هەیفا مەحمود: چارەسەری سەرەکی پڕۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیکە

هەیفا مەحمود، نوێنەری پارتی نوێبوونەوەی دیموکراتیکی سووریا، دەربارەی پێشهاتە سیاسییەکانی سووریا وتی: "گونجاوترین سیستم بۆ چارەسەری بنەڕەتی پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیکە".

ڕۆژ هۆزان

 

قامیشلۆ- قەیرانەکانی سووریا بووەتە هۆی خۆجێگیرکردنی چەندین وڵاتی بیانی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان لەسەر خاکی سووریا و درێژی ئەم قەیرانەش کاریگەری خراپی لەسەر تەواوی گەلانی سووریا دروستکردووە، شەڕی سووریا بووەتە شەڕی بەرژەوەندیەکان و گەلیش بوونەتە قوربانی ئەو شەڕە.

 

هەیفا مەحمود، نوێنەری پارتی نوێبوونەوەی دیموکراتیکی سووریا، پێشکەوتنە سیاسییەکانی سووریای هەڵسەنگاند و وتی: ماوەی ١١ ساڵە قەیرانەکانی سووریا بەردەوامە و زۆرترین زیانلێکەوتووانیش خەڵکی سووریان، لەلایەک ڕژێمی سووریا لەجێی خۆی مایەوە و لەلایەکی دیکەشەوە هێزە ڕادیکاڵەکان دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسا بچنە ناو ئەو ئاڵۆزییەوە، لە زۆر ڕووەوە شۆڕشی سووریا کاریگەری نەرێنی و کۆچ و تاڵانی و کوشتاری هەبووە، ئەمڕۆ زیندانەکان پڕن لەخەڵکی بێتاوان و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سەروەری حکومەتی فەرمانڕەوا بەسەر ئیرادەی خەڵکی هەرێمدا، لەلایەکی دیکەوە ئۆپۆزسیۆنی سووریا ڕووی لە بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکان کردووە و سووریاشی لە ڕێگەی چەتەکانەوە دابەش کردووە، تێڕوانینی تایفەگەری و دینییان پەرەپێدا و کۆمەڵگەیان دابەشکرد بە تێڕوانینێکی چەواشەکارانەی شۆڕش، هۆکاری بنەڕەتیش بەرژەوەندی نێودەوڵەتی و جێگیربوونی وڵاتانە لە خاکی سووریادا.

 

"سیستمی دەوڵەتەکان نابنە لایەنگری بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک"

هەیفا تیشکی خستەسەر پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ بەهاکانی شۆڕشی گەل، "دەوڵەتی تورک پێش شۆڕش پەیوەندی سیاسی و ئابووری زۆر باشی لەگەڵ حکومەتی سووریا هەبوو، بەڵام لەگەڵ قوڵبوونەوەی ئەم قەیرانە هاوسەنگی سیاسی خۆی گۆڕی و پشتگیری تیرۆری کرد، دەوڵەتی تورک داعشی دروستکرد، پەرەوەردەی کرد و بەریدایە ناو شۆڕشی گەلانەوە، لە ڕێگەی ئەو چەتانەوە چەندین ناوچەی سووریا وەک باب، جەرابلوس، عەزاز، ئیدلب، عەفرین، گرێسپی، سەرێکانی داگیرکرا، دەوڵەتی تورک دوژمنایەتییەکی گەورەی بەرامبەر بە گەل کردووە و دەیەوێت تەمەنی قەیرانی سووریا درێژبکاتەوە بۆ داگیرکردنی هەرێمەکانی دیکە و بە مافێکی ڕەوایی دەبینێت، تا ئێستا لە ناوچە داگیرکراوەکاندا گەلی سووریا لە کۆمەڵکوژیدا دەژین و ناتوانن مافەکانیان بۆ ژیانی ئاسایی بەدەستبهێنن، دەوڵەتی تورک نەیاری سیستەمی دیموکراتیکە و لە مێژە چەندین بۆچوونی سیاسی و دیموکراتیکی لەگەڵ دەوڵەتی سووریادا سەرکوت کردووە، بۆیە دەتوانین بڵێین کە سیستمی دەوڵەتەکان لایەنگری بنیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک نین".

 

"ژیانی دیموکراتیک بە پێشەنگایەتیی ژنان بەردەوامیی هەیە"

هەیفا مەحمود، تیشکی خستەسەر ڕۆڵی ژنان لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی سووریادا و لە کۆتایدا وتی: کاتێک دەمانەوێت ژیانێکی دیموکراتیک بونیاد بنێین، پێویستە سەرەتا ڕۆڵی ژنان پێشەنگ بێت، هێزی ئێمە بە ژنانی ئازاد زیاتر دەبێت، سەرەتا ژنان داوای ئازادی و ئاشتییان دەکرد و پاراستنی شۆڕش ئاشتییانە بوو، پێویستە ژنانی سووریا پەیوەندی خۆیان بەهێز بکەن و کارەکانیان بۆ تەواوی سووریا بێت، بۆ ئەوەی بتوانن هەموو یاساکانی دژ بە ژنان بگۆڕن.