من ئامادەی هاوکاریم".

 

ت.پ