هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی بۆ پاراستنی مافی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێکدێت
ئیلهام مەتلی، سەرۆکی ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی سوریانی ئاماژەی بەوەدا هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی بۆ پاراستنی مافی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێدێت، دەشڵێت: هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر یەکپارچەیی گەلان دەکاتە ئامانج.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بنیاد دەنرێت و بەو مەبەستەش گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەدا بەڕێوەدەبرێت لەسەر شێواز و سیستمی حوکمڕانی هەرێم و کار و پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، لە هاوپەیمانی کۆمەڵایەتیدا بە یەکسانی مافی تاک، نەتەوە و پێکهاتەکان دیاری دەکرێت و دەپارێزرێت.
ئیلهام مەتلی، سەرۆکی ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی سوریانی بۆ نوژنها دوا و باسی لە یەکگرتنی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد کە لەژێر چەتری بەڕێوەبەری خۆسەر خۆیان بەڕێکخستن کردووە، "دوای ١٠ ساڵ لەسەر داوای هاوڵاتیان، بەڕێوەبەری خۆسەر دەستی بە نووسینی ڕەشنووسی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی کردووە، کە بۆ داهاتووی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە داهاتوودا دەبێتە هەنگاوێکی مێژووی، چونکە تێیدا مافی هەر نەتەوە و پێکهاتەیەک دەنووسرێتەوە و بە پارێزراوی دەمێنێتەوە، لە بەرامبەردا هێرش و گوشارەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە بەهۆی بنیادنانی ئەو هاوپەیمانییەیە تا بیکاتە ئامانج و لەناوی ببات".
"بوونی ژنان لە هاوپەیمانییەکەدا داهاتوویەکی ئازاد و یەکسان دیاری دەکات"
ئیلهام مەتلی تیشکی خستەسەر ڕۆڵی ژنانی سوریانی لە دەستپێکی نووسینەوەی ڕەشنووسی هاوپەیمانییەتیەکە و وتی: "لە سەرەتای دامەزراندنی لیژنەی ڕەشنووسی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتییەوە ژنانی سوریانی جێگەی خۆیان گرتووە و ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان گێڕاوە لە پاراستنی مافەکانی ژنان لە هەموو هەرێمەکاندا، ئەگەر لە بوارێکدا ژنان بوونیان نەبێت، ئەو بوارە لاواز دەبێت، بۆیە بوونی ژنان لە ڕەشنووسی هاوپەیمانییەکەدا گرنگ و مانادارە، چونکە دەبێتە ڕێگای بنیادنانی سوریایەکی هەمەڕەنگ، بەم شێوەیە تێڕوانینی ژنان لە هاوپەیمانییەکەدا بۆ داهاتوویەکی ئازاد و یەکسان لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی ئازاد ڕۆڵی گرنگی دەبێت".