تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ٢٧٠٠ ژنی ئێزدی نییە!

فەلەکناس ئوجا پەرلەمانتاری هەدەپە باسی لە کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان کرد کە ٨ ساڵ بەسەریدا تێپەڕیوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەو ٢٧٠٠ ژنە ئێزدییە نەگەیشتووە کە دوای کۆمەڵکوژییەکە بە دیل گیراون.

مەدینە مامەدئۆغلو

 

ئامەد- ٨ ساڵ بەسەر فەرمانی ٧٤ی کۆمەڵکوژی شەنگالدا تێدەپەڕێت لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا لەلایەن داعشەوە ئەنجامدرا و هەزاران ئێزدی کوژران و هەزاران کەسیش بە دیل گیران، هەزاران ژن کە بەدیل گیراون تا ئێستاش هیچ زانیارییەکیان لەبارەوە نییە، هەرچەندە ٨ ساڵ تێپەڕیوە بەڵام برینی ئەو ڕۆژانە ساڕێژ نەبووەتەوە، دوای فەرمانەکەش ڕۆژەڤی گەل بووەتە ڕێکخستن و پاراستن.

 

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی ٢٧٠٠ ژنی ئێزدییەوە نییە

فەلەکناس ئوجا، ئەندامی پەرلەمانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە لە ئیلح ئاماژەی بەوەدا کە چارەنووسی ٢٧٠٠ ژنی بە دیل گیراو دیار نییە، ئەگەرچی کۆمەڵکوژییەکە بەبەرچاوی جیهانەوە کراوە، بەڵام هەمووان بێدەنگن، وتیشی پێویستە خەباتی زیاتر بۆ ژنانی دیل بکرێت، "لەبەر چاوی جیهاندا فەرمانێکی دیکە بەسەر گەلی ئێزدیدا هات، ئێمە پێی دەڵێین فەرمانی ٧٤، ئامانجی هێرشەکان تەنها لەناوبردن و جینۆسایدی گەلی ئیزدی نەبوو لە ناوچەکەدا، بەڵکو دەیانویست لە کەسایەتی ژنی ئیزدیدا، ئیرادەی ژنی ئازاد لەناوببەن، لە مێژوودا، بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە ژنان ناچاری لەبەرکردنی پەچەی ڕەش و بەستنەوەی قاچ و دەستیان بە زنجیر کران و لە بازاڕەکانی موسڵدا دەفرۆشران".

 

"پێویستە گەلی ئێزدی خۆی ڕێکبخات و خۆی لە هێرشەکان بپارێزێت"

فەلەکناس ئوجا ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەو کاتەی کە تێپەڕیوە، برینەکانی شەنگال چاک نەبوونەتەوە و هەزاران شەنگالی لە شوێنەکانی وەک زاخۆ و دهۆکدا لەژێر چادردا دەژین، ئەشکەنجەی وەک ئاوارەیی و کۆچ لەلایەن ژنانی ئێزدییەوە ئەزمون دەکرێت و وتیشی: ئێمە نائارامییەکانی بەغدا دەبینین، شوێنێکی ئارام لە عێراقدا هەبێت، شەنگالە، دەیانەوێت ئەم ئارامی و ئاشتییە لەناوببەن، ئەمڕۆ بەغدا لەسەر پێیە و چارەسەری هەموو ئەو کێشانە خۆسەرییە، خۆسەری شەنگال بۆ هەموو گەلان نمونەیەکە، لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا دەبینین کە داعش خەریکە زیندوو دەبێتەوە، پێویستە گەلی ئێزدی خۆیان بپارێزن لەم دۆخەدا، کەس ناتوانێت گەلی ئێزدی بپارێزێت جگە لە خۆیان، ئێستا لە بەغدا هەمووان لە جوڵەدان، هەمووان هێرش دەکەنە سەر یەکتر. ئەگەر ژن و پیاوی ئێزدی خۆیان نەپارێزن، لە شەنگال هیچ پاراستنێک ئاوانابێت، هەروەها دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر شەنگال و جارێکی دیکە بە بڕیارەکانی حکومەتی ناوەندی پڕوپاگەندە دژی شەنگال دەکرێت، هەموو ئەمانە بەیەکەوە گرێدراون و دەبێت گەلی شەنگال خۆیان بەڕێکخستن بکەن و پاراستنی خۆیان بکەن.