چالاکوانێکی برادۆست: بێدەنگبوون دەستی داگیرکاری درێژتر دەکات

هێرش و بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باشوری کوردستان بەردەوامە، ناوچە سنورییەکان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و چالاکوانێکی دەڤەری برادۆست باس لەوەدەکات هاوڵاتیان داوای وەستاندنی هێرشەکان دەکەن و دژی داگیرکارین.

مریەم ئەحمەد

 

هەولێر- ‎بە هۆی بۆردومانەكانی دەوڵەتی داگیركەری توركیا بە بیانووی داگیرکردنی باشوری کوردستان رۆژانە چەندین گوند لە سنوری شارەدێی سیدەكان بۆردومان دەكرێن، گوندەکان زیانیان بەردەکەوێت و چۆڵدەبن، هاوڵاتیانیش ناڕازین لەو دۆخە و داوای ڕیگری کردن لە هێرشەکان دەکەن.

 

‎ئاواز شێرزاد، چالاكوانێکی دەڤەری برادۆستی سەر بە شارەدێی سیدەکان لە پارێزگای هەولێرە، باس لە دۆخی ئەو دەڤەرە دەكات کە چەندین ساڵە بە هۆی بوونی سوپای دەوڵەتی توركیا و سوپای پاسدارانی ئێرانە و هێرشە بەردەوامەكانیانەوە کاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان کردووە، "لە ڕووی گوزەرانەوە زیانێكی زۆر بەر ئابووری خێزانەكان كەوتووە كە خێزان هەبووە چەندین مەڕ و مالاتی لە دەستداوە و زیان بەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کەوتووە بەهۆی بۆردومانەكانی دەوڵەتی توركیاوە، هەروەها چەندین گوند چۆڵكراون".

 

هاوڵاتیان داواکارن ڕێگری لە هێرشەکان بکرێت

ئەو چالاکوانە ژیانی هاوڵاتیان باس دەکات لەناو بۆردومان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا کە لە وەرزی بەهاردا ناتوانن بچنە شاخەکان و گیا بەهارییەکان کۆبکەنەوە، دەشڵێت: "هاوڵاتیان ناڕازین لە دۆخی ناوچە سنورییەکان و بەردەوام داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن سنور بۆ داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەبنێت و بە بیانووی جیاواز هێرش نەکرێتە سەر هاوڵاتیان".

 

هەروەها ئاماژەی بەوەدا سنوری دەڤەری برادۆست کە ناوچەیەکی گەشتیارییە بەڵام بەهۆی بۆردومانەوە ناتوانرێت سەردانی بکرێت و وەک کەرتی گەشتیاری مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، لە کۆتایشدا جەختی لەوەکردەوە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگری لە هێرش و بۆردومان نەکات شوێنی نیشتەجێبوونی ناوچە سنورییەکان چۆڵ دەبن و دەستی داگیرکاری درێژتر دەبێت بۆ سەر ناوچەکە.

 

برادۆست ناوچەیەکی دڵگیرە و جێی ئامانجی دەوڵەتی تورکیایە

جێی ئاماژەیە دەڤەری برادۆست یەکێکە لە ناوچە دڵڕفێنەکانی باشوری کوردستان، ناوچەیەکی گەشتیارییە و خاوەن چیای سەرکەشە، بەڵام بەهۆی لەشکرکێشییە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناوچەکە گوندنشینان ڕووبەڕووی فشار دەبنەوە، لە سەرەتای مانگی نیساندا، زیاتر لە ١٠٠ سەربازی دەوڵەتی تورکیا دەچنە گوندەکانی خەلیفان، لێلکان، هەڵکێڵا و کونەڵە، هەڕەشە و داوای کاری هەواڵگرییان لە خەڵکی گوندەکە کردووە بەڵام ڕەتکراوەتەوە، دوابەدوای ئەوە لە ١٥ی نیساندا سوپای تورکیا دەچێتە گوندەکانی دیلا ـ مالماڵۆک ـ میدان لە سنوری دەڤەری برادۆست و ١٥ گەنجیان لێ دەستگیر دەکات و ئەشکەنجەیان دەدەن.