فۆزا یوسف: ستراتیژی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ بە ڕۆحیەتی قۆناغەکەوە گرێدراوە

فۆزا یوسف، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری پەیەدە ئاماژەی بەوەدا پارتی یەکێتی دیموکراتیک لە هەموو قۆناغێکدا خۆی نوێ دەکاتەوە و وتی: بەستنی کۆنگرە لەم قۆناغە هەستیارەدا گرنگە بۆ خەڵکی هەرێم و حزبەکە تا بتوانێت پارێزگاری لە بوونی گەل بکات.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- دوێنێ لە حەسەکە کۆنگرەی نۆیەمی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە بە دروشمی "بە ڕۆحی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی، داگیرکەری تێکدەشکێنین و سوریایەکی دیموکراتیک بنیاد دەنێن" دەستیپێکرد، بەپێی کۆمیتەی ئامادەکار ٧٠٠ ئەندام لە نوسینگە و نوێنەرانی پارتەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و کوردستان و ئەوروپا بەشداری کۆنگرەکە بوون.

 

فۆزا یوسف، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری پەیەدە ئاماژەی بەوەدا ساڵانی داهاتوو بۆ گەل چارەنووسسازە، بۆ پاراستنی بوونی گەلانی ناوچەکە لەم قۆناغە هەستیارەدا کۆنگرەی نۆیەمی پارتەکە دەبەسترێت و وتی: ساڵانی بەردەممان چارەنوسسازە بۆ گەلی ناوچەکە، چونکە هەموو ئەو ڕێککەوتنانەی لە سەدەی ڕابردوودا ئەنجامدراون لەم ساڵانەدا پێویستیان بە نوێکردنەوە هەیە، بۆیە وەک گەلی کورد و هەموو گەلانی ناوچەکە پێویستە بە ئامادەکاری و پلاندانان و ستراتیژێکی بەهێزەوە بە قۆناغەکەدا تێبپەڕین، بۆ ئەو مەبەستەش کۆنگرەی پەیەدە لە ڕووی پاراستن و کۆمەڵایەتی و خۆبەڕێوەبەرییەوە بۆ کێشەکانی کۆمەڵگا بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بە هەموو شێوەیەک دەگاتە بڕیاری زۆر گرنگ، لە ساڵانی داهاتوودا پێشوازی لە خەبات و تێکۆشان و بەرخودانی گەورە دەکەین.

 

"پەیەدە کاریگەری لەسەر جیهان دەکات"

فۆزا یوسف وتیشی: گەلی کورد هێزێکی گەورەی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دامەزراندووە و بووەتە هێزێک کە بتوانێت بەشداری بکات و کاریگەری لەسەر نەخشەی سیاسی هەبێت، ڕۆڵی لایەنە سیاسییەکان زۆر گرنگە بۆ پێشکەوتن و سەرکردایەتی ئەم قۆناغە، تا ئێستا پەیەدە ڕۆڵێکی گرنگ و مەزنی گێڕاوە، لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا پەیەدە بەرپرسیارێتی چارەسەرکردنی پرسی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ئەستۆ گرتووە و بە ئەرکە نیشتمانییەکانی بەرامبەر هەر سێ لایەنی کوردستان هەڵدەستێت، هەروەها لە ئاستی جیهانی و هەرێمیشدا بە پارادیگمای نەتەوەی دیموکراتیک، ژینگە و ئازادی ژن کاریگەری لەسەر هەموو جیهان بەجێدەهێڵێت.

 

"بە ڕۆحی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی شکست بە داگیرکاریی دەهێنین و سوریایەکی دیموکراتیک بونیاد دەنێین"

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی جێبەجێکاری پەیەدە تیشکی خستەسەر ستراتیژییەتی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی کە پەیوەستە بە ڕۆحی قۆناغەکەوە و لە کۆتایدا وتی: پێویستە هەموو تاکێکی کۆمەڵگە بەرپرسیار بێت لە بەرگری بەرامبەر هێرشە دڕندانەکانی سەر خەڵکی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، بەرپرسیارێتی پاراستنی خاک و شەرەف و شۆڕش و بەهاکانی خۆتان بگرنە ئەستۆ، چونکە پاراستن تەنیا ناکەوێتە سەر شانی هێزە سەربازییەکان، هەموو تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە، بۆیە هەموو تاکێک پێویستە خۆی پەروەردە بکات و خۆی بەرپرسیار ببینێت، ئەگەر گەشتینە ئەو ئاستە دوژمنمان ناوێرێت بە خێرایی هێرش بکاتە سەرمان، بۆیە دەڵێین بە ڕۆحی شۆڕشگێڕان داگیرکاری تێکدەشکێنین و سوریایەکی دیموکراتیک بنیاد دەنێین.