تووڕەیی کۆمەڵکوژیی کۆبانێ بنەمای بەرخۆدان و هێزی تێکشکاندنی داعش بوو...١

دوای پڕۆسەی بەرخۆدانی ١٣٤ ڕۆژەی کۆبانێ لە دژی چەتەکانی داعش کە هەموو جیهانی سەرسام کرد، چەتەکان لە ٢٥ی حوزەیراندا بە هاوکاری دەوڵەتی داگیرکەری تورک کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا کە دەتوانرێت بە لەناوبردنی ناسنامە ناوببرێت.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- کۆبانی بە ناوی خۆیەوە بووە قەڵایەکی خۆڕاگری و سەرکەوتن لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە بۆ یەکەمجار بوو هەنگاوی کۆنکرێتی لە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد و کوردستان هەڵگیرا، گەلی کۆبانێ لەو دۆخەدا ئایدۆلۆژیای تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستانی ناسی و بوو بە جێگای بەرخۆدان و سەرکەوتن، بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش بووە جێی هیوا و باوەڕی، ئەم هەنگاوەی گەلی کۆبانێ لەو ڕێکخستنەوە بوو کە ساڵی ١٩٧٩ەوە تا ٢٠١١ لەناو خۆیدا کۆیکردبووەوە و هەنگاوی شۆڕشی ١٩ی تەمموزی پێ هاوێژرا، ئەم شۆڕشە بە پێشەنگایەتی ژنان کە خۆی بە فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای ئازادی ڕاهێنابوو، ئەمڕۆ بە درێژایی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵاوبووەتەوە و بووەتە مایەی هیوا و خۆڕاگری بۆ کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی.

 

ئەو شۆڕشەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد و لە کۆبانێ بوو، چەندین هێزی دەسەڵاتداری بە مەترسی بۆ سەر خۆیانیان بینی، هاوکات پڕۆژەی چەتەکانی داعش لە سەرهەڵداندایە کە لە زۆربەی وڵاتان بە تایبەتی لە سوریا و عێراق هێرشی دڕندانە ئەنجامدەدات، دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە دوژمنایەتییەکی مێژوویی لەگەڵ گەلی کورددا هەیە و بوونی خۆی لەسەر بنەمای لەناوچوونی گەلی کورد دامەزراندووە، لە ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٤دا چەتەکانی داعش بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت و هێرش دەکاتە سەر کۆبانێ. ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لەوکاتەدا داوای خاوەنداریکردن لە کۆبانێ و ڕیگری لە کۆمەڵکوژییەکان کرد، پاشان بە هەزاران کچ و کوڕی کورد ڕوویان لە کۆبانێ کرد و لەگەڵ شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە دژی داعش شەڕیان کرد، دوای ١٣٤ ڕۆژ بەرخۆدانی، کۆبانێ لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٠١٥دا لە دەستی چەتەکان ڕزگارکرا.

 

خۆشی سەرکەوتنەکە لە نیوەدا مایەوە

دوای مژدەی لەناوچوونی داعش لە کۆبانێ، خەڵکەکەی کە کۆچیان کردبوو بۆ باکووری کوردستان، بە خێرایی گەڕانەوە ماڵ و حاڵی خۆیان و لەناو پاشماوەکانی شەڕدا دەستیان کردەوە بە ژیان و دەستیان بە ئاوەدان کردنەوە کرد، لە نێوان هەستی خۆشی و مەترسی گەلدا، چەتەکانی داعش بە هاوکاری دەوڵەتی تورک لە ٢٥ی حوزەیراندا هێرشیان کردە سەر ناوەند و گوندەکانی کۆبانێ و بە سەدان کەسیان لەڕێگەی چەک و شمشێرەوە سەربڕی، لەم کۆمەڵکوژییەدا کە وەک ڕۆژێکی ڕەش چووە ناو مێژووی خەڵکی کۆبانێوە ٢٣٣ کەس گیانیان لەدەستدا.

 

لە حەوتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیەکەدا، سارا خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی ژن لە پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە، کە خۆی لە شەڕی کۆبانێدا بووە و هاوژینەکەی لەلایەن چەتەکانەوە کوژرا، چیرۆکی ئەو ڕۆژانە دەگێڕێتەوە.

 

"ئێمە زۆر سەختی و ئازارمان بینیوە و بەرگرییەکی بێوێنەمان بەرامبەر بە چەتەکانی داعش نیشاندا، بە تایبەتی شەڕڤانانی ژن لە دژی چەتەکانی داعش تێکۆشانێکی گەورەیان ئەنجامدا، سەرەڕای ئەو هێرشە قورسانەی کە لە کۆبانێ کرا، لەکۆتایدا تەنها گەڕەکێکی گەورەمان لەبەردەستدا بوو کە هەموو تێیدا بمێنینەوە، سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانێ لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا ڕاگەیەندرا، شکستی دەوڵەتی تورک و داعش لەم ڕۆژەدا بوو، پێش ئەو ڕۆژە ئەردۆغان هەمیشە دەیوت کۆبانێ کەوتووە و دەڕووخێت، بۆیە چەتەکانی داعش دوای ڕزگارکردنی کۆبانێ کۆمەڵکوژییەکی گەورەیان ئەنجامدا، ئەمە کۆمەڵکوژییەکی وەها بوو کە لە ئاستی دڕندەیی تێپەڕی و چەتەکان منداڵ و گەنج و ژن و پیر و تەنانەت ژنی دووگیان بە گولە و شمشێر دەیانکوشتن".

 

لە کۆتایدا سارا خەلیل ئامانجی کۆمەڵکوژییەکەی شیکردەوە و وتی: "کۆبانێ چەندین جیاوازی و تایبەتمەندی لەگەڵ شارەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، ڕێبەر ئاپۆ بۆ یەکەمجار لە کۆبانێوە بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان پەڕیەوە، لە شۆڕشی ١٩ی تەمموزدا کۆبانێ بوو بە ناوەندی شۆڕش و لەناوچوونی چەتەکانی داعش لە کۆبانێوە دەستیپێکرد، لە کاتی هێرشەکاندا بانگەوازی رێبەر ئاپۆ هەبوو، هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵیدا ئەنجامدرا، دەوڵەتی تورکیا بینییان کە پیلانەکانیان بە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ شکستی هێناوە، بۆیە لە تۆڵەی شکستەکانیاندا کۆمەڵکوژی ٢٥ی حوزەیرانیان ئەنجامدا".