ژنانی ڕانیە: پێویستە گەل دژی داگیرکارییەکان بوەستێتەوە

ژنانی ڕانیە دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیان و ئاماژەیان بەوەدا لە باشووری کوردستاندا بەکرێگیراو ڕێگەخۆشکەرە بۆ دەوڵەتی تورکیا، بۆیە دەبێت گەل خۆی بەڕێکخستن بکات و دژی داگیرکارییەکان بوەستێتەوە.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و قەندیل و گوندەکانی دەوروبەری بەردەوامی هەیە، هەر ساڵێک بە ناوی ئۆپەراسیۆنێکی جیاوازەوە دەستدەکات بە بۆردومان و ئامانجییەتی باشووری کوردستان داگیربکات.

 

ئەمساڵ لە ١٧ی نیسانەوە دەوڵەتی تورکیا ئۆپەراسیۆنی بۆ هەرێمەکانی شیلادزێ، دێرەلوک، ئامێدی و کوڕەژارۆ دەستپێکرد، ئامانجە گەورەکەی دەوڵەتی تورکیا کە داگیرکردنی خاکی کوردستان و زیندووکردنەوەی میساقی میللیە لە هەموو ناوچەکاندا بەدەستی گەریلاکانی ئازادی و تێکۆشانی گەلی کورد تێکدەشکێت، ژنان لە ڕانییە دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ئاژانسەکەمان دوان.

 

تارا ئاسۆس، چالاکوانی مەدەنی باسی لەوەکرد کە چەندین ساڵە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەستی بە هێرش و داگیرکارییەکی بەرفراوان کردووە، کە پیلانگێریەکی دوور و درێژی ئەو دەوڵەتەیە و پاساوەکانی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستانە، "ئێمە دەبینین دەوڵەتی تورکیا پاساو بۆ هێرشەکانی دەهێنێتەوە، ئامانجی دەوڵەتی تورکیا هەموو کوردێکە، لە باشووری کوردستان بەهۆی بەکرێگیراو و جاشەوە ئەو هەلە بۆ دەوڵەتی تورکیا ڕەخساوە، بەڵام ئەو داگیرکارییە مەترسیەکی زۆر گەورەیە بۆ سەر تاکی کورد بە تایبەتیش لە باشووری کوردستان.

 

"پێویستە گەل خۆی بە ڕێکخستن بکات و دژی داگیرکاری بوەستێتەوە"

ئەو چالاکوانە ئاماژەی بە مەترسی پیلانگێڕییەکان کرد و وتی: پێویستە هەموومان هۆشیار بین بەرامبەر ئەو پیلانگێڕی و داگیرکارییە کە دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی دەدات، ئێستا بە ئاشکرا شارەکان بۆردومان دەکات، بە دەیان هاوڵاتی شەهید دەبن، من گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی کە قسەکردن و لێدوان و بەیاننامە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەماوە، پێویستە بە پراکتیکی هەڵوێستی توند وەربگرین چونکە ئێمە دەسەڵات و هێزێکی حکومیمان نییە بەرپەرچی ئەو هێرشانە بداتەوە بۆیە دەبێت گەل خۆی بەرگری بکات.

 

 

تارا ئاسۆس لەبارەی زیانی هێرشەکان بۆ سەر هاوڵاتیان وتی: ئەو پیلانگێڕی و داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورکیا بژیانی هاوڵاتیانی لە ناوچە سنورییەکان و ناوچە شاخاوییەکان ڕاگرتووە و زیانی زۆری بە ڕەز و باخی هاوڵاتیان گەیاندووە، بۆیە ئەوەی پێویستە گەل خۆی ڕێکخستن بکات، هۆشیار بێت و یەکبگرێت ویست و ئیرادەی خۆی دەربخات و دژی ئەو پیلانگێڕی و داگیرکارییەی هەیە لەسەر باشووری کوردستان بوەستێتەوە، چونکە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لەناوبردنی گەلی کورد و فەرهەنگ و زمان و کولتوری گەلی کوردە.

 

"ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەم"

ئایشە خدر، ژنێکی دانیشتووی شارۆچکەی ڕانیەیە، دژایەتی خۆی بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا نیشاندا و وتی: من وەک هاوڵاتییەک لە باشووری کوردستان دژی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیام کە بۆ سەر باشووری کوردستان ئەنجامیدەدات، هاوڵاتی لەناو شارەکان بۆردوومان دەکات، ئیدانەی هێرشەکان دەکەم و هیوادارم لایەنی دەسەڵاتدار بێتەدەنگ و بەرپەرچی ئەو هێرشە داگیرکارییانە بداتەوە.