پەنابەران داوای پارێزگاری دەکەن و دەسەڵاتدارانیش بێدەنگن

پەنابەران لە هەرێمی کوردستان هێرشیان دەکرێتەسەر و دەسەڵاتدارانیش بە خەمساردییەوە لە بابەتەکە دەڕوانن و گرنگی پێنادەن، کە ئەمە گومانی هاوبەشی بوونیان لە ئەنجامدانی هێرشەکان دروستکردووە، پەنابەران بانگەوازی لە حوکمەت دەکەن، بەڵام پێیان دەڵێن بڕۆنەوە ماڵەوە.

سلێمانی

 

لە باشووری کوردستان هەزاران پەنابەری پارچەکانی دیکەی کوردستان دەژین، کە بە چەندین هۆکاری جیاواز ڕوویان لەم هەرێمە کردووە لەپێناو ژیانێکی پارێزراودا، بەڵام ئەوەی لەم دواییانەدا لە باشووری کوردستان بەدیدەکرێت چەندین هێرش و هەوڵی تیرۆرکردن بۆ سەرپەنابەران ئەنجامدەدرێت و دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان لێی بێدەنگن و هیچ هەڵوێستێکیان بەرامبەر بکوژەکان نەگرتووەتەبەر و ئەمەش نیگەرانی بۆ پەنابەران دروستکردووە کە پارێزگاری لە ژیانیان ناکرێت.

 

بارش قەرەئاغار، ئەندامی ناوەندی میزۆپۆتامیایە و خەڵکی باکووری کوردستانە، لە ئێستادا وەک پەنابەر لە باشووری کوردستان دەژی، بۆ ئاژانسی نوژنها باسی لە هێرش و داگیرکارییەکانی سەر خاکی باشووری کوردستان لە شاخ و ناو شارەکاندا کرد، لە بەرامبەریشدا هێرشکردنە سەر پەنابەران و هەوڵدان بۆ تیرۆکردنیان لە ناوشارەکان و بێدەنگبوونی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە ڕووداوەکان.

 

داوای پارێزگاری لە دەسەڵاتداران دەکەین، بەڵام ئەوان بێدەنگن

بارش قەرەئاغار باسی لەوەکرد کە پەنابەرانی کوردستان چەندین ڕێگا و چالاکیان گرتوەتەبەر بۆ داواکردنی پارێزگاری ژیانیان، بەڵام دەسەڵاتداران بێدەنگیان لێکردووە: "ڕۆژانە چالاکیمان هەیە، دەچینە بەردەم دادگا و بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان و بانگەوازی لە حوکمەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەڵام ئەوان هیچ وەڵامێکیان نیە و گرنگی پێنادەن وەک ئەوەی کە هیچ نەبووبێت و بەلایەنەوە ئاساییە، سەرباری ئەوەی کە ناسنامەی بکوژەکان ئاشکرایە و دەیزانن، بەڵام هیچ سزایەکیان بەسەردا نادەن و بێهەڵوێستن، خەمساردی و بێدەنگبوونیان ئەو گومانە دروستدەکات کە هاوبەشی تاوانەکان بن، بە ئێمە دەڵێن بڕۆنەوە ماڵەوە دوعا بکەن."

 

هێرشەکانی ناو شار درێژە پێدەری هێرشەکانی شاخە

بارش قەرەئاغار، هێرش و هەوڵی تیرۆرکردنەکانی ناو شاری وەک درێژەپێدەری هێرشەکانی شاخ ناوبرد و وتی: "لە ئاڤاشین و مەتینا بە چەکی کیمیایی و درۆن هێرش دەکەن، کاتێک سەرکەوتوو نابن دێنە ناو شار و خەباتکاران لە ناو شاردا تیرۆر دەکەن، چونکە لە هەر شوێنێک دەستکەوتێکی کورد هەبێت هەوڵی لەناوبردنی دەدەن،  هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی هەرێمی کوردستان دەدەن کە چیتر کوردان نەتوانن سەریان بڵند بکەن."

 

دەربارەی داگیرکارییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان وتی: هێرش و داگیرکارییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان تەنها بە ڕێگەی سەربازی نییە، بەڵکو لە ڕێگەی هونەر، فیلم، کلتوور و زمانەوە لە سەرجەم بوارەکانی تریشدا هەوڵی لەناوبردنی فەرهەنگی کوردی دەدەن، کاتێک سەیری هەواڵ و بەرنامەکانی تەلەفزیۆن دەکەیت هەست بە داگیرکارییەکان دەکەیت.

 

بارش باسی لەوەشکرد کوردان باوەڕیان بە فەلسەفە و خەباتی ئازادی و تێکۆشان و بەرخۆدانییان هەیە و بە چۆکدا نایەن و وتی: داگیرکەران هەمیشە کار بۆ ئەوە دەکەن کورد بە چۆکدا بهێنن، بەڵام هەر تاکێکی کورد لەم سەرزەوییە کە باوەڕی بە خەبات و فەلسەفەی خۆی هەبێت، دەبێت بەردەوامی بە خەباتی خۆی بدات و هەوڵی بەدەستهێنانی ئامانجەکانی بدات، چونکە ئەو فەلسەفەیە لەسەر ئاستی تاک و خێزان نییە بەڵکو فەلسەفەیەکی جیهانییە.