تا ئێستا حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بێدەنگن لە ئاست داگیرکاری

بەرژەوەندی حزبی و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەرگای بۆ داگیرکاری کردووەتەوە و دەوڵەتی تورکیا سنورەکان دەبەزێنن، لە بەرامبەردا تەنها گەل و ڕۆڵەکانیەتی بەرخۆدان دەکات و خاک دەپارێزێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە ١٧ی نیسان دەوڵەتی تورکیا دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر باشوری کوردستان و ناوچەکانی شیلادزێ، ئامێدی، دێرەلوک و چیای کوڕەژارۆی کردە ئامانج، تا ئێستاش ئەو هێرشانە بەردەوامە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئەو ئامانجەی داینابوو، نەیتوانی بە هیچیان بگات، بەهۆی هێرشەکانەوە چەندین گوند وێران بوون و ڕۆڵەی ئەو خاکە شەهید بوون، بەڵام تائێستا حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵوێستیان نەبووە و بێدەنگیان هەڵبژاردەوە.

 

سیاسەتی حزبەکان لە ژێر سایەی بەرژەوندیدا بووەتە هۆکار بۆ هاوکاریکردنی دەوڵەتانی داگیرکەر و ڕۆژانە ڕێگە خۆشدەکەن بۆ هاتنە ناوەوەی داگیرکاران بۆ خاکی باشوری کوردستان، گەشە دارا وەک ئەندام پەرلەمانی خولی پێشوو و چالاکوانێک باسی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و هۆکاری بێدەنگی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و وتی: "عێراق لەژێر هەژموونی هاوڵاتی خۆیدا نییە، بەڵکو لە ژێر هەژموونی دەوڵەتانی دیکەدایە".

 

گەشە دارا، ئاماژەی بەوەدا هەموو وڵاتێک خاوەنی سەروەری خۆیەتی، کاتێک ئەو سەروەرییە پێشێلدەکرێت پێویستە بێتە دەنگ، "لە ئێستادا عێراق وەک دەوڵەت بەرپرسە بەرامبەر پاراستنی ئەو سەروەرییە، بەڵام سەرۆک کۆمار کە پارێزەری دەستوورە و نوێنەرایەتی سەروەری عێراق دەکات، لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی سەروەری عێراق هیچ دەنگێکی نییە، بەهەمان شێوە حکومەت و پەرلەمانیش".

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی کە ئەم بێدەنگییە دەیسەلمێنێت عێراق لە ژێر هەژموونی هاوڵاتی خۆیدا نییە، بەڵکو لەژێر هەژموونی دەوڵەتانی دیکەدایە، هۆکاری سەرەکیش بوونی ئەو گەندەڵیانەیە کەلە عێراقدا هەن کردوونی بە چاو بەرەوژێری دەوڵەتانی دیکە.

 

"بەرژەوەندی تاکە کەسی لەناو حیزبەکاندا حکومەتی هەرێمی لاواز کردووە"

گەشە دارا ڕوونیکردەوە، جگە لە حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمیش لاوازی خۆی لەبەرامبەر ئەو دەوڵەتانەدا نیشانداوە، هۆکاری سەرەکیش دەگەڕێنێتەوە بۆ بوونی بەرژەوەندی بنەماڵە، تاکە کەسی و حزبەکان، "بە بڕوای من حزب نییە لە هەرێمی کوردستان، ئەوەی هەیە کۆمەڵە کەسێکن و لەبەرژەوەندی خۆیان مامەڵە و سیاسەت لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە ئەنجامدەدەن، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش سیاسەت بەڕێوەدەبەن".

 

وتیشی: دەبوایە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی سیاسەتیان دژی داگیرکاران و دەوڵەتانی دیکە ئەنجامبدایە، نەک ڕۆژانە ڕۆڵەی کورد لەناو بچێت و توندوتیژی بکرێتە سەر خاک و وڵاتمان.

 

"دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بوونەتە هۆکار بۆ لاوازبوونی پەرلەمانی کوردستان"

دەربارەی کاری پەرلەمان و ئەو دۆخەی پەرلەمانی تێدایە کە ماوەی دوو مانگە دانیشتنێکی نەکردووە سەرەڕای بوونی چەندین کێشەی وەک داگیرکاری، کوشتنی ژنان و نەبوونی موچە و کێشەی هاوڵاتیان، ئەو چالاکوانە وتی: پەرلەمان لاواز کراوە، ئەو کەسانەی لاوازیشیان کردووە کەسانی بەڕێوبەر و سەرۆکایەتی پەرلەمانن، هەرچەندە ئێمە خۆشمان پەرلەمانتار بووین، بەردەوام ڕەخنە هەبووە بەڵام لە ئێستا باشتر بووە، پەرلەمان زیاتر چاودێر بووە بەسەر حکومەت و دەسەڵات، ڕای گشتی دروست کردووە کە لە ئێستادا پەرلەمان ڕای گشتی دروست ناکات و کەتووەتە ژێر کاریگەری بەرژەوەندی کەسەکان لەناو حزبەکاندا.

 

وەک چارەسەر ئاماژەی بەوەدا، چونکە حزب نییە لە کوردستان، دەبێت کۆمەڵگا خۆی هەستێت و دەنگی خۆی بەرزبکاتەوە و هۆشیار بێت بەرامبەر بە کەموکورتییەکان و پێشێلکارییەکان، پێویستە هاماهەنگی تەواو هەبێت لە نێوان ئەو بیروڕا جیاوازانەی کە بێزارن لەم دەسەڵات و سیستمە، بۆ ئەوەی فشار دروستببێت بۆ دروستبوونی گۆڕانکاری.