تارا حسێن: هیچ داگیرکارێک بێ هاوکاری هێزێکی ناوخۆی و سیخوڕی ناتوانێت هێرش بکات
تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی باشووری کوردستان کرد و ڕایگەیاند، هێزە دەسەڵاتدار و ئیمپریالیستەکانی جیهانی و هەرێمی بە پیلانگێڕییەکانیان دەیانەوێت پاش سەد ساڵەی لۆزان هەژموونی خۆیان لە ناوچەکە جێگیر بکەن.
شنیار بایز
سلێمانی- تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، لە بارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر شاری هەولێر و سلێمانی لە ڕۆژی ١٨ی ئەیلوول و ڕووداو و لێکەوتە سیاسییەکانی لە باشووری کوردستان ڕوودەدەن هەڵسەنگاندنی کرد و ڕایگەیاند، "ناوچەکە بە گشتی بە ناو هەژموونی هێزە دەسەڵاتدار و ئیمپریالیستەکانی جیهانی و هەرێمییدا دەگوزەرێ، هەریەکە هەوڵ دەدات ئاژاوە و پیلانگێڕی خۆی جێبەجێ بکات لەم ناوچەیەدا بۆ ئەوەی لە پاش سەد ساڵ لە پەیمانامەی لۆزان پیلانگێڕیەکی دیکە ئاوا بکەن و بوونی خۆیان لە ناوچەکەدا بپارێزن".
تارا حسێن باسی لەوەکرد، لە ماوەی بە دەوڵەتبوونی عێراق و قەوارەی هەرێمی کوردستاندا، بە ئەندازەی ئێستا لاوازی حکومڕانی بوونی نەبووە لە ناوچەکەدا، بۆیە نوێنەرایەری نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیۆز و کونسوڵخانەی وڵاتان لەم ناوچەیەدا بۆیان دەرکەوتووە، دەسەڵات ناتوانێت ئیدارەیەکی دیموکراتیک بۆ گەلان و هاوڵاتیانی باشووری کوردستان بخوڵقێنێت، ڕوونیکردەوە کە فشار لەسەر دەسەڵات هەیە و ئەو فشارەش لە ئەنجامی نەبوونی سیاسەتێکی دیموکراسی و هزرێکی دیموکراتیک بۆ ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان دروست بووە.
هاوکات باسی لە پارچەبوونی هێزە کوردییەکان لە ناوخۆی باشوور تا دەگاتە چوار بەشی کوردستان کرد، کە هۆکاری دروستبوونی پیلانگێڕی لە نێوان لایەنەکانە، وتیشی: بە تایبەت باشووری کوردستان سەرەڕای بوونی دوو هێزی سیاسی گەورە، بەڵام نەیانتوانیووە ببنە هێزێکی نیشتیمانی و هێزێکی وڵاتپارێز دروست بکەن، نەیانتوانیوە کەشێک دروست بکەن تیایدا دەربڕینی بیر و باوەڕی ئازاد هەبێت، هێز و لایەنە سیاسییەکان کار و خەباتیان بکەن بێ دروستکردنی بەربەست و ڕێگری، ژنان لە باشوور ناتوانن بە سیاسەتێکی دیموکراتی چالاکییەکانیان ئەنجام بدەن، ڕێکخراوەکان بەربەستیان بۆ دروست دەکرێت و ناتوانن هەڵوێستی خۆیان لە کاتی خۆیدا بنوێنن، زۆرترین فشاریان لەسەرە بەو ڕادەیەی هەموو ڕۆژێ ژن کوشتن، تێکچوونی دۆخی کۆمەڵایەتی بوونی هەیە، هەموو ئەمانەش دەرەنجامی نەبوونی ئەقڵیەتە بۆ ئیدارەدان و یەکنەگرتنی هێز و لایەنەکانە.
"بە پەلکێشکردنی داگیرکاران بۆ ناو خاکی هەرێم پەردەپۆشی ناڕەزایەتییەکانی گەل دەکەن"
لە درێژەی قسەکانی تارا حسێن ئاماژەی بەوەدا، هەموو ڕۆژێک هێرش و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکیا و مەترسییەکانی دەوڵەتی ئێران لەسەر خاکی باشوور هەیە، تەنانەت بەشێک لە هێزەکان خۆیان بوونەتە دوژمنی ناوخۆی هەرێم و خۆیان دەستی داگیرکەریان گرتووە بۆ داگیرکردنی خاکی باشوور، ئەمانە بوونەتە هۆکار هەرێمێکی وای لێدەرچێت. کە لەمڕۆدا بایکۆتی مامۆستایان و فەرمانبەران هەیە، نەبوونی موچە و خزمەتگوزاری هەیە، لە هەمان کاتدا لە بری ئەوەی هێزەکان بچنە لای یەکتر و پڕۆژەی چارەسەری پێشکەش بکەن، پەردەپۆشی ناڕەزایەتییەکانی گەل دەکەن لە ڕێی پەلکێشکردنی زیاتری داگیرکاران. دەربارەی ڕێنیشاندەرییەکانی پەدەکە بۆ دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەی برادۆست و سیدەکان، وتی: وەک دەبینرێت لە ناوچەکانی برادۆست و سیدەکان هێزی کورد شەقام دروست دەکات بۆ داگیرکاران، جلوبەرگی هێزەکانی خۆیان بە داگیرکاران دەدەن تەنها لەپێناو هاتنە ناوەوەیان، بە ناوی پاسەوانی سنورەوە فەرمان لە هەولێرەوە دەردەکرێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هێزە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان لە چیاکانی کوردستان، کە ئەوانن بەرگریان لە قەوارەی باشووری کوردستان کردووە.
"بۆ داگیرکار حزب و لایەنە جیاوازەکان جیاوازیان نییە"
تارا حسێن باسی لەوەشکرد، ئازادیخوازانی گەلی کورد وەک دەرگای یەکەم وایە لەلای دوژمنان و داگیرکاراندا، ئەگەر ئەم دەرگایە تێکبشکێندرێت بە دڵنیاییەوە دەرگای دووەم و سێهەم خودی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستانە کە ڕادەماڵدرێن، چونکە دوژمنی کورد هیچ کات جیاوازی ناکات لە نێوان هێز و حزبە جیاوازەکانی وەک پەدەکە، یەنەکە، گۆڕان، کۆمەڵ، تەڤگەر، پەکەکە و پەیەدە، وەک کوردێک مامەڵە لەگەڵ هەمووان دەکات، وتیشی: بینیمان لە بەرواری ١٨ی ئەیلوول دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت، کە فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی بێ زیانە تەنها هێزەکانی دژە تیرۆر ڕاهێنانیان تێدا دەکرد کە هێزیکی فەرمییە، جگە لەوەش لە هەمان ڕۆژدا هێرشکرایە سەر بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە شاری هەولێر.
"ئامانجی دەوڵەتی تورکیا هێڵی یەکێتی نەتەوەیییە"
هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی ئاماژەی بەوەشدا، ئامانجی سەرەکی لەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا و داگیرکەران هێڵی یەکێتی نەتەوەیی کوردە، نکوڵی ناکرێت کە هێزی دژە تیرۆر ڕۆڵێکی باشی بینیوە لە هێڵی یەکێتی نەتەوەیدا و کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانیش ڕۆڵی گرنگی بینیوە لە یەکخستنی هێزە کوردییەکاندا، بەڵام ئەوەی دەبینرێت پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە و دژە تیرۆرەکەی بوونەتە زمانحاڵی داگیرکاران لە باشووری کوردستان، بەشێوەیەکی ئاشکرا سیخوڕی ناوخۆیی و پەلکێشکردنی داگیرکاران ئەنجام دەدات، لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی بارودۆخەکەی تەنگ بووە و هاوڵاتیەکانیشی لێی ناڕازین و ڕای نێودەوڵەتی پشتی تێکردووە، بۆیە ماسکی لابردووە و بە ئاشکرا خیانەت دەکات.
"تاکە بەرژەوەندی تەڤگەری ئازادی گەلە، بۆیە هیچ پروپاگەندەیەک نابێتە هۆی ڕەشکردنی"
دەربارەی پڕوپاگەندە و پیلانەکانی پەدەکە بۆ ڕەشکردنی تەڤگەری ئازادی، تارا حسێن ڕوونیکردەوە، هیچ تۆمەتێک ناتوانێک کاریگەری لەسەر خەبات و تێکۆشانی تەڤگەری ئازادی هەبێت، چونکە تەڤگەری ئازادی بە هەموو ئەندامەکان و لایەنگرەکانییەوە کەسانی خۆبەخشن و خاوەن ئیرادە و فکرێکی ئازادی دیموکراتیکن، ئامانجیان ژنپارێزی و ژینگەپارێزییە، کاریان بە کاری تێکدەرانە نییە، هیچ کات کارێک ناکەن دووربێت لە یاساوە، تەنانەت تەڤگەر هێزێکی مۆڵەت پێدراوی حکومەتی عێراقە و لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیشدا مۆڵەتی فەرمی هەیە و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقیدا کاری خۆی دەکات.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کۆمەڵگەی باشوور لە ئێستادا وردە وردە لە ئامانجی تەڤگەری ئازادی تێگەیشتووە و زیاتریش بۆیان ڕووندەبێتەوە، کە بۆچی تەڤگەری ئازادی ڕەخنەی لەم دەسەڵاتە هەیە، ئامانجی سەرەکی دەستکەوتنی ئازادییە بۆ گەلی کورد و گەلانی دیکە لە باشووری کوردستاندا، بۆیە ئەگەر پڕۆژەکانی تەڤگەری ئازادی کاری پێبکرێت بێگومان ئازادی و دیموکراتی و پێکەوەژیان دروست دەبێت کە ساڵانێکە تەنها هیوایان پێخواستووە.
"ئاکەپە و مەهەپە ڕۆژیان بەرەو ئاوابوون دەچێت"
دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژە شکستخواردووەکانیدایە، کۆتا ڕۆژەکانی دەژمێرێت ئەمەش لە پاش هەڵبژاردەکانی ساڵی ڕابردوو تا ئێستا ڕوویدا کە چیتر حزبەکانی ئاکاپە و مەهەپە ناتوانن بەردەوامی بدەن بە هەژمونگەرایی خۆیان، تارا حسێن لەو بارەیەوە وتی: پەدەکە بە هەمان شێوە نەیتوانی ئیدارەی حکومڕانی بکات، ئیدارەی دۆسیەی ئابووری سەربەخۆ بدات، وەک دەبینرێت پەرلەمان بوونی نەماوە و تەنها بنەماڵەیەکە بڕیار دەدات، هەر بۆیە لە ئەنجامی شکستەکانی، پێویستیان بە هێرش و پەلاماردان هەیە.
دەربارەی هێرشەکەی ١٨ی ئەیلوول بۆ سەر سلێمانی و هەولێر و هاوکاری سیخوڕی ناوخۆیی تارا حسێن دەڵێت: گومانی تێدا نییە ئەو لایەنەی بەرژەوەندی هەیە لە یەکنەگرتنی هێزە کوردییەکان و ئەو هێزانەی دژی تیرۆرن، هەروەها سودمەندە لە یەکنەگرتنی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان بێگومان پەدەکەیە، چونکە هیچ داگیرکارێک بێ هاوکاری هێزێکی ناوخۆی و سیخوڕی ناتوانێت هێرش بکات.
"داهات بە کامێرا و سیخوڕ دەڕوات چۆن ناتوانرێت تاوانبارێک دەستگیر بکرێت"
لە کۆتایدا قسەکانیشیدا ئاماژەی بەوەدا، پەدەکە ئەگەر بیەوێت هەموو تاوانبارێک لە ماوەی چەند خولەکێکدا ئاشکرا دەکات، چونکە هەرچی داهاتی ئەم وڵاتە هەیە دراوە بە کامێرا و سیخوڕ و هێزی ئەمنی بەتایبەت لە هەولێردا، هیچ کەسێک ناتوانێت کار و خەباتی دیموکراتی لە هەولێردا بەڕێوە ببات، لە ڕابردووشدا بینراوە لە کەمترین ماوەدا تاوانبارانی دەستگیر کردووە، بۆیە بکوژی شەهید دەنیز هێڤی، ئەندامی کەنەکە کە لە هەولێر تیرۆر کرا، پێویستە بە زووترین کات پەدەکە ئاشکرای بکات، ئەگەر نا نەک تەنها پەدەکە وەک حزبێک بەڵکو کەسایەتی سەرۆکی هەرێمیش لە ژێر بەرپرسیارێتی کوشتنی ئەندامەکەی کەنەکەیە.
لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی باشووری کوردستان پڕە لە سیخوڕ، بەڵام چەندین شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز بوونیان هەیە، گرنگە هەموو هاوڵاتیانی هەرێم و ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەی بانگەوازی بۆ ئاشتی و تەبایی دەکەن، ببنە بەرگریکاری مافە ڕەواکانی گەلی کورد، ئەو هێرش و داگیرکارییانەی دەکرێتە سەر هێزە چەکدارییەکان ئەگەر هاوڵاتیان لێی نەیەنە دەنگ، بێگومان داگیرکاری ڕووی ماڵی هەموو کوردێک دەگرێتەوە، ئەگەر هێز و لایەنە سیاسییەکان ڕاستگۆن لەگەڵ پرسی یەکێتی نەتەوەیی، پێویستە هەڵوێستیان هەبێت، کاتی ئەوەیە هێزەکان ڕوون و ڕاشکاو هەڵوێستی ڕاستەقینەی خۆیان دەرببڕن.