ڕۆژنامەنووسێک: هێرشەکان دەرخەری ترسی دەسەڵاتە لە میدیای ئازاد

شەیدا حەسەن، ڕۆژنامەنووس باسی لەوەکرد، کە هێرشەکانی سەر میدیای ئازاد دەرخەری ترسی دەوڵەتانە لە میدیای ئازاد و نیشاندانی داگیرکاری.

تەوار پێنجوێنی

 

سلێمانی- درەنگانی شەوی ڕابردوو پۆلیسی بەلجیكا هەڵیكوتایە سەر باڵەخانەكانی تەلەفزیۆنی ستێرك تیڤی و مەدیا خەبەر و دەرگاكانیان شكاند و چوونەتە ناو ستۆدیۆكەوە و ئامێرەكانی ناو ستۆدیۆكەیان تێكشكاند، لە ڕاگەیاندراوێکدا هەردوو کەناڵ ئاماژەیان بەوەدا، کە زیاتر لە ٢٠٠ پۆلیس گەمارۆی ناوچەکەیان داوە و بۆ ماوەی نزیكەی چوار كاتژمێر لەناو باڵەخانەكەدا ماونەتەوە، دەستیان بەسەر كۆمپیوتەر و كەرەستەی تەكنیكی كەناڵەكاندا گرتووە، چەندین كەرەستەیان لە ناوبرد و تاڵانیان كرد، هەروەها هەموو كێبڵەكانی پەخشیان بڕیوە و پەخشی كەناڵەكانیان ڕاگرتووە.

 

ئەم هەڵکوتانانە بۆ سەر ستۆدیۆ تەلەفزیۆنییەکان هاوکاتی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی و دوای سەردانەکەی دوێنێی تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بوو بۆ بۆ هەرێمی کوردستان، کە ناڕەزایەتی ئازادیخوازان، ڕۆژنامەنووسان و ڕۆژنامەنووسانی ئازادی لێکەوتەوە و ئاماژە بەوەدەکەن کە وڵاتانی ئەوروپا بە ناو دیموکراسین و بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دیموکراسی بەکار دەهێنن.

 

شەیدا حەسەن، ڕۆژنامەنووس، سەبارەت لە هەڵکوتانە سەر باڵەخەکانی تەلەفزیۆنی ستێرك تیڤی و مەدیا خەبەر لە بەلجیکا ڕایگەیاند، "بەلجیکا خۆی بە ناوەندی دیموکراسی ئەوروپا دەناسێنێت، بەڵام هێرشێکی لەو شێوەیە هاوکاتی سەردانی ئەردۆغان بوو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و هاوکاتی ١٢٦ەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردی بوو، کە جێی سەرسوڕمانە".

 

شەیدا حەسەن باسی لەوەکرد، هێرشەکانی سەر میدیای ئازاد کاریگەری ئەو میدیا ئازادانە دەردەخات، کە چەندە دەتوانێت هاوڵاتی و هاونیشتمانیان هۆشیار بکاتەوە، وتیشی: ترسی ئەوان لە کاریگەری میدیای ئازاد دەگەڕێتەوە بۆ نیشاندانی هێرش و داگیرکارییەکانی سەر کوردستان بۆ خەڵک و هەڵوێستیان لەو ڕووداوانەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوودەدات، کە هاوکاتی سەردانەکەی ئەردۆغانە، ئەم هەڵکوتانەش بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بەڕێوەبەرانی کەناڵەکە ئەنجام دراوە، لە کاتێکدا ستێرک تیڤی و کەناڵەکانی دیکەی میدیای ئازاد لە بەلجیکا لە چوارچێوەیەکی یاساییدا کار دەکەن، بۆیە ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئەم هێرشە شەرمەزار دەکەین.

 

لە کۆتاییدا ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەدا، کاتێک میدیای ئازاد ڕەنگدانەوەی دەنگی خەڵکە پێویستە خەڵکیش خاوەنداری لە میدیای ئازاد بکەن و لەم هێرشانەشدا پێویستە گەل هەڵوێستی هەبێت و دژی هێرشەکان بوەستنەوە و شەرمەزاری ئەو دەوڵەتانە بکەن کە لە پشت هێرشکردنە سەر میدیای ئازادە.