"بە نەکڕینی کاڵای تورکی دەتوانین زیان لە دەوڵەتی تورکیا بدەین"

هاوڵاتیان ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری پەدەکە بۆسەر باشوری کوردستان دەکەن، ژنێکی دانیشتووی هەڵەبجەش دەڵێت، دوژمنی کوردان یەکن و دژی کوردی هەر پارچەیەک بن، دژی باشوری کوردستانیشن.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- شەوی ١٧ی نیسان، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری پەدەکە لە شیلادزێ-ئامێدی-دێرەلوک دەستیپێکرد و ئامانج داگیرکردنی چیای کورەژارۆ بوو، تا لەوێوە بتوانن کۆنترۆڵی ناوچەکە بکەن و هەردوو ناوچەی زاپ و کورەژارۆ ئاستەنگ بکەن، مەودای هێرشەکانیشیان بەرفراوان بکەن، هێرشە داگیرکارییەکان پلانێکی پێشوەختە بوو و ئاشکرا کرا، دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەش گورزی گەورە بەس سوپای تورکیا کەوت و ئەو ئامانجەی هەیبوو نەیتوانی بیباتە سەر، شەڕ و بەرخۆدانییەکانیش بەردەوامن.

 

 هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری پەدەکە بووەتە هۆی نیگەرانی هاوڵاتیان و دەڵێن میژووی داگیرکاری و خیانەتکردن دووبارە دەبێتەوە.

 

نەرمین سادق، هاوڵاتییەکی دانیشتووی هەڵەبجەیە، باس لەوەدەکات کە گەلی کورد بەردەوام لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە هەوڵی داگیرکردنی دراوە و سەرچاوەی کێشەبوون بۆ باشوری کوردستان، "ئێران هەڵەبجەی داگیرکرد و کیمیابارانی کرد، تورکیاش پێی ڕاکیشاوە بۆ ناوچە کوردستانییەکان و لە دوای ڕژێمی بەعسەوە دەستیکردووە بە داگیرکردنی قەندیل و دەوروبەری دهۆک و زنجیرە چیاکانی  برادۆست و گوندەکان بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی دەوڵەتی تورکیادان و ناتوانن لە گوندەکانی خۆیاندا کشتوکاڵ و پیشەکانیان".

 

وەک هاوڵاتیەک ڕەخنە لەو لایەنانە دەگرێت کە هاوکاری دەوڵەتانی داگیرکەر دەکەن و دەڵێت: کورد ئەگەر خۆی دەستپێشخەر نەبێت بۆ داگیرکەر، کەس ناتوانێت سنور ببەزێنێت، ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین کە تورکیا کوردستان داگیربکات، ئێمە دەتوانین یەکێتی خۆمان پێکبهێنین و پتەو بین دژی داگیرکارییەکان.

 

داوای بایکۆتی کاڵای تورکی دەکرێت

 نەرمین سادق ئاماژەی بەوەدا بە نەکڕینی کاڵای تورکی دەتوانین لە ڕووی بازرگانییەوە زیان لە دەوڵەتی تورکیا بدەین، "بە نەکڕینی کاڵا و شمەکی تورکیا دەتوانین زیان بدەینە ئابوری تورکیا، تا شتومەکی ناوخۆ بەکاربهێنین و لە ڕووی کشتوکاڵ و کارەوە پەرە بە بەرهەمی ناوخۆ بدەین".

 

لە کۆتاییدا نەرمین سادق، وەک هەڵەبجەییەک دەڵێت: ئەگەر تورکیا دژی کوردە لە تورکیادا، دژی کوردە لێرەش، دوژمنی سەرەکی هەر پارچەیەکی کوردستان، دوژمنی کوردستانی باشوریشە".

 

ئەگەرچی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری پەدەکە ناڕەزایەتی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە، بەڵام هەتا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان و سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە هیچ لێدوانێکی فەرمییان بڵاونەکردووە.