تووڕەیی کۆمەڵکوژیی کۆبانێ بنەمای بەرخۆدان و هێزی تێکشکاندنی داعش بوو...٢

ئەو ژنانەی کە شاهیدی کۆمەڵکوژی کۆبانێ بوون و بنەماڵەکانیان لەبەردەمیاندا کۆمەڵکوژکران، وتیان: هەتا ئێمە زیندوو بین ئەو کۆمەڵکوژییە لەبیر ناکەین، تا ئێستا بە ئازارەوە دەژین و ئەو دڕندەییە لەبەرچاوماندا ماوە.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- دوای سەرکەوتنی کۆبانێ کە تووڕەیی و ڕقی دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد زیاد کرد، چەتەکانی داعش لە ٢٥ی حوزەیراندا بە هاوکاری دەوڵەتی تورک هێرشیان کردەسەر کۆبانێ و کۆمەڵکوژییەکی گەورەیان ئەنجامدا، چەتەکان کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆ بە جلی سەربازی یەپەگەوە چوونە ناو کۆبانێ و گوندەکانی، لەو شارەدا چەتەکان لە دەوروبەری بینای ئەنجومەنی کانتۆنی کۆبانێ، ڕێگای حەلەب لە باشووری کۆبانێ، ناوچەی مستەفا دەروێش، کانی کورد، گومرگ، مەیدانی ئازادی، شەقامی ٤٨، بازاڕی سەوزەی هەل، نەخۆشخانەی مشتەنور، گوندی تەرمک و بەرخبۆتان لە باشووری کۆبانێ نیشتەجێبوون.

 

چەتەکان لە هێرشەکانیاندا ئۆتۆمبێل، شمشێر و کڵاشینکۆف، قەناس و بۆمب و مین و تەقەمەنیان بەکارهێنا، دەستیان لە منداڵ، گەنج، ژن و بەساڵاچووان نەدەگێڕایەوە و هەموویان دەکوشتن، هەریەک لە قوربانیان بە شێوازی جیاواز کوژران، لە لایەکی دیکەوە چەتەکان گەمارۆی گەلیاندا و وەک قەڵغان بۆ خۆیان بەکاریان دەهێنا.

 

کۆمەڵکوژییەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو، چەند ڕۆژێک تەرمی قوربانییەکان لە شەقامەکان و ماڵەکاندا مایەوە، شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە هاوڵاتیانی ڕزگارکراویان لە دارستانی کۆبانێ و گوندی مەزرە داود جێگیر کرد، لە ئەنجامی ئەو کۆمەڵکوژییەدا ٢٣٣ کەس کە ٣٥ منداڵ و ٦٤ ژن کە ٣یان دووگیان بوون، هەروەها ٣٠ شەڕڤانی یەپەژە و یەپەگە گیانیان لەدەستداوە.

 

هاوژینەکەیان کوشت و خانووەکەیان ڕووخاند

فەریزە مەحمود موسلیم. ٦٥ ساڵ، هاوژینەکەی بە ناوی حەسەن ئەحمەد حەمەد بە بۆمبی چەتەکانی داعش گیانی لەدەستدا، چیرۆکی خۆی وەها دەگێڕێتەوە:

حەوت ڕۆژ بەسەر مانگی ڕەمەزاندا تێپەڕیبوو و بەربانگ بوو کاتێک گوێمان لە دەنگی گولـلە بوو، کوڕەکەم ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بوو، دەترسام شتێک بەسەریدا بێت. ماڵەکانمان پێکەوە بوون، ماڵەکەم بەجێهێشت و چووم بۆ لایان بۆ ئەوەی بە کوڕەکەم بڵێم ماڵەکە بەجێنەهێڵن دەڵێن داعش هێرشی کردووە، کوڕەکەم گوێی لە من نەگرت و خۆی ئامادەکرد بۆ ئەوەی ماڵەکە بەجێبهێڵێت، لەوکاتەدا بینیمان کە چەتەکان هاتنە ناوەوە و خەڵکێکی زۆریان دەستگیرکردبوو، من خۆمم لێشاردنەوە و گەڕامەوە ماڵەوە، بینیم کە چەتەکان بۆمبیان هاویشتە ماڵەکەمەوە و تەقییەوە، هاوژینەکەم برینداربوو، چەتەکانیش تەقەیان دەکرد، هاوژینەکەم بەڕۆژوو بوو، نوێژی دەکرد، چەتەکان وتیان ئێوە کافرن، بێدەنگ بن ئەگینا تۆش دەکوژین.

 

دەستگیریان کردم و بەزۆر لە ماڵ دەریانکردم، چەتەکان نزیکەی ٤٠ کەسیان کۆکردەوە و ئامادەکارییان دەکرد بۆ کوشتنیان. جارێکی تر خۆمم لێدزینەوە و گەڕامەوە ماڵەوە و بانگی هاوژینەکەمم کرد، بەڵام بێسود بوو چونکە مردبوو، پاشان بەدوای کچەکەمدا گەڕام، چەند بانگمکرد هیچ وەڵامێک نەبوو، بۆیە وتم کە چەتەکان بە دڵنیاییەوە دەستگیریان کردووە، دانیشتم و گریام، چەتەکان هەستیان پێ کردم، گرتیانم و بردنیانمە دەرەوە، بۆمبیان لەدەستدابوو و هەڕەشەیان لێمان دەکرد، پاشان هەموومانیان کردە ژوورێکەوە و وتیان دێینەوە هەمووتان سەردەبڕین، شمشێر و چەکیان لەدەستدابوو، دەستەکانیان تا ئانیشک خوێناوی بوو، هەندێکیان جلی خۆیان لەبەردابوو، هەندێکیان جلی یەپەگەیان لەبەر بوو.

 

گەڕەکەکە هەموو دەورەدرابوو، بۆئەوەی کەس نەگاتە ئێمە، لە هەمانکاتدا، هەریەکەو لای خۆیەوە ژوورەکەمان کون کرد و ڕامانکرد، کچەکەم لە ترسا خۆی لە ماڵەوە شاردبووەوە، چەتەکان نەیانبینیبوو، ئەویش ژوورەکەی کون کرد و خۆی گەیاندە ئێمە، دوای ئەوەی هێرشەکە کۆتایی هات، بینیمان کە خانووەکەمان هەمووی وێران بووە، چەتەکان سێ بۆمبیان تێدا تەقاندبووەوە، دیوارەکانی ڕووخابوو، هاوژینەکەشم لەژێریدا بوو، ئەم ڕۆژە هەرگیز لەبیرناچێت، من، هاوژینەکەم و کچەکەم تەنیا لە ماڵەوە بووین، منداڵەکانی دیکەم لە ماڵەکانی خۆیاندابوون، بەڵام داعش ژیانی ئێمەی کردە دۆزەخ، دواتر ئاڵتوونەکانم فرۆشت و خانووەکەمان دروستکردەوە.

 

هاوژینەکەمیان برد و کەسوکارەکایان کۆمەڵکوژ کرد

هەدلە محەمەد، لە کۆمەڵکوژییەکەدا لەگەڵ هاوژینەکەیدا ٧ کەسیان لەدەستداوە، چیرۆکەکەی وەها دەگێڕێتەوە:

دوای شەڕی کۆبانێ کە گەڕاینەوە بینیمان هەموو ماڵەکە ڕووخاوە، بەڵام ئێمە وتمان با لە چادردا بژین، بەڵام با لەسەر خاکەکەمان بین، ماوەیەک لە چادرەکاندا ماینەوە هەتا خانووەکەمان ئاوەدان بکەینەوە و ئیتر ئاسودە بژین، هێشتا خانووەکەمان تەواو نەببوو کە کۆمەڵکوژییەکە ڕوویدا، هەموو هیواکانمان مرد، ئێمە لەو کاتەدا لە گوندی مزر داود بووین و براکەم لەگەڵمدا بوو، بەرەبەیان بە دەنگی گولە خەبەرمان بووەوە، پرسیارم لە براکەم کرد چ دەنگێک بوو، وتی هیچ نییە، لەوکاتەدا تەقینەوەیەکی گەورە ڕوویدا و لەگەڵ براکەم و هاوژینەکەم بووین وتیان کە چەتەکان ئامۆزایەکمانیان تیرۆر کردووە، هەردووکیان سواری ئۆتۆمبێلەکە بوون و بەرەو کۆبانێ بەڕێکەوتن، دوای ڕۆیشتنیان ئاگادار کراینەوە کە دوو ئامۆزا و کوڕی ئامۆزاکەم و کچی خاڵێکم لە چەند شوێنێکی جیاواز لەلایەن داعشەوە کوژراون.

 

ماوەیەک تێپەڕی، پێیان وتم شێرزادی برام هات، خۆمم ئامادەکرد بۆ ئەوەی پێیان بڵێم بۆچی وەڵامی تەلەفۆنەکەی ناداتەوە، کاتێک هاتمە دەرەوە بۆ بینینیان، خوشکەکەم هات بۆ لام و وتی مەچۆ دەرەوە، پیداگیریم کرد و هاتمە دەرەوە، بینیم تەرمی شێرزادی برام و حەمیدی هاوژینم و عەبدوڵای ئامۆزام هێنراون کە هەرسێکیان لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا لەلایەن داعشەوە کوژراون.

 

تەرمەکانیانمان لە گۆڕستانی گوندەکە بەخاک سپارد و هەتا ئێوارە تەرمی ٥ کەسی دیکەمان گەیشتنەوە گوندەکە و بەخاکمان سپاردن، ئێمە تا ئێستا بە ئازاری ئەوانەوە دەناڵێنین بۆیە هەرگیز ئەم ڕۆژە لەبیر ناکەین.

 

بەهۆی کۆمەڵکوژییەکەوە یادەوەری لەدەستدا

مونا عوسمان، ژنێکی دیکەیە و هاوژینەکەی لەبەرچاویدا کۆمەڵکوژکراوە و دوو ڕۆژ لەگەڵیدا ماوەتەوە، چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە:

ڕۆژێک پێش کۆمەڵکوژییەکە هەمووان چاوەڕێی مژدەی ئازادکردنی سرین بووین، کاتژمێر ٥ی بەیانی چونکە ئێمە بەڕۆژوو دەبووی ن هێشتا بەخەبەر بووین، لەبەر گەرمای هاوین جێگەمان لە دەرەوە بوو، هاوژینەکەی خواردنی خوارد و خەوت، بەڵام من ئێشتا خەبەر بووم، کاتێک دەنگی گولـلە لە نزیک ماڵەکەمان هات، هاوژینەکەم یەکسەر هەستا و گوتی سرین ڕزگارکرا. بۆیە بە دڵێکی گەشەوە دەرگای ماڵەکەی کردەوە و چووە کۆڵان، لە هەمانکاتدا دەنگی گولـلە نزیکتر و قورستر بوو، سەرم بەرزکردەوە دوو کەسم بینی جلی یەپەگەیان لەبەر بوو ماڵەکەمیان بەجێدەهێشت، هێندەی نەبرد هاوژینەکەم بانگی کردم وتی مونا فریام بکەوە، چووم و بینیم فیشەکیان پێوەناوە و لەناو خوێندا ماوەتەوە.