"پێویستە هاوڵاتیان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە سیستمی حکومڕانی بەشداری هەڵبژاردن بکەن"

ململانێی حیزب و لایەنە سیاسیەکان بەردەوامن بۆ بەدەستهێنانی دەنگی هاوڵاتیان، لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا لە ٪٥٩ هاوڵاتی بەشداری دەنگدانیان کرد، بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان هەزار و ١٩١ بەربژێر ململانێی ١٠٠ کورسی پەرلەمان دەکەن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- ئەمڕۆ، ٢٠ی تشرینی یەکەم، وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە بۆ ساڵی ٢٠٢٤-٢٠٢٨، لە کاتژمێر ٧:٠٠ی سەر لە بەیانی پرۆسەی هەڵبژاردن دەستی پێکردووە و تا کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

 

لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا، بەپێی راگەیەندراوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان ٣ ملیۆن و ٨٨ هەزار و ٤٦١ هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ژمارەیەش یەک ملیۆن و ٨٤٥ هەزار و ٩٧٩ هاوڵاتی بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان کردووە، کە رێژەی بەشداری هاوڵاتیان دەکاتە ٪٥٩، لە خولی شەشەمیشدا دوو ملیۆن و ٨٩٣ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ی هەرێمی کوردستاندا سیستمی كۆتای ژنان بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی ١٩٩٢ی هەموواركراو کە ئاماژە بە دیاریكردنی ڕێژەیەك بۆ ژنان دەكات، بە لە ٣٠٪ كەمتر نەبێت، دیاری کرا، هەروەها بەشداریی ژنان بە درێژایی پێنج خولی پەرلەمان، بەم شێوەیە بووە؛

 

لە خولی یەکەمی پەرلەمان شەش ژن و ٩٩ پیاو پەرلەمانتار بوون

خولی دووەم ٢٧ ژن و ٨٤ پیاو پەرلەمانتار بوون

خولی سێیەم ٣٩ژن و ٧٢ پیاو پەرلەمانتار بوون

لە خولی چوارەم و پێنجەمدا ٣٤ ژن و ٧٧ پیاو پەرلەمانتار بوون

 لە خولی شەشەمی پەرلەماندا، ١٣٦ لیست و هەزار و ١٩١ بەربژێر، ململانێی ١٠٠ کوردی پەرلەمان دەکەن، کە ٣٦٨ بەربژێریان ژنن.

 

"پێویستە ژنان بەدەر لە کۆتا بە ویست و ئیرادەی خۆیان وەک نوێنەری گەل بچنە پەرلەمان"

شیرین تاهیر، نووسەر و چالاکوانی مافی مرۆڤ، باس لەوە دەکات، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان پرۆسەیەکی سیاسی و مەدەنیە، هەڵەی حکومڕانی وادەکات هاوڵاتیان و هەرێمەکەیان بەرەو ئاقارێکی مەترسیداری سیاسیی و ئابووری هەنگاوبنێن، دەشڵێت: سەرەڕای ئەو قەیرانە ئابووری و سیاسییەی لە باشووری کوردستاندا دەگوزەرێت، نابێت ببێتە هۆی بایکۆتکردنی دەنگدان، چونکە بەشداری نەکردنی هاوڵاتیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکاندا، نابێتە هۆکاری دواکەوتن و لە کارکەوتنی حکومڕانی لە باشووری کوردستاندا. هەبوونی ئەو قەیرانەی هاوڵاتیانی پێدا دەڕوات پێویستی بە گۆڕانکاری دەبێت لە لایەن هاوڵاتیانەوە، پێویستە هاوڵاتیان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە سیستمی حکومڕانی بەشداری لەم کیانە سیاسییەدا بکەن، دامەزراوەی پەرلەمان نوێنەرایەتی هاوڵاتیان دەکات.

 

شیرین تاهیر باس لە گرنگی بەشداریکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەکات و دەڵێت: هاوڵاتیان پێویستە بەشداری لە دەنگداندا بکەن، هەڵبژاردنی بەربژێرێک بۆ شیاوی پەرلەمان و نوێنەرایەتی ئەرکی هەموو تاکێکی دەنگدەرە، پێویستە بەربژێرانیش بە باشترین شێوە کار لەسەر لایەنی ئابووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانتاران دەبێت نوێنەری گەل بن، بۆ تەواوی مافەکانی هاوڵاتیان و ژنان تیکۆشان بکەن.

 

ئەو چالاکوانە جەختی لە ڕۆڵی ژنانی پەرلەمانتار کردەوە و وتی: کاتێک ژنانێکی بەربژێر دەچنە پەرلەمان، تەنها وەک کەسێکی ئاسایی ناچن، بەڵکو داکۆکی لە سەروەری نیشتمان و باشکردنی گوزەران و ئابووری دەکەن، ژنان بەدەر لە ئەرکەکانیان دەبێت وەک نوێنەرێکی ژن لە پەرلەماندا بوونیان هەبێت، بە هۆکاری ئەوەی هەرێمی کوردتان لە ئێستادا ژنان بەهۆی هەموواری یاسای باری کەسێتی ڕووبەڕووی چەندین ئاقاری مەترسیدا دەبێتەوە، لە بەرامبەردا دیدگای کۆمەڵگا و ئەقڵیەتی پیاوسالاری ژنانی بەربژێر وەک کیانێکی سیاسی تەماشا ناکات لە پەرلەماندا.

 

لە کۆتایدا شیرین تاهیر وتی: کاتێک ئەو ژنانەی وەک مافناسێکی ژنان دەچنە پەرلەمان، چەندین هەوڵ دەدەن بۆ بەدەستهینانی مافەکانی تایبەت بە ژنان، هەروەها بەدەر لە کۆتای ژنان، دەبێت ژنانی بەربژێر وەک ئەرکێکی مێژوویی بچنە پەرلەمان و پێویستە لە خولەکانی دیکەی پەرلەماندا بێ پشت بەستن بە کۆتا بە ویست و ئیرادەی خۆیان بچنە پەرلەمانەوە.