ژنانی مەغریب: یەکسانی دروشم نییە، بەڵکو کردارە

ژنانی چالاکوان ڕایانگەیاند کە مافی ژنان لە یاساکانی جیهانی عەرەبیدا جێبەجێ ناکرێت و ڕایانگەیاند، یەکسانی پێویستییەکە نەک تەنها دروشمی بزووتنەوەی ژنان.

ڕەجا خەیرات

 

مەغریب- بوشرا عەبدۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی یەکسانی و هاوڵاتیبوونی مەغریب، هەتیجە ئەلرەباح، پارێزەر و ئەندامی کۆمەڵەی دیموکراسی ژنانی مەغریب، پرسی یەکسانییان تاوتوێ کرد.

 

ئیدی کاتی مانەوە لە چوارچێوەی کۆتا کۆتایی هاتووە"

بوشرا عەبدۆ ئاماژەی بەوەکرد، دەستووری مەغریب مافەکانی ژنان زامن دەکات و لەڕووی یەکسانییەوە زۆر ماف بە ژنان دەدرێت، بەڵام لە بواری پراکتیکدا جێبەجێ ناکرێت، یەکسانی ژنان لە دەستووردا قبوڵکراوە، بەڵام لایەنە سیاسییەکانی وڵات یەکسانی جێندەری جێبەجێ ناکەن.

 

بوشرا عەبدۆ باسی لەوەشکرد، بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەکان ببنە دیموکراتیک، پێویستە پێش هەموو شتێک یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا بچەسپێنن، وتی: پێویستە ژن و پیاو لە کاتی پرۆسەی هەڵبژاردندا بە یەکسانی بخرێنە لیستی هەڵبژاردنەکانەوە، ماوەی کۆتا بۆ باشترکردن و دەستەبەرکردنی مافە سیاسییەکانی ژنان تێپەڕی، پێویستە یەکسانییەکی تەواو هەبێت، هێشتا نادادپەروەری و دوورخستنەوەی ژنان لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی، ئابووری، کولتووری و هتد... هەیە. ئێمە ڕەخنە لەم دۆخە دەگرین.

 

بوشرا عەبدۆ ڕایگەیاند، تا ئێستاش بوونی ژنان لە پۆستە بەڕێوەبردنەکاندا بەس نییە و وتی: هەرچەندە لە حکومەتی مەغریبدا وەزیری ژن و ژمارەیەک باڵیۆزی ژن هەن، بەڵام لە زۆر بواردا دوورین لە یەکسانی، ژنان بە پلەی یەکەم لە دامەزراوە دەستوورییەکانی وەک ئەنجومەنی نیشتمانی مافی مرۆڤ و کۆمیسیۆنی باڵای کەرتی بینراو و بیستراودا بەشدارن، لە دادگای ژمێریاری ٣ ژن لە سەرۆکایەتی ٣ لە ئەنجومەندا هەن، لە گەورەترین شارەکانی مەغریب (ڕەبات، کازابلانکا، مەراکش)، ژنێک لە سەرکردایەتی مەجلیسی خۆجێی و ژنێک لە سەرکردایەتی پارتێکی سیاسی (پارتی سۆسیالیستی یەکگرتوو) هەن و ئەمانە دەتوانرێت بە ئەرێنی هەژمار بکرێت، بەڵام ئەوە کێبڕکێی ژنان لەگەڵ پیاوان دەرناخات بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکان، دەبێت لە بارودۆخێکی یەکساندا ژنان بتوانن پۆستی بەرپرسیارێتی بەدەستبهێنن، نەک بە کێبڕکێی قوڵ.


         


        

"داواکاری بۆ یەکسانی بەردەوامە"

هەتیجە ئەلرەباح، پارێزەر و ئەندامی کۆمەڵەی دیموکراسی ژنانی مەغریب، ڕایگەیاند کە چالاکوانانی بزووتنەوەی ژنان دەیانەوێت هەموو یاساکان بە شێوەیەکی هەمەلایەنە هەڵسەنگێندرێن و ماددە جیاکارییەکان بە شێوەیەکی ڕیشەیی بگۆڕدرێن، ئەوانیش هەوڵ دەدەن ئاستی توندوتیژی دژی ژنان لە ڕێگەی هەڵمەتەکانەوە کەم بکەنەوە، بەهۆی هەژارییەوە خەڵک سواری کەشتی مەرگ دەبن و ژیانی خۆیان لە دەریادا دەخەنە مەترسییەوە و دەچنە سەر ڕێگاکانی کۆچ بۆ خەونی چوونە دەرەوەی وڵات، سیاسەتەکان سەبارەت بەو پرسە هێشتا گشتگیر نین، یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە مەغریب هێشتا بەتەواوی بەدی نەهاتووە و یەکسانی وەک خواستێک ماوەتەوە.

 

وتیشی:  یەکسانی مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ گەشەپێدانی بەردەوام، یەکسانی بەدی نایەت تا ئیرادەیەکی سیاسی ڕاستەقینە نەبێت، یەکسانی دروشمی بزووتنەوەی ژنان نییە، پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە گەشەسەندنی بەردەوام.