"لێکەوتەکانی دواکەوتنی هەڵبژاردنەکان کاریگەری لە گوزەرانی خەڵک دەکات"

زەکیە سەعید، ئەندامی ژووری هەڵبژاردنەکانی گۆڕان، دەڵێت: ژنان دەتوانن لە داهاتوودا بەبێ کۆتا دەنگی باش بەدەستبهێنن و ببێتە داکۆکی کارێکی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی خولی چوارەم ماوەی خولەکەی بۆ دوو ساڵ درێژکرایەوە، بەڵام بەلای زۆرینەی چاودێران و تەنانەت خودی سەرۆکی پەرلەمان و بەشێکی پەرلەمانتارانیشەوە، درێژکردنەوەکە بە نایاسایی لە قەڵەم درا، ڕێک نەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانیش هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی دواخستووە.

 

 لە ٣٠ ساڵی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پێنج خول تێپەڕیوە، بەڵام هەموو هەڵبژاردنەکانی حکومەتی هەرێم و پەرلەمان، لەسەر بنەمای ڕاستەقینەی دیموکراسی ئەنجام نەدراون، بەڵکو بەڕێککەوتنی سیاسیی نێوان لایەنەکان بووە و هیچ خولێکی بەبێ درێژکردنەوەی تەمەنی تێنەپەڕاندووە، دوای درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانیش کاردانەوەی لێکەوتەوە و چەند فراکسیۆنێک و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ کارەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان بایکۆت کرد.

 

"بە تەواوی پەرلەمان کار لەسەر ئیدارەدانی خەڵک ناکات "

زەکیە سەعید، ئەندامی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بە دواکەوتنی هەڵبژاردنەکان لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا و کاریگەرییەکانی لەسەر گوزەرانی خەڵک وتی: دواکەوتنی پەرلەمانی کوردستان کاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک و ئیدارەدانی حکومەتیش دەبێت، ئەگەرچی بە تەواوەتی پەرلەمان کار لەسەر ئیدارەدانی خەڵک ناکات، بەڵام دەکرێت بەدواداچوون بکات بۆ ئەو کەموکوڕیانەی هەیە، یاخود ئەو کەسانەی کەم تەرخەمن لە ئاست خزمەت و پێگەی خەڵدا و ڕۆڵیان نەبووە لە گۆڕانکاری ژیانی خەڵک، لێپێچینەوایان لەگەڵ بکەن، کە ئەمانە بەشێک لە کاری پەرلەمانە.

 

هەروەها باسی لەوەشكرد، کە لە دواکەوتنی هەڵبژاردندا پرۆسەی دیموکراسی و حکومڕانی دەکەوێتە ژیر پرسیارەوە، ناکریت بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ حکومەت، حکومەتی کار بەرێکەر بێت، لەبەر ئەوە ناکرێت پەرلەمان دوابخرێت، هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی پەرلەمان ململانیی سیاسی نێوان حزبەکانە، هەر جارە لایەنێکی سیاسی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکات بۆ زیاتر مانەوەیان لە حکومەت، و بەدەستهێنانی مەرامە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیان، هەموو کاتێکیش بیانوویەک دروست دەکەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان.

 

زەکیە سەعید، سەبارەت بە بەشداریکردنی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە، بۆ پەرلەمانی کوردستان وتی: پەرلەمانی کوردستان پێویستە لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەشدار بن تیایدا، چونکە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە پێویستە نوێنەری هەبێت لە پەرلەمان، تا وەکو بتوانن داکۆکیکار بن بۆ هەموو بوارەکانی کۆمەڵگە، بەڵام پێویستە ئەو کەسەی دەچێتە پەرلەمان لە ئاست ئەو ئەرکەیدا بێت کە نوێنەرایەتی خەڵک دەگرێتە ئەستۆی خۆی، بەشداری کەسانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە پەرلەماندا ئاساییە، چونکە نوێنەری ئەو توێژەی کۆمەڵگەیە، بەڵام بە تەواوی ناتوانرێت بوترێت داکۆکی لە مافەکانیان دەکەن یان کاریگەری تەواویان هەیە لە گۆڕانکاری بارودۆخی گوزەرانی خەڵک، بەشێکیشیان تەنها بۆ بەرژەوەندی تاکە حزب یان تاکەکەسی خۆیان کاندید دەکەن.

 

"ژمارەی بەشداریکردنی ژنان لە پەرلەمان ٢٥٪ە"

زەکیە سەعید، دەرباری سیستمی هەڵبژاردن و خۆبەربژێرکردنی ژنان ڕوونی دەکاتەوە، کە ٪٢٥ پشک بە ژنان دراوە بچنە پەرلەمانی کوردستان، بەڵام بەشداری ژنان لەو ژمارەیە کەمترە، بەدەر لەو ژمارە کەمە کۆمەڵك ژن هەیە بە دەنگی خۆی متمانەی خەڵکیان بەدەستهێناوە و ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ خودی ژن لە کۆمەڵگەدا، هەموو براوەکاندا خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەی دەکات، هەروەرها ژن دەتوانێت لە داهاتوودا بەبێ کۆتا خۆی بەربژێر بکات و بتوانێت دەنگی باش بەدەستبهێنێت، ببێتە داکۆکیکارێکی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە بە گشتی، وتیشی: ژنان لە پەرلەمان بە شێوەیەکی باش داکۆکی لە مافەکانی ژنان دەکەن و لە بابەتە جیاوازەکانی سەبارەت بە ژنان، بە تایبەت ئاستی فرە ژنی هەوڵی باشیان داوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ژنان لە دانانی یاسا و گۆڕانکاری لە یاساکاندا لە چوارچێوەی مافەکانی ژناندا گاریگەری تەواویان هەبووە، بەڵام بەربەست دانراوە لە جێبەجێکردنی یاساکاندا و بەدواداچوونیان نەکردووە و بە هەڵپەسێردراوەیی ماونەتەوە، وتیشی: هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ پەیڕەوکردنی سیستمی دیکتاتۆری دەسەڵات، بەشێوەکی زۆر کەم پێگەی ژنانیان کردووەتەوە لە پەرلەمان.

 

"بایکۆتکردنی حزبە سیاسیەکان هۆکارە بۆ خراپبوونی گوزەرانی خەڵک"

زەکیە سەعید، لەبارەی دواکەونتی هەڵبژاردنەکان وتی: هەردوو حزبی دەسەڵات یەکێتی و پارتی بەهۆی ناکۆکی و دووبەرەکییان، هۆکارێکن بۆ دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، باشتر وایە هەردوو لایەن بەشداربن لە هەڵبژاردنەکاندا، چونکە دواکەوتنی هەڵبژاندنەکان لە وڵاتانی پێشکەوتوو و دیموکراسیدا بوونی نیە، مەگەر کارەساتێکی سرووشتی و ھێزی لەڕادەبەدەر ببێتە ڕێگر لەبەردەم نەکردنی ھەڵبژاردنەکاندا، بەڵام ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان دواکەوتنی بووەتە نەریت، بەھۆی کێشمەکێشی لایەنە سیاسیەکان لەلایەک و سیاسەتی سازش کردنەوە، بەوەش شەرعیەتی یاسا و پەرلەمان و تەنانەت حکومڕانیەکەشیان نەک تەنھا کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو متمانەی لای ھاوڵاتیانیش لەدەستداوە.

 

لە کۆتایدا زەکیە سەعید، هیوای خواست، کە چیتر وادەی هەڵبژاردنەکان درێژ نەکرێتەوە، هەڵبژاردنێکی پاک و دوور لە ساختە کردن ئەنجام بدرێت، هەموو پارتە سیاسییەکان بەشداری بکەن و نوێنەری لێهاتووی ژنان بچێتە پەرلەمانەوە و کاندیدی ئاست بەرز بەشدارییان پێبکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن داکۆکی لە خەڵکی کوردستان بکەن و کاریگەری تەواویان هەبێت لە گۆرانگاری ژیان و گوزەرانی خەڵک و پێدانی مووچە بە فەرمانبەران بێ لێبڕین و لە وادەی خۆیدا.