ژنانی عێراق؛ دەنگی بەرخۆدان لە بەرامبەر ئاڵنگاری دەرەکیدا

ژنان لە عێراق بەشێکی جەوهەریی پەیکەری کۆمەڵایەتی و سیاسین، فرە بۆچوون و ڕەوت و هەڵوێستیان هەیە بەرامبەر بە دەستێوەردانە دەرەکییەکان کە کاریگەری نەرێنی لەسەر بارودۆخی ئابووری و ژیان هەیە، بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژنان و خێ

ڕەجا حەمید ڕەشید

 

عێراق- ژنان لە عێراقدا هەوڵدەدەن سەقامگیرییەکی بەردەوام و ژینگەیەکی سەلامەت بەدەستبهێنن، کە ڕێگەیان پێبدات بەشێوەیەکی کاریگەر بەشداری ژیانی گشتی بکەن، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی دەستێوەردانەکانی دەرەکی، ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی زیاتر دەبنەوە کە بریتین لە لەدەستدانی ناسنامەی نەتەوەیی و زیادبوونی توندوتیژی و ئاستەنگی بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانیان، وەک زۆرێکیان هەست بە نیگەرانی دەکەن لە دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی سەبارەت بە ئاسایش و سەقامگیری.

 

ڕێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراق، باسی لەوەکرد، کە لەشکرکێشی سوپای تورکیا و هاتنە ناوەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ئاسمانی عێراق کاریگەری گەورەی هەیە، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، سوتاندنی گوند و باخ و تەنانەت ناو شارەکانیش پێشێلکارییەکانی سەروەری دەوڵەتن، سەرەڕای ئەمانەش لایەنە پەیوەندیدارەکان لە عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بێدەنگن و پێشوازییان لێدەکەن، بەهۆی ئەم دۆخەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ژنان هەمیشە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، لە ڕێگەی ئاوارەبوون لەگەڵ منداڵەکانیان لە ناوچەکانی خۆیان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "وەک ژنان بەگشتی کۆمەڵێک ڕێوشوێنمان گرتەبەر، وەک کۆبوونەوە، دەرکردنی بەیاننامە، کۆکردنەوەی واژۆ، و یەکخستنی دەنگ بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پێشێلکاری و هێرشانە، بەڵام هیچ وەڵامێکی ڕوونمان لەلایەن دەسەڵات و لایەنی پەیوەندیدارەوە پێنەدرایەوە بەرامبەر هەموو ئەو پێشێلکاری و هێرشانە.

 

پەریان ئەحمەد زەردەشت، ڕۆژنامەنووس لە شاری سلێمانی، باسی لەوە کرد کە بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی عێراقی لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە تاوان و نیشاندەری مەترسییە و هاوبەشی لایەنی دەسەڵاتدارە لەڕێگەی ئاسانکاری بۆ دەستدرێژی سەربازی بۆ ناوچەکە، ئەمە جگە لە بێدەنگی حکومەت لە بەرامبەر ئەو هێرشانە و شکستهێنان لە ڕێگریکردن لە دەستێوەردانەکانی سەربازی لەناو خاکی عێراقدا.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە بە ئیدانەکردنی بەئامانجکردنی ژنان لە سلێمانی، جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی هاوڵاتیان و پاراستنی کەرامەتیان بە گشتی و ژنانی عێراق بەتایبەتی کردەوە.

 

حەنان سالم، ڕۆژنامەنووسی عێراقی، ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی تورکیا ساڵانێکە بیانوو بۆ هێرشەکانی دەهێنێتەوە کە بۆ سەر پارتی کرێکارانی کوردستانە، تا ڕەوایەتی بە هێرشەکانی خۆی بهێنێتەوە، بەڵام بەدەستهێنانی موسڵ تا ئێستاش "خەونێکی هەمیشەیی"یە بۆ دەوڵەتی تورکیا.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە نیگەرانی خۆی لە بێدەنگی حکومەت سەبارەت بەم "هێرشە ئاشکرایانە" کە لە لایەن وڵاتانی دراوسێوە دەستی پێکردووە، خستەڕوو، بە لاوازی سەروەری خاکی عێراقی لە قەڵەمدا.

 

ئیلهام ناسر زوبەیدی، سەرۆکی کۆمەڵەی ژنانی نیلوفەر لە شاری بەسرە لە باشووری عێراق ڕایگەیاند، لە دوای دەرچوونی بڕیارنامەی ١٣٢٥ی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە داوای چارەسەرکردنی هەموو ناکۆکییەک دەکات بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە پێناو ئاسایش و ئاشتی و ژنان دوای ئەو شەڕ و گەمارۆدانانەی وڵاتەکەمان بەریکەوتووە و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەکە و بەها ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکان کردووە، ئەمە لەناو خێزانەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو دەردەکەوێت، کە ژنان هاوژینەکەیان لەدەستداوە و منداڵان بێ باوک بوون، لەم دۆخانەدا منداڵ و ژنان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "من پێم وایە وەڵامدانەوەی ململانێکان لە ڕێگەی چەکەوە نییە، شەڕەکان لە هەموو وڵاتانی جیهاندا هەڵگیرساون و ئەنجامەکانیان ترسناکن، بە تایبەت بە هۆی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان و بەکارهێنانیان لە شەڕەکاندا بۆ ئەوەی زیاتر نەرێنی و وێرانکەر بێت".