هیچ دەرمانێک بۆ ئازاری قوربانیانی کیمیابارانی سەردەشت نییە

کیمیابارانی سەردەشت یەکێکە لەو تاوانانەی کە ڕژێمی بەعس لە مێژوویدا ئەنجامیدا، تا ئێستا هاوڵاتیان بەهۆی ئازارەکانی ئەو کارەساتەوە دەناڵێنن، مەریەم مەلاکاری قوربانییەکی کیمیایی سەردەشتە و باس لە خراپی دۆخی خۆی و خێزانەکەی دەکات.

دیلان محەمەدی

 

مەهاباد- کیمیابارانی سەردەشت تاوانێکی جەنگی و کۆمەڵکوژییەک بوو لە ٢٨ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٧ لەلایەن هێزی ئاسمانی ڕژێمی بەعسی عێراقییەوە ئەنجامدرا، لە چوار شوێنی بەرزی شاری سەردەشت بۆمبی کیمیایی بەکارهێنرا، نزیکەی ١١٠ هاوڵاتی کوژران و ٨ هەزار هاوڵاتی دیکەش بەو گازە ژەهراویی بوون، نزیکەی ٣٥ ساڵ بەسەر ڕووداوەکەدا تێپەڕیووە تا ئێستا ئاسەوار و ئەنجامەکانی ئەو هێرشە کۆتای نەهاتووە و هەندێک لە قوربانیەکانیش بێ هیچ هاوکاریی و چارەسەرییەک ماونەتەوە.

 

گازی خەردەل، یەکێکە لەو گازە ژەهراویانەی کە لە ژینگە و لەشی مرۆڤدا دەمێنێتەوە دوای چوونە جەستەی قوربانیەکەوە، ئەو منداڵەی کە بەو ژەهراویبوونەوە لەدایکبووە پاش ٣٥ ساڵ بە ناتەندروستی دەژی، هەروەها دانیشتووانی شاری سەردەشت بەپێی بڕیاری وەزارەتی تەندروستی بەخشینی خوێن لێیان وەرناگیرێت.

 

کیمیابارانی سەردەشت ترسناکترین هێرشی کیمیایی بوو کە چەندین کاریگەری نەرێنی و کێشەی لێکەوتەوە، سەردەشت یەکەمین شاری قوربانی چەکی کیمیایی جیهانە لە دوای بۆردومانی ناوەکی هیرۆشیما، کە بە چەند مانگ پاش ئەویش هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی لە باشووری کوردستان ژەهراوی کرا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هیچ ڕێکارێکی پێویستی نەگرتووەتەبەر و بێدەنگی لەو کارەساتانە کرد.

 

نەبوونی نەخۆشخانەیەک، ژیانی هاوڵاتیانی لە شاری سەردەشت خستوەتە مەترسییەوە

سەردەشت سەرباری ئەوەی بە کیمیایی ژەهراوی کرا، بەڵام بێخزمەتگوزاری ماوەتەوە، خەڵکێکی زۆر تیایدا تا ئێستا کێشەی دەماری و هەناسەدانیان هەیە و پێویستیان بە نەخۆشخانەیەکی باش هەیە، بەڵام نەخۆشخانەی سەردەشت لە دەرەوەی شارە و ئەمەش دەتوانێت ژیانی نەخۆشەکان بخاتە مەترسییەوە.

 

پڕکردنەوەی کەیسەکان بۆ ماددە کیمیاییەکان زیاتر دڵخۆشکەر بوو بەڵام جیاکاری تێدا کراوە، لە پارکی شاری سەردەشت باسی کیمیابارانەکەمان کرد، هاوڵاتیان باسیان لەوەکرد کە هەندێک سەربازی دەرەوەی شارەکە، لەو کاتەدا لە سەردەشت بوون، فایلی سەربازی دێرینیان هەیە و هاوکاری کراون، بەڵام چونکە ئێمە کوردین و بە ماددەی کیمیایی لە سەردەشت ژەهراوی بووین هیچ فایلێکیان بۆ نەکردووین.

 

پیاوە بەتەمەنەکان و ژنانی تەمەن مامناوەند بەهۆی ئازاری کیمیایی و ژەهراویبوون و کەمی دەرمانەوە دەناڵێنن و نائومێدن، چونکە هیچ چارەسەرێک بۆ ئازارەکانیان نییە، هیچ کەسێک دەرمانیان بۆ دابین ناکات و لیژنەی کیمیایی و تەندروستیان نییە.

 

پێشتر مەعسومە ئیبتەهاد لە گەشتەکەیدا بۆ سەردەشت ڕایگەیاندبوو، گەورەترین نەخۆشخانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەردەشت دروست دەکەین، هاوکات پەرستاری نەخۆشخانەکە وتی: "بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ماددە کیمیاییەکانەوە نەخۆشەکانی سەردەشت زۆر نارەحەتترن، بەڵام سەرەڕای هەبوونی نەخۆشەکانی ژەهراویبوونی کیمیایی و کۆرۆنا بەیەکەوە، تەنها شەش ئامێری هەناسەدان لە نەخۆشخانەکەدا هەیە و هاوڵاتیان لە مافی وەرگرتنی ئۆکسجینیش بێبەشن".

 

بە پێشنیاز و بەدواداچوونی کۆمەڵێک لە خەڵکی سەردەشت "کۆمەڵەی بەرگری لە قوربانیانی کیمیایی سەردەشت" ڕۆژی کیمیابارانکردنی سەردەشت بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی چەکی کیمیایی و میکرۆبی ناودەبرێت، لە ساڵی ٢٠٠٣وە هەموو ساڵێک لە سەردەشت و لە میدیاکاندا ئەم ڕۆژە باسی لێوەدەکرێت.

 

"کاتێک براکەمم لە باوەش کرد هەستم بە کزانەوەی چاوم دەکرد"

ئاژانسی هەواڵی ژن چاوپێکەوتن لەگەڵ مەریەم مەلاکاری، یەکێک لە قوربانیانی کیمیابارانی سەردەشت دەکات، مەریەم مەلاکاری باسی کێشەکانی دەکات و دەڵێت: "کیمیایبوون بۆ من ئازارێکی زۆری هەیە و کێشەی دەماری و سییەکانم هەیە هەروەها کێشەی پێستم هەیە، بەڵام زۆر بەدوای فایلی پزیشکی کیمیایبووندا نەچووم."

 

مەریەم ڕۆژی ڕووداوەکەی بۆ گێڕاینەوە و وتی: " کاتێک سەردەشت کیمیاباران کرا لە گوندی مەلاشێخ دەژیاین و نەماندەزانی چەکی کیمیایی چییە، کاتێک ئەندامەکانی خێزانەکەمان گەڕانەوە بۆ گوندەکە کە کیمیایی ببوون ئەوانمان لە باوەشکرد و ماچمان کردن و جلەکانمان بۆ شۆردن، هەر لەو کاتەدا هەستم بە ئازار و سوتانی چاومکرد و سەر سنگم قورسبوو و هەستم کرد پێستم سووتا، لەو کاتەوە من نەخۆشم و تەنها هیوام ئەوەیە ئەوانەی کە دۆخیان لە من قورسترە چارەسەر وەربگرن، بەشێک لە ئەندامانی خێزانەکەم کە کیمیایی ببون رۆژی دواتر گیانیان لەدەستدا لەوانە، خوشکەکەم و هاوژینەکەی و هاوژینی براکەم."

 

مەریەم دەڵێت تەنها بەهۆی لە باوشکردنی براکەیەوە چاوی سووتا و کیمیایی بووە: "براکەم لە دۆخێکی خراپدا بوو، منیش نەمدەزانی کیمیای چییە و هەر کە باوەشم پێداکرد هەستم بە سووتانی چاومکرد، من ڕێژەی کیمیای بوونم کەمتر و ئەوانەی ڕێژەکەیان لە من زیاترە لە دۆخێکی قورسدا دەژین، من بەم ڕێژە کەمەشەوە زۆر نەخۆشم و لەوانەیە باش دەرکەوم، بەڵام زۆربەی کاتەکان نەخۆشم و کێشەی دەماریی و قورگ و ئازارم هەیە و دەبێت بەردەوام بڕۆم بۆ لای پزیشک."

 

لە کۆتایی قسەکردنیدا مەریەم لەبارەی دڵخۆشییەوە دەڵێت: ئێستا هەموو دڵخۆشیەکانم تەنیا گوڵەکانمن کە کاتم لەگەڵ بەسەردەبەن و قسە دەکەم و لەگەڵیان دەژیم، هیوادارم هەموو بریندارەکان چاک بکرێنەوە و تەنانەت ئەم دۆخەش بۆ دوژمنانمان دووبارە نەبێتەوە، چونکە خەڵکی سەردەشت بەڕاستی ستەملێکراو و بێدەسەڵاتن و زۆربەی خەڵکیش بە کیمیایی نەخۆشن، بەڵام تۆماری پزیشکی کیمیاییان نییەوە بارودۆخیان زۆر خراپە.