پەیوەندی شەڕ و چەوساندنەوەی ژنان؟

شرۆڤەکارێکی سیاسی لە کرماشان پێی وایە، شەڕ ژنانی خستووەتە ناوەندی قەیران و ژیانی ئەوانی زیاتر لاواز کردووە و ئەو شەڕە دەتوانێ بیانوو بۆ سەرکوتکردنی زیاتری ژنان دابین بکات.

سەبا مەجیدی

 

کرماشان - بە پێی ئامارێک کە لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و شیکاری ئابوورییەوە بڵاو کراوەتەوە، ئێران ساڵانە بە ملیارەها دۆلار بۆ پەرەپێدان و پاراستنی چەکی مووشەکی خۆی خەرج دەکات. مەزەندە دەکرێت بودجەی سەربازی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر لە ١٥ ملیار دۆلار بێت کە بەشێکی بەرچاوی بۆ بەرنامەی مووشەکی تەرخان کراوە. بنکە مووشەکییەکان لە ناوچە ستراتیژییەکانی وەک کرماشان تێچووی زۆر بەسەر خەڵکی ئێراندا دەسەپێنن و لەم نێوەندەدا قەیرانە ئابوورییە ناوخۆییەکانی وەک هەڵاوسان و بێکاری و کەمبوونەوەی بودجەی کۆمەڵایەتی کاریگەریی زۆری لەسەر ژیانی خەڵک و بەتایبەت ژنان داناوە.

 

لەلایەکی دیکەوە، لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە ژنان تەنها لەکاتی شەڕدا بەرکەوتەی توندوتیژی جەستەیی نین، بەڵکو بارگرانییەکی زیاتری ئابووری و کۆمەڵایەتیش هەڵدەگرن. بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژنان و منداڵان نزیکەی ٪٨٠ی پەنابەرانی جەنگ پێکدەهێنن و لە بارودۆخی شەڕدا، ڕووبەڕووی کێشەی توندی دەستڕاگەیشتن بە تەندروستی و ئاسایش و پەروەردە دەبنەوە.

 

ژمارەی بنکە مووشەکییەکانی پارێزگای کرماشان

زانیاری ورد و فەرمی سەبارەت بە بنکە مووشەکییەکان لە ئێران بە گشتی بە هۆی کێشە ئەمنی و سەربازییەکان بە ئاشکرا بڵاو ناکرێتەوە. بەڵام به پێی زانیاریی گشتی و شیکاری سەربازی، پارێزگای کرماشان وەک یەکێک له ناوچه ستراتیژیکەکانی وڵات له نزیک سنووره کانی ڕۆژئاوا، شوێنی هەندێک بنکەی مووشەکی و دامەزراوەی سەربازییه . لە دەوروبەری شاری کرماشان لانیکەم سێ بنکەی مووشەکی هەیە و هەروەها لە شارەکانی قەسرشیرین، سەرپۆل زەهاب، سەلاس و باباجانی و جوانڕۆش بنکەی مووشەکی دامەزراون کە ئەمنیەتی و میلیتاریزەکردنی ناوچەکەی زیاتر کردووە.

 

کرماشان و هێرشە مووشەکییەکانی ئەم دواییە

ئەو بنکە سەربازییەی کە دەکەوێتە چیای پراڤ لە کرماشان تا ئێستا بە فەرمی بە ناوی دیاریکراوەوە ڕانەگەیەندراوە. بەڵام بە شێوەیەکی نافەرمی و لە ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکاندا وەک یەکێک لە بنکە ستراتیجی و ژێرزەمینییەکانی ئێران ئاماژەی پێکراوە. ژمارەیەکی زۆر لەو موشەکانەی لە هێرشەکەی ئەم دواییەدا ئاراستەی ئیسرائیل کران لەم بنکەیەوە ئاراستە کران و بە بەزاندنی ئاسمانی شارەکە ترس و دڵەڕاوکێی لای هاوڵاتیانی ئەم شارە گەورە چڕ و پڕ دانیشتوانە دروست کرد. بنکە مووشەکییەکانی ئێستا لە پارێزگای کرماشان، چەندین کێشەی ژینگەیی و کۆمەڵایەتی بۆ خەڵکی ناوچەکە دروست کردووە. ئەم بنکانە بوونەتە هۆی لەناوچوونی ئیکۆسیستەمی زاگرۆس و جۆرەها پیسبوونی ژینگە. هەروەها ئەو خەرجییه گەورەیەی که بۆ پەرەپێدان و پاراستنی ئەو بنکانه خەرج دەکرێت، دەرفەته کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی بەرەو پێشبردنی پێگەی ژنان و چین و توێژه کانی دیکەی کۆمەڵگەی له ناوبرد.

 

سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییە و درێژەی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ "ه.گ"، چالاکوان و شرۆڤەکاری پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کرماشان ڕێکخستووە:

 

گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل گۆڕاوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئەمە چیتر شەڕی بە وەکالەت نییە، بەڵکو شەڕی ڕاستەوخۆیە. وەک ژنێکی چالاکوان دۆخی ئێستای شەڕی ئێران و ئیسرائیل چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

ئەم شەڕە ململانێیەکی سەربازی و ئایدیۆلۆژییە کە لێکەوتەی قورسی لەسەر ژیانی ژنان هەیە. لەم قەیرانەدا ژنان نەک هەر بەرکەوتەی توندوتیژی جەستەیی و سێکسی نین، بەڵکو باری دەروونی و ئابووری شەڕیش قورسترە لەسەر شانیان. ئەم مەرجانە پێویستە لە ڕوانگەی ژنانەوە بە ڕەخنەگرانە پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت.

 

چ پەیوەندییەک لە نێوان تێڕوانینە جێندەرییە باوەکان و شەڕی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەبینن؟

شەڕ و توندوتیژی سەربازی ئامرازی کۆنترۆڵکردن و سەرکوتکردنن لە سیستەمی پیاوسالاریدا. چاوپۆشیکردن لە ژنان لە پرۆسەی بڕیاردان و ئەو کاریگەرییە تێکدەرانەی کە شەڕ لەسەر ژیانی ئەوان هەیەتی، نیشانەی سیاسەتی پیاوسالارییە کە لە حکومەتە نەتەوەییەکان یان دەوڵەتە نەتەوەکاندا هەیە. لە هەلومەرجی ئێستادا ژنان بە تایبەت لە ئێران لە پێشەنگی ئەم کاریگەرییە وێرانکەرانەدان. شیکارییەکانی بزووتنەوەی ژنان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم جۆرە شەڕانە نەک تەنیا وەک ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی بەڵکو وەک دەرئەنجامی پێکهاتە ناڕەوا و پیاوسالارییەکان لێی بکۆڵرێتەوە. لەسەر بنەمای ئەم شیکاریانە گەڕانەوە بۆ ژیانێکی ژن ئاڕاستەکراو و ئیکۆلۆژی ڕێگایەکە بۆ دروستکردنی ئاشتییەکی بەردەوام و کەمکردنەوەی توندوتیژی.

 

پرسیار: ئایدۆلۆژیای حوکمڕانی ئەم دوو دەوڵەت نەتەوەیە چۆن کاریگەرییان لەسەر سەرهەڵدانی ئەو جۆرە شەڕە وێرانکەرانە هەیە؟

ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتدار لە ئێران و ئیسرائیل ژنان لە پڕۆسەی بڕیاردان بەدەر دەکەن و سیاسەتەکانیان تەنیا بەرەو پەرەسەندنی توندوتیژی و شەڕ دەبات. دەوڵەتەکان بە گرنگیدان بە پەرەپێدانی میلیتاریزم، ئەولەویەتەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری پشتگوێ دەخەن و ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی ژنان دەبێت، بۆ ئەوەی لە قەیرانە درێژخایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربچین، پێویستە گرنگی بە شیکارییەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان سەبارەت بە یەکسانی جێندەری و ژیانی ژنان ئاڕاستەکراو کە جەخت لەسەر ئاشتی و دادپەروەری دەکاتەوە بدەین.

 

ئایا هیچ ئەزموونێکی شەخسیتان هەیە لەم قەیرانە؟ وە بەگشتی هاوڵاتیانی کرماشان لە شەوی هێرشەکەدا چیان ئەزموون کرد؟

بەڵێ، لە کاتی چالاکییە سەربازییە بەرفراوانەکان و تەقاندنی مووشەک لە بنکەکانی کرماشانەوە، من و زۆرێک لە ژنانی ئەم ناوچەیە ڕاستەوخۆ بەرکەوتەی ترس و نیگەرانییەکان بووین کە بەهۆی هێرشی سەربازییەوە دروستبوو. ماڵەکەمان لە گەڕەکێکدایە کە دەکەوێتە دامێنی چیای پراڤ و تاقەوسان و لە ڕاستیدا نزیکە لە بنکە مووشەکییەکان. ماڵەکانمان بە تەقەی بەردەوامی موشەکەکان بە توندی دەلەرزین و دیارە شووشەی ماڵەکانی یەکێک لە دراوسێکانمان شکا، هەستمان بە نائەمنی دەکرد و لەگەڵ زۆرێک لە دراوسێکان
چووینە سەر شەقام و تووشی شۆک بووین و ئەمەش تەنها بەشێکە لە قەیرانەکە. ئێمە لەگەڵ ترسناکییەکانی شەڕدا ژیاوین و دەبێت کاربکەین بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە.

 

بزووتنەوەی ژنان لە ئێران پەیوەندی بە شەڕەوە هەیە یان دژایەتی دەکات؟

ژنان لە ئێران بۆ گەیشتن بە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی جێندەری ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبنەوە. بەڵام هەوڵی بەرفراوان لەلایەن ژنانی چالاکوانەوە دراوە، زۆرێکیان سەرەڕای بەرتەسکی زۆر بەردەوامن لە بەرزکردنەوەی دەنگی خۆیان لە دژی شەڕ و توندوتیژی. ناڕەزایەتی ژنان لە ئێران تەنیا بۆ مافی تاکەکەسی خۆیان نییە بەڵکو وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ ئاشتی و دادپەروەریشە، بەڵام بەم شێوەیەش ڕووبەڕووی سەرکوتی بەرفراوان دەبنەوە.

 

قسەی کۆتایی چییە؟

شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی نییە بەڵکو ئامرازێکە بۆ بەهێزکردنی سیستەمی پیاوسالاری و ستەمکارانە. شیکارییەکانی بزووتنەوەی ژنان ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە شەڕ ژنانی خستووەتە ناوەندی قەیرانەکانەوە و ژیانی ئەوانی لاوازتر کردووە، شەڕەکەش دەتوانێ بیانوو بۆ چەوساندنەوەی زیاتری ژنان دابین بکات. سەرەڕای هەموو تەحەددیاتەکان، ژنانی ئێران بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ مافەکانیان و گەیشتن بە ئاشتی و یەکسانی. هەنگاونان بەرەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییە ئیکۆلۆژییەکان دەتوانرێت وەک چارەسەرێک بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و شەڕ بخرێتەڕوو.