فلیز بوداک: فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک ڕۆژانە بە ئاسمانی کامپەکەدا دەگەڕێن

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخمور فلیز بوداک ڕایگەیاند، کە پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی لە کامپی پەنابەرانی مەخمور جێبەجێ بکات.

ڕۆژەڤین ڕووبا

 

مەخمور- لە ساڵی ٢٠١٩دا ئابڵوقەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر کامپی پەنابەرانی مەخمور دەستیپێکرد، بە هەزاران کەس بێکاربوون و چەندین کەس بەهۆی نەخۆشی گیانیان لەدەستدا و ژنانی دووگیان بەهۆی بەردەستنەبوونی پێداویستییەکانەوە منداڵەکانیان لەدەستدا، گرێدراو بەو دۆخەوە دەوڵەتی تورکیا چەند جارێک هێرشی کردە سەر کامپی پەنابەرانی مەخمور و دانیشتووانەکەی ژیانیان لەدەستدا و بەردەوامیش فرۆکەی بێفرۆکەوان بەسەر کامپەکەدا دەسووڕێتەوە.

 

ئەو کەسانەی لە باکووری کوردستان بەهۆی کۆمەڵکوژی و زوڵم و زۆرداری دەوڵەتی تورکەوە ئاوارەبوون، دوای گۆڕینی چەندین کامپی دیکە، لە ساڵی ١٩٩٨ەوە لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور نیشتەجێن، ئەگەرچی دانیشتووانی کامپەکە مێژوویەکی دوور و درێژ و سەختیان لەگەڵ ئاوارەبووندا هەیە، بەڵام ئێستاش لەناو دژواریدا دەژین و لەدوای ئابڵوقەی ساڵی ٢٠١٩ەوە بەهۆی نەبوونی پێداویستی و بەتایبەت تەندروستییەوە ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە.

 

فلیز بوداک، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخمور لەبارەی دۆخی کامپەکەوە وتی: نەخۆشخانە و دەرمانەکانی کامپەکە سنوردارە و تەنیا یەک شوێنی تەندروستی هەیە، کە لە بەیانییەوە بۆ نیوەڕۆ کراوەتەوە و تەنیا هەندێک دەرمانی تێدایە، ئەمەش زەحمەتی گەورە بۆ ژن و منداڵ دروستدەکات، لەگەڵ گۆڕانی وەرزی هاوین و زستاندا ئەو نەخۆشی و پەتایانەی بڵاودەبنەوە وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕووبەڕووی کامپەکەش دەبێتەوە، بەڵام بەهۆی ئابڵوقە و گەمارۆ خستنەسەر کامپەکە هەموو هاوکارییەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە بڕاوە، لەو چوارچێوەیەدا دەکرێت بوترێت کە هەردوو پرۆسەی کۆرۆنا و پرۆسەی ئابڵوقەی سەر کامپەکە زیانی ماددی و مەعنەوی بە کۆمەڵگە گەیاندووە.

 

فلیز بوداک ئاماژەی بەوەشدا لەلایەکەوە ماوەی ٢٨ ساڵە بەرخۆدان و تێکۆشانێکی بێوێنە دژی دەسەڵاتی داگیرکاری و ئەو مەرجانەی کە دوژمن دەیەوێت بیسەپێنێت بەسەر کۆمەڵگەدا بەڕێوەدەچێت، لەلای کۆمەڵایەتیشەوە کامپەکە کۆمەڵگەیەکی مەدەنییە و پێویستی بە پێداویستی ڕۆژانەیە، کاتێک ئەم پێویستییە جێبەجێ ناکرێت ڕۆژانە گرفت لە بەردەم کامپەکەدا دروستدەبێت.

 

"هێرشەکان زۆرترین کاریگەریان لەسەر منداڵان هەیە"

ئەو هاوسەرۆکە ئاماژەی بە دۆخی منداڵانی کامپەکەدا کە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانەوە کاریگەرییان لەسەرە، "ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کە لە کامپەکەدا ئەنجامدراون، لە بەردەم پارکی یاری و وەرزشی منداڵاندا بووە، چەندین خێزان هەن زیانیان بەرکەوتووە، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئەو هێرشانەی کە لە هەموو لایەکەوە دەکرێت ئێستا لە بەرزترین ئاستدایە و کۆمەڵگاش بەرهەڵستی ئەوە دەکات، بەڵام ئەرک و بەرپرسیارێتی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراقە دەبێت ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان لە ڕووی پێداویستی ڕۆژانە و هەم لە ڕووی پاراستنەوە جێبەجێ بکەن".

 

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخمور، فلیز بوداک، تیشکی خستە سەر هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک و زیانەکانی بە کامپی پەنابەرانی مەخمور گەشتووە و وتی: لە کاتی گەمارۆکانەوە، کامپی مەخمور ٨ جار بۆردومان کراوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێ ناکەن، بێگومان پێش ساڵی ٢٠١٩ و بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٧ەوە هێرشی ئاسمانی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆ سەر کامپەکە ئەنجامدراوە، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی گەمارۆکەدا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کامپی پەنابەرانی مەخمور زیادیکردووە و لە زەویشەوە چەتەکانی داعش هێرش دەکەن، بەردوام فرۆکەی بێفرۆکەوانیش بەسەر ئاسمانی کامپەکەدا دەسوڕێتەوە.