"داخستنی پادێ بڕیارێکی سیاسییە و بەردەوامی ئەو فەرمانەیە"

غەزال خێرۆ، ئەندامی لیژنەی دیبلۆماسی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال، لەبارەی بڕیاری عێراق بۆ داخستنی پادێ ئاماژەی بەوەکرد، کە داخستنی پادێ بڕیارێکی سیاسییە و درێژەپێدانی فەرمانەکەیە

ڕۆژین حەبابی

 

شەنگال- ڕۆژی ٦ی ئاب، ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری داخستنی پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدی-پادێ، تەڤگەری ئازادی و پارتی بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی دا، ئەم بڕیارە دوای ٣ ڕۆژ لە یادی ١٠ ساڵەی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ درا، خەڵکی شەنگال و ئەندامانی پادێ ناڕەزایی خۆیان لە دژی بڕیاری داخستنەکە دەربڕی و ڕایانگەیاند کە ئەمە بڕیارێکی سیاسییە بۆ لەناوبردنی ئیرادەی ئێزدییەکان.

 

سەبارەت بە ئامانجی داخستنی پادێ، غەزال خێرۆ، ئەندامی لیژنەی دیبلۆماسی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال ڕایگەیاند، کە سیاسەتی بەردەوامیدان بە  فەرمانەکە لە کاردایە، وتیشی: ئەم بڕیارە ئاستی عێراق دیاری دەکات و ڕوونە کە پێشتر بڕیارەکە دراوە، چونکە کاتێک دەوڵەت بڕیارێک دەدات، پێش هەموو شتێک کار دەکات، لە ٣ی ئابدا پێکهاتەی ئێزدی بە فەرمانێکدا تێپەڕی، بۆیە پێویست بوو عێراق پشتیوانی پێکهاتەی ئێزدی بکات، بەڵام لەبری ئەوەی ئەم کارە بکات، بڕیاری دا حزبەکەیان دابخات، بەم شێوەیە دەیەوێت لە هەموو بوارێکدا بێ کاریگەریمان بکات.

 

"هەموو کەس دەزانێت کێ بە هاوارمانەوە هات و کێ هەڵهات"

غەزال خێرۆ ئاماژەی بەوەدا کە هەموو کۆمەڵگەیەک هەمیشە ڕووبەڕووی فەرمان دەبێتەوە ئەگەر لایەنی سیاسی خۆی نەبێت وتی: نەک تەنها کۆمەڵگەی ئێزدی، هەموو کۆمەڵگەیەک ئەگەر لایەنی سیاسی و سەربازی خۆی نەبێت هەمیشە ڕووبەڕووی فەرمان دەبنەوە و مافەکانیان لەدەست دەدەن، ئەم حزبە حزبی ئێزدیەکان بوو، پێش فەرمانەکە حزبی سیاسیمان نەبوو، لە دوای فەرمانەکە بینیمان کێ پاڵپشتیمان دەکات و هاتووەتە سەر بیروباوەڕی ئێمە، دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو کەسانە نەبوون کە هاتن بە هاواری پێکهاتەی ئێزدی و گیانیان بەختکرد بۆ ئەو پێکهاتەیە، لە ئێستادا عێراق ئەم حزبە بە پەکەکەوە دەبەستێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا پادێ پارتێکی سیاسی سەر بە پێکهاتەی ئێزدییە بۆ ئەوەی پێکهاتەکە داوای مافەکانی خۆی بکات.

 

"نادادپەروەری قبوڵ ناکەین"

لەلایەکی دیکەوە، لە ١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوەچوو و قاسم کەشکۆ وەک کاندیدی پادێ بەشداری هەڵبژاردنەکەی کرد، لەم هەڵبژاردنەدا قاسم کەشکۆ کاندیدی پادێ هەڵبژێردرا و سەرەڕای هەموو هەوڵەکان، پەدەکە نەیتوانی هیچ کاندیدێکی دەڤەری شەنگال بخاتە ڕوو، دوای سەرکەوتنی شەنگال، حکومەتی عێراق و پەدەکە یاری گڵاویان دەستپێکرد و کاندیدبوونی قاسم کەشکۆیان هەڵوەشاندەوە، کە لە هەڵبژاردنەکەدا نەیتوانی کاندیدێک بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانی نەینەوا بنێرێت، لە ڕێگەی هاوپەیمانی گەندەڵەوە کاندیدێکی لە ئەنجومەنەکەدا دانا.

 

غەزال خێرۆ لە قسەکانیدا سەرنجی بۆ ئەو هەڵبژاردنە ڕاکێشا کە ساڵێک لەمەوبەر ڕوویدا و وتی: ئێمە وەک پێکهاتەی ئێزدی ئەمە قبوڵ ناکەین، داوای مافی خۆمان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین لە ڕوانگەی سیاسییەوە خۆمان بپارێزین و نەهێڵین فەرمانێکی تر بەسەر کۆمەڵگەکەماندا ڕووبدات، پێویستە حزبێکی سیاسیمان هەبێت، ئێمە وەک پێکهاتەیەک لە خاکی عێراقدا دەژین، بەڵام ئەوان ئێمە نابینن، هەر بۆیە فەرمانمان بەسەردا دەهێنن، بۆیە دەمانەوێت حزبێکی سیاسیمان هەبێت و پەیوەندیمان لەگەڵ دەوڵەتە نێودەوڵەتییەکان هەبێت.

 

"پارتی ئێمە نموونە بوو بۆ لایەنەکانی تر"

غەزال خێرۆ ڕایگەیاند، ئەگەر هەمووان بتوانن لە دەوڵەتی عێراقدا جێگەی خۆیان هەبوایە، ئەوا ئەم بڕیارە نەدەدرا وتی: نابێت جیاوازی لە نێوان ژن و پیاو لە دەوڵەتدا هەبێت، عێراق دەڵێت سیستمی دەوڵەتی ئێمە سیستمێکی دیموکراسییە، هەموو کەسێک دەتوانێت کاروبارەکانی بەڕێوە ببات، لایەنی جیاواز زۆرن، بەڵام لە عێراقدا نەمانبینیووە کە ژن و پیاو لەگەڵ سیستمی هاوسەرۆکایەتیدا پێکەوە کار بکەن، لە پارێزگاکاندا سیستمی هاوسەرۆکایەتی نییە، حزبی ئێمە نموونە بوو بۆ حزبەکانی تر، لە پادێ هاوسەرۆکایەتی هەبوو، هەروەها ژن و پیاو پێکەوە کاریان دەکرد، بۆیە پێویست بوو لایەنەکانی تریش چاویان لە پادێ بکردایە و سیستمی هاوسەرۆکایەتی جێبەجێ بکەن.

 

"ئەم حزبە بە خوێنی شەهیدان بنیاد نراوە"

غەزال خێرۆ، داوای له پێکهاتەی ئێزدی کرد ئاگاداری حزبەکەیان و شەهیدەکانیان بن، وتیشی: ئێمه وەک پێکهاتەی ئێزدی تا کۆتایی تێکۆشان دەکەین، ئەم حزبە بە خوێنی شەهیدان دامەزراوە، بە خوێنی ئەو کەسانەی لە فەرماندا گیانی خۆیان بەخشی و بەرگرییان لە عێراق کرد، بۆ ئەوەش ئێمە وەک کۆمەڵگەی ئێزدی پێویستە ئاگاداری خوێنی شەهیدان و حزبەکەمان بین، ئێمە درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین و هەرچی داوامان لێبکرێت ئەنجامی دەدەین، بەپێی یاسا و دەستووری عێراق داوای مافی خۆمان دەکەین و دەستبەرداری دۆز و حزبەکەمان نابین.